پێوەری زیرەکی کارەبا

09:46 - 2022-06-26
عەتا تەها
479 خوێندراوەتەوە

هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە  بەڵێنەکانی حکومەت، یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانی خەڵک ئەوەیە کاتێک کە بەرپرسان، دەست بۆچارەسەری کێشەیەک دەبەن، ئەوا نەک هەرچارەسەری کێشەکە ناکەن بگرە خودی چارەسەرەکە بۆخۆی دەیان گرفت و کێشەی زیاتر و قووڵتر بۆ هاووڵاتیان دەخولقێنێت، بەجۆرێک ئاستەنگ و قەیران دروست دەکات کە خەڵک خۆزگە بە دوێنێ بخوازێت واتا پێش دەستکاریکردن و چارەسەرکردن، بێگومان هەموو ئەوانەی کە باسمان لێوەکرد ئەزموونکراوە یاخود بەشێوەی پراکتیکیی تاقیکراوەتەوە خۆ ئەگەر نا قسەیەک نییە لەخۆڕاو لەخۆوە بکرێت،ا چەندین نموونەی زیندوو هەیە کە رەنگدانەوەی نەرێنیی هەبووە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک.
کارەبا لە سادەترین پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیە، 30 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر حکومڕانیی خۆماندا، کەچی حکومەت نەیتوانیوە وەک پێویست دابینی بکات. دەیان و بگرە سەدان جار باس لە باشکردنی کەرتی کارەبا و کراوە، بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ دۆخی کارەباش هەروەک خۆیەتی و هەندێک جار خراپترە.
دوایین بەڵێنی حکومەت یاخود دوا چارەسەر کە بڕیاریان لەسەردا،  بەستنی پێوەری زیرەک بوو بۆ هاوبەشانی کارەبا کە بەشێوەی زۆرە ملێ جێبەجێکرا، بە وتەی خۆیان ئامانج لە بەستنی پێوەری زیرەک ئەوەیە کە وزەی کارەبا بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت و لە جێبەجێکردنی ئەوپلانەدا بڕێکی زۆر لە وزەی کارەبا بگەڕێتەوە و پێدانی بە هەمیشەیی بکرێت، یاخود نزیک بێتەوە لە هەمیشەیی، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای گرانیی نرخی کارەبا و دواکەوتنی فیوزی پێوەری زیرەک، هەندێکجار بەشداربووان چەندین سەعات بەگەرما و سەرما بەڕێ دەکەن، بەڵام هێشتا لەماوەی 24 سەعاتدا رەنگە نزیکەی نیوەی ئەو ماوەیە کارەبا بەباشی  نەدرێت.
هاووڵاتیان لە زستان و هاویندا پێویستیی زیاتریان بە کارەبا هەیە، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەگەر کارەبا لەو دوو وەرزەدا وەک پێویست نەبێت و نەبێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی هاوبەشان و هاووڵاتیان ئەی کەی هاووڵاتیان دەتوانن سوود لە کارەبا وەربگرن و ژیانێکی خۆشیان هەبێت؟ ئاخۆ دۆخی کارەبا کەی چاک دەبێت؟ یاخود حکومەت دوای چەند ساڵ لە حکومڕانیی بەنیازی چاککردنی کەرتی کارەبایە؟

کارەبا لە سادەترین پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیە، 30 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر حکومڕانیی خۆماندا، کەچی حکومەت نەیتوانیوە وەک پێویست دابینی بکات

وتارەکانی نوسەر