هەماهەنگی نێوان خێزان و قوتابخانە

11:13 - 2025-07-13
خەڵات فەرەیدون
145 خوێندراوەتەوە

یەکخستنی بەهاکانی قوتابخانە و خێزان لە رێگەی پەیوەندیی ئەرێنی نێوانیانەوە، پاڵپشتێکی  بەهێز بۆ سەرکەوتنی خوێندکار دروست دەکات و رۆڵێکی گرنگی  لە پرۆسەی پەروەردەدا هەیە، ئەم پەیوەندییە نەک هەر کاریگەری لەسەر ئاستی ئەدای خوێندنی خوێندکاران هەیە، بەڵکو وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی ئامانجە پەروەردەییەکان یەکدەخات.
خێزان و قوتابخانە، کاتێک پێکەوە هاوئاهەنگن، پاڵنەرەکانی خوێندکار بۆ فێربوون و بەشداریکردنی گشتی لە قوتابخانەدا زیاتر دەبێت، لەبەرئەوە زۆر گرنگە هاوبەشییەکی بونیادنەر لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا هەبێت، کە تێیدا هەردوولایان، لە رۆڵی خۆیان تێبگەن و پێکەوە بۆ پێشخستن و سەرکەوتنی خوێندکاران کاربکەن.  
تا رادەیەک دایکان و باوکانی ئەم سەردەمە، شانبەشانی مامۆستایان بەشدارن لە فێرکردنی منداڵەکانیان و پێکەوە تەواوکەری پەروەردەن، بۆ بەهێزکردنی منداڵەکانیان، ئەمەش ئاستی دەستکەوتی خوێندکار بەرز دەکاتەوە.
پاراستنی ئەو پەیوەندییە  لە پرۆسەی خوێندندا، یارمەتیدەرە بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە و گرفتە پەروەردەییەکان، لە هەرێمی کوردستانیش لە دوای هاتنە کایەی پڕۆژەی بونیادنانی تواناکان، خێزان رۆڵێکی بەرچاوی پێدرا لە پرسە پەروەردەییەکانی قوتابخانە، دایکان و باوکان هاوکاریی ماددی و مەعنەوی، پێشکەش بە قوتابخانەکان دەکەن و رۆڵی کارایان هەیە لە ئەنجوومەنی دایباب  و چارەسەرکردنی کەموکوڕی و کێشەوگرفتە دارایی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو قوتابخانە، هەرچەندە ئەم دیاردەیە، ناڕەزایی بەشێک لە خێزانەکانی لێکەوتۆتەوە، بەڵام توانی رۆڵێکی چارەنوسساز لە پڕۆسەی پەروەردەدا بگێڕێت، ئەو خێزانانەی ئاستی داراییان باشە، هاوکاریی بەرچاوی قوتابخانەکانیان کردووە، زۆر لە کەموکورتییەکانیان پڕکردۆتەوە. 
هاوکات لەم ساڵانەی دواییدا، تەکنۆلۆژیا رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان قوتابخانە و خێزانەکان، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی ئەپی مۆبایلەوە بۆ مەبەستی ئەندامێتی لە گروپ و پەیجەکانی قوتابخانە لەگەڵ دایک و باوک و خوێندکارەکانیان، ئێستا زۆرینەی قوتابخانەکان، گروپ چاتیان لەگەڵ دایک و باوکی قوتابییەکانیان دروست کردووە. 
وەزارەتی پەروەردە لە چوارچێوەی سیستمی ئەلیکترۆنی (ئی-پەروەردەوە) ساڵی (2022-2023) ئەپڵیکەیشنی(ئی-خێزان)ی راگەیاند، بە ئامانجی ئەوەی لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە، پەروەردەی خێزانیی هاوئاهەنگ بکەن، لەگەڵ پەروەردەی قوتابخانەکان، ماڵپەڕی (ئی-خێزان) چەندان بابەت و بەشی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لە جۆری بەرپرسیاریەتیی دایکان و باوکان لە پرۆسەی پەروەردەدا، سترێس لە کاتی تاقیکردنەوە، چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەرزەکار، بیرکۆڵی، گرنگی خواردنی بەیانیان، بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و دەیان بابەتی دیکە. هەروەها بۆ ئەمساڵی خوێندن پلاتفۆڕمی( ئی- هەڵسەنگاندن)ی بەردەست کرد، کە راستەوخۆ خێزانەکان دەتوانن ئاست و نمرەی خوێندکارەکانیان بزانن، ئەمەش رەهەندێکی نوێ پێشکەش دەکات بۆ بەشدارییکردنی دایک و باوک لە قوتابخانەکاندا.   
زۆرجار بەشێک لە خێزانەکان لەبەر کەمی کات بەشداری لەگەڵ قوتابخانەکان ناکەن، یان کۆمەڵێک تێڕوانینی نەرێنییان هەیە سەبارەت بە قوتابخانە و مامۆستایان، لەبەرئەوە واباشترە کارگێڕیی قوتابخانەکان  دەستپێشخەر بن بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان خۆیان و خێزانەکاندا لە رێگەی بەشداری پێکردنیان لە ئەنجوومەنی قوتابخانەکان و تێکەڵکردنی خێزانەکان لە پڕۆسەی بڕیاردان و کاری خۆبەخشی و بانگهێشتکردنیان بۆ بۆنەو ئاهەنگەکانی قوتابخانە، 
دەکرێت لە رێگەی سیمینار و وۆرک شۆپەوە، جەخت لەسەر بەهای بەشدارییکردنی دایک و باوک لە سیستەمی پەروەردەدا بکەنەوە و بۆیان دووپات بکەنەوە، کە بەرپرسیارێتی پەروەردەکردنی منداڵ، تەنها لە ئەستۆی قوتابخانەدا نییە، بەڵکو کاریگەریی خێزان لەسەر خوێندکار زۆر زیاترە لە کاریگەریی قوتابخانە.       
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بدەین، دایک و باوک کاریزمای سەرەکی فێربوون و گەشەکردنی کارەکتەری منداڵەکانیانن، ئەم رۆڵە زۆر گرنگە و جێگرەوەی نییە، پێویستە ئاگاداری سیاسەتەکانی قوتابخانە و گۆڕانکارییەکانی پرۆگرام و رێکەوتی تاقیکردنەوەکان بن، پەیوەندیی بەردەوامیان هەبێت لەگەڵ مامۆستایان و ستافی کارگێڕیی قوتابخانە، چونکە مامۆستایان بەتایبەتی هێڵی یەکەمی پەیوەندین لە نێوان دایباب و قوتابخانەکان،  بۆ  چارەسەرکردنی نیگەرانییەکان و دروستکردنی هاوبەشییەکی بەهێز، تا لەو رێگەیەوە خولیای راستەقینە، بۆ فێربوون و پەروەردەیەکی تەندروست دەستەبەر بکەن.
*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

وتارەکانی نوسەر