ئەنجامدانی كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی لە شاری سلێمانی بە بەشداریی دەیان كەسایەتیی دیاری كوردستانی، عیراقی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بەچاودێریی و هیممەتی قوباد تاڵەبانی و بەسەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، تەنها رووداوێكی گرنگی ئابووری و بازرگانی نەبوو، كە لە ئایندەدا شاری سلێمانی وەك ناوەندێكی گرنگ و بەهێزی ئابووری و بازرگانی لە كوردستان و عیراق و ناوچەكە خۆی پیشان بدات، هەروەك كۆڕبەندەكە تەنها دەرفەتێكی گونجاو نەبوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان و بووژانەوەی كەرتی ئابووری لە هەرێم و هەڵسەنگاندن و راڤەكردنی دۆخی ئابووری لەلایەن پسپۆڕانی ئەو بوارە لە ناوچەكە، بەڵكو بۆ شاری سلێمانی مانایەكی دیكە دەبەخشێت، بەتایبەتی سەردانی (ئەحمەد داود ئۆغڵو) بیرمەند و سیاسەتمەداری دیاری توركیا كە تیۆرە سیاسی و جیۆپۆلەتیكییەكانی لە زۆر بواردا پێشتر لە ستراتیژی توركیادا، رەنگیدەدایەوە.
دەركەوتنی ئۆغڵو لە چەند شوێنێكی شاری سلێمانی و سەردانكردنی مەزاری سەرۆك مام جەلال و لێدوانەكانی لەسەر سەردانەكەی بۆ دەڤەرەكە و بەتایبەتی كە دەڵێت «سەردانم بۆ شاری سلێمانی شەرەفێكی گەورەیە»، هەموو ئەو گومان و تۆمەتانە دەڕەوێنێتەوە كە پێشتر لەسەر ئارامی و سەقامگیریی سلێمانی دروستكرابوون و لێڵییە دروستكراوەكان رۆشن دەكاتەوە، هەروەك دەكرێت سەردانەكەی ببێتە فاكتەری هێنانەكایەی سەرەتایەكی نوێ بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و سلێمانی و گۆڕینی وێنە و دیدگا نەرێنییەكان لە بەرامبەر یەكتر كە لە بەرژەوەندیی توركیا و هەرێمی كوردستاندایە و خزمەت بە بووژاندنەوەی كەرتی ئابووری و بازرگانی و گەشتوگوزاری و كەرتەكانی دیكە دەكات و سەرلەنوێ پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەكی هاوسەنگ، پتەوتر دەكات.