دووتوێی کوردستانی نوێ: خانەقین، دەروازەی زاگرۆس

11:41 - 2023-08-23
دووتوێ
797 جار خوێندراوەتەوە
خانەقین لە دەروازەی مێژووەوە

ئا؛ هەردی عومەر حەسەن

خانەقین و دەوروبەری، بە درێژایی مێژوو خاوەنی ناسنامە و هەڵگری ئاڵای ئاوەدانی بووە. راڕەوێکی گرنگی بازرگانی و ناوچەیەکی ستراتیژیی بووە، بە جۆرێک هەرکەس ئەم ناوچەیەی لەژێر دەستدا بووایە، ئەوا پارسەنگی هێز بەلای ئەودا شکاوەتەوە.
ناوی خانەقین لە بەرەبەیانی مێژوودا
ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە دێرینترین ناوچە ئاوەدانەکانی باشووری کوردستان دادەنرێت، بۆچوونەکان نیشتەجێبوونی مرۆڤیان لەم ناوچەیەدا بۆ چەند هەزار ساڵی پێش زایین گێڕاوەتەوە، هەبوونی ئاوی ئەڵوەن و خاکی بەپیت و گونجاو بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بەختی ناوچەکەیان بۆ ئاوەدانی سەرپێخستووە. 
لە سەردەمی (نەرام سینNaram- sin2254 -2218پ.ز)ی ئەکەدییەکاندا شاری (نیققوم Niqqum) کە زۆر پێدەچێت ناوی دێرینی شاری خانەقین یان شارێکی نزیکی بووبێت، لەژێر دەسەڵاتی ئەکەدییەکاندا بووە و فەرمانڕەواکەی ناوی (کەرشوم Karsum)بووە، کە سەر بە نەرام سین بووە، لە نووسینێکی ئەم فەرمانڕەوایەوە دەرکەوتووە، کە لەسەر سەرەگورزێکی دۆزراوەی بەردین تۆماری کردووە، دەڵێت: کەرشوم، فەرمانڕەوای نیققوم، بەندەی تۆیە (واتە نەرام سین).
بنەڕەتی وشەی خانەقین لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا بە (خانقون) هاتووە، «لەلای جوگرافیناس گەڕیدە (البکري 1094ز)، ناوەکەی بەشێوەی (خانقون)هاتووە، تێیدا کەسێتی عەرەبی پێش ئیسلام (نوعمانی کوڕی مونزیر)، کە مەلیکی دەوڵەتی حیرە بووە، لەلایەن خوسرەو (کسری)ی ساسانییەکانەوە لە خانەقین زیندانی کراوە تا مردووە. هەروەها بە بۆچوونی توێژەر (سەلمان تکریتی) ناوی (خانەقین) دەبەستێتەوە بە رووداوی خنکاندنی (عدي بن زید العبادي) لەم شوێنەدا و لەلایەن (نوعمانی کوڕی مونزیز)ەوە، کە دواتر خۆشی واتە نوعمان هەر لە خانەقیندا زیندانی کراوە تا مردووە. وشەی (خنق)لە زمانی عەرەبیدا بە مانای خنکان (تاساندن دێت،  (خانق)یش ناوی بکەر (اسم فاعل)ەکەیەتی، کۆکردنەوەکەشی (خانقون و خانقین)ە. 
هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکەش رایەکی تری بە بنەڕەتی وشەی خانەقینەوە گرێداوە، کە دۆڵیکی تەنگەبەرە لەناو چیادا، بە بۆچوونی (د.مستەفا جواد)یش ناوەکە عەرەبییە و لە (خانقین/دوو خنکێنەر)ەوە هاتووە، گوایە شوێنەکە کەوتووەتە نێوان دوو شاخەوە. 
دەربارەی ناوی کوردانەش بۆ خانەقین (جیمس بکنگهام) بە وەرگرتن لە فەرهەنگە ئیتاڵییەکەی (ریکاردۆس)ەوە ئاماژەی بەوە داوە، کە ناوی (خانەقین) لە (خان کاروان)ەوە هاتووە. یان لەوانەیە لە (خان لە قەی خان – خان لە تەنیشت خان، واتە کۆمەڵێک خان)ەوە هاتبێت. بە وتەی (المنشي البغدادي)یش ناوی خانەقین لە (خان جیل)یان (خان جین)ەوە هاتووە، ئەویش بەمانای شوێن و جێگای خان. 
هەتا ئێستاش عەرەبی رەسەنی ناوچەکەش ناوی (خان جین و خان جیل) بۆ شارەکە بەکاردەهێنن، کە بە زاراوەی گۆران (ماچۆ) مانای جێگای خان دەبەخشێت.
هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی بە دەروازەی زاگرۆس
بەدرێژایی (1600)کیلۆمەتر، زنجیرە چیای زاگرۆس وەک گەورەترین چیای کوردستان، لە (وان)ی تورکیاوە، هەتا (کرمان)ی ئێران بە خاکی کوردستاندا درێژدەبێتەوە. ناوچەکانی زەهاو و خانەقینیش کەوتوونەتە دامێنی زنجیرە چیای زاگرۆسەوە، لە خۆرهەڵاتەوە بە پاڵ زنجیرە چیای زاگرۆسەوەیە، کە دیوارێکی سروشتیی مەزنە، بڕین و پێداتێپەڕبوونی ئێجگار زەحمەتن. لە خۆرئاواشەوە رووباری سیروان، لە باکووری خۆرهەڵاتەوە بۆ باشووری خۆرئاوا پیایدا تێدەپەڕێت و ناوچەکە دەکات بە دوو بەشەوە، زنجیرە چیای حەمرینیش وەک بەربەستێکی سروشتی لە باکووری خۆرئاواوە بۆ باشووری خۆرهەڵات درێژبۆتەوە و ناوچەکە بەڕووی باشووردا دەپارێزێت. 
زنجیرەی حەمرین و زنجیرەی زاگرۆس لە ناوچەی خانەقین ئەوەندە لەیەک نزیک دەبنەوە، کە خەریکە لەیەک دەدەنەوە. ئەگەر بەشێوەیەکی تر تەماشایەکی نەخشەی ناوچەکە بکەین، دەبینین لە سێگۆشەیەکی سەرەوخوار دەچێت، کە تەنها سەری خوارەوەی، لە ناوچەی خانەقینەوە کراوەیە و دەروازەی ناوچەکەیە. لەبەر گرنگیی جوگرافیای ناوچەکەش، هەمیشە جێگای یەکلاییکردنەوە و هەژموونی دەسەڵات بووە، راڕەوێکی گرنگ بووە، خۆرهەڵات و خۆرئاوای پێکەوە گرێداوە.
رووباری (ئەڵوەن/حەلوان) لەناو سنووری ئێراندا، لە چوار سەرچاوەی سەرەکی (رێژاو، زەردە، یاران و پیران) و چەند سەرچاوەیەکی لاوەکییەوە، لە شاخی داڵاهۆوە سەرچاوە دەگرێ و پاش تێپەڕبوونی رووبارەکە بە سەرپیڵی زەهاو و قەسری شیریندا لە خۆرهەڵاتی خانەقینەوە دێتە ناو خاکی عیراقەوە و لە نزیک (گوڵاڵە/جەلەولا)ەوە دەڕژێتە رووباری سیروانەوە. هەبوونی ئاوی ئەڵوەن بۆ خانەقین، هەموو کات سیمایەکی ئاوەدانی داوەتێ، چ بۆ کشتوکاڵ و باخداری، چ بە کردنی بە ناوچەیەکی گەشتیاری و بازرگانی، پڕبایەخ بووە. بەدرێژایی (150)کیلۆمەتری ئەم رووبارە، نزیکەی (50) کیلۆمەتری دەکەوێتە ناو سنووری خانەقینەوە، بە تێپەڕبوونی ئەم رووبارە بەناو خانەقیندا کردووێتیە دووبەشەوە، بۆئەوەی هەردوو لای شار پێکەوە ببەسترێتەوە، چەند جارێک لە قۆناغەکانی مێژوودا پردیان لەسەر دروست کردووە. کۆتا دانەشیان، کە ئێستا وەک بابەتێکی شوێنەواری و مێژووی ماوەتەوە پردی بەردینی ئەڵوەن (یان کۆپریی گەورە)یە. 
ناکۆکییەکان و راڕەوی بازرگانییەکەی 
ئەم ناوچەیە لە دێر زەمانیشەوە وەک دەروازەیەک، هەمیشە هاتوچۆی بەردەوامی تێدابووە. ئەم رێگایە بە شاڕێگای خۆراسان ناوبراوە، کە میسۆپۆتامیای بە وڵاتی فارسەوە بەستۆتەوە. 
لە سەدەکانی ناوەڕاستیشدا لقێکی سەرەکی بازرگانی ئاوریشم بەم ناوچەیەدا تێپەڕیوە. هەربۆیە بەردەوامیش چ دەسەڵاتی فارس چ عوسمانییەکان چاوی تەماعیان لە ناوچەکە بڕیووە، بەشێکی زۆری ناکۆکی و شەڕەکانیان لەم ناوچەیە و لەسەر ئەم ناوچەیە بووە. 
ناوچەکانی زەهاو تا ماوەیەکی زۆریش لەسەر هیچ لایەکیان ماڵ نەبووە و یەکلایی نەکراوەتەوە بۆیان، هەمیشە جێگایەک بووە ناکۆکییەکانی تەقاندۆتەوە وەک خاڵی سەر بەیاننامەکانی نێوان فارس و عوسمانی ناوچەی زەهاو سەربە ویلایەتی بەغدا بووە. لە پەیماننامەی زەهاوی ساڵی (1639ز) و پەیماننامەی ئەرزڕۆمی یەکەم (13ی ئابی1823ز) زەهاو و سەرجەمی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری نێوانیانەوە، کە پێشتر لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، دەبوو لە ماوەی دوو مانگدا بۆ ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بگەڕێنرایەتەوە، بەڵام ئێران دانی بەمەدا نەدەنا و هەموو کاتیش کێشەی ئەم ناوچە سنوورییانە بە چارەسەرنەکراوی دەمایەوە.
دواتر دوای (42) دانیشتن و نزیک بە چوار ساڵ کارکردن لە (31ی ئایاری 1847ز)دا رێکەوتننامەی ئەرزڕۆمی دووەم، لە ژێر چاودێریی بەریتانیا و روسیا لە نێوانیاندا ئیمزاکرا، لە خاڵی یەکەمیدا کە تەرخان کرابوو بۆ ئەم کێشەیە هاتووە: (دەوڵەتی ئێران بەڵینیدا هەموو ئەو زەویوزارە نزمانەی دەکەوتنە بەشی خۆرئاوای ناوچەی زەهاو، بداتەوە بە دەوڵەتی عوسمانی، لای خۆشییەوە دەوڵەتی عوسمانی بەڵێنیدا دەست لە بەشی خۆرهەڵاتی ناوچەی زەهاو   هەڵبگرێت بۆ ئێران واتە بەشە شاخاوییەکەی.) بەمەش خانەقین وەک لیوایەک بەشێوەیەکی رەسمی خرایە سەر ویلایەتی بەغدا.
ئەم راڕەوە بازرگانییە پێویستی کردووە لەلایەن دەسەڵاتداری ناوچەکەوە ئاوڕی لێبدرێتەوە و خزمەت بکرێت. هەربۆیە جگە لە گرنگیدان بە شوێنی مانەوە و گەشتیاری، بۆ کارئاسانی کاروباری بازرگانی لە خانەقیندا لەسەر رووباری ئەڵوەن چەند جارێك پردی پەڕینەوەیان دروستکردووە.
دەربارەی یەکەمین پردیش کە دروستکراوە لەناو خانەقیندا، مێژوونووس و جوگرافیاناسی عەرەب (یاقووت الحموي1178 -1229ز)لە کتێبەکەیدا (معجم البلدان)، نووسیوێتی: «ئەم پردە لە (24) تاق پێکهاتووە، پانی هەریەکەیان (20) گەزە، بەسەریدا رێگەی نێوان بەغدا و خۆراسان (قەسری شیرین) تێپەڕدەکات، لە دروستکردنیدا چینی خشت و گەچ بەکارهاتووە.» 
بەهۆی کاریگەریی لافاو و تەوژمی ئاوی رووبارەکەوە ئەم پردە لەناوچووە و داڕووخاوە، چونکە ئەم پردە راڕەوێکی گرنگی بازرگانی لە ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و شمەک و رێگای هاتوچۆی زیارەتکارانی شیعە بووە لە ناوچە جیاجیاکانی ئێرانەوە بەمەبەستی سەردانیان بۆ ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق وەک (بەغدا و نەجەف و کەربەلا و سامەڕا)، ئەمە وایکردووە کاتێک (محەمەد عەلی میرزا دەوڵەت شا)ی کوڕە گەورەی (فەتح عەلی شا)ی ئێران لەلایەن باوکییەوە کراوەتە فەرمانڕەوای کرماشان، لە چوارچێوەی سیاسەتی پاوانخوازیی دەسەڵاتەکەی لە ناوچە سنوورییەکانی ناوچەکەدا، دەستی بەسەر ناوچەی زەهاودا گرتووە، بە فەرمانی محەمەد عەلی میرزا دەوڵەت شا لەساڵی (1811ز)دا پردێکی تۆکمە بە شێوازێکی نوێ و بە کەرەستەی پێشکەوتوو، بەتێچووی (200)هەزار قروش لە داهاتی ناوچەی زەهاو دروستکراوەتەوە.
ئەم رۆڵە گرنگەی خانەقین بۆ بازرگانی و بوونی بە شوێنێکی ئاوەدان و قەرەباڵغ، چونکە رێگەیەکی پڕهاتوچۆی زیارەتکارانی شیعە و رێگای بازرگانی شام و بەغدا بووە بە خۆراسانەوە، لەناو خانەقیندا جگە لە کورد کە زۆرینەی بووە، عەرەبی تێدابووە بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننەوە، هەروەها جوو و مەسیحی. ئەمەش وایکردووە کە ببێتە ناوچەیەکی فرەڕەنگ و فرەکەلتور و دواتریش بەرزکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردنی کۆمەڵایەتی، هەر بۆیە جێگای بایەخپێدان بووە و زووتر دەستی ئاوەدانی و شارستانی پێگەشتووە. 
بەگوێرەی ساڵنامەی عوسمانییەکان (ساڵی1906ز)، لە خانەقیندا (1000)خانوو، (7) گەرماو، (10)چایخانە، (13)خان، (6) عەلوەی دانەوێڵە، (3) مزگەوت، (2) خانەقا، قوتابخانەیەکی سەرەتایی و سێ مامۆستا، یەک موسافیرخانەی تێدابووە.
خانەقین و ئەڵوەن لە یادداشتی گەڕیدە و خۆرهەڵاتناسەکاندا
بەگوێرەی ئەوەی ناوچەیەکی سنووری بووە و رێگایەکی هاتووچۆی خەڵک و بازرگانیش بووە، بەغدا و کرماشانی پێکەوە بەستۆتەوە، هەربۆیە ئەو گەڕیدانەشی بە ناوچەکانی هەردوو دیودا گەشتیان کردووە، بە خانەقیندا گوزەریان کردووە و لە بیرەوەرییەکانیاندا یادداشتیان کردووە. 
کلودیوس جەیمس ریچ لە (مارتی 1820ز)دا لەدرێژەی گەشتەکەیدا بۆ ناوچەکانی کوردستان، دەچێتە خانەقین و لەوێوە بۆ قەسری شیرین دەڕوات ریچ لە سەردانەکەیدا بۆ خانەقین و ئەڵوەن لە وەسفیاندا دەنووسێت: «دەشتی خانەقین پڕ لە گیا و جوانە، لە هەندێک جێگادا هێڵی زوورگ و خاکی پڕ لە بەرد، دابڕدابڕیان کردبوو. دانەوێڵەی هیندی و تووتنیشی تێدا کرابوو. پێیان وتم، کە بەروبوومی ئەم زەویوزارانە یەک و دە دەبڕێت، 
چەند خێڵێکی زۆری کوردمان بینی، لە هەموو جێگەیەکی ئەم دەشتە پڕ لە گیایەدا خەریکی لەوەڕاندن بوون. دوای ئەوەی گردۆڵکەیەکمان بڕی بۆ شارۆچکەکە داگەڕاین، لەوێ خانێکی پۆشتەمان دی، کە فارسەکان دروستیان کردبوو. بەسەر پردێکی 13 پایەییدا لە رووباری ئەڵوەند پەڕینەوە، کە (محەمەد عەلی میرزا) دروستی کردبوو. رووباری ئەڵوەندیش چەمێکی خوڕی شاخاوییە، لە باشوورەوە بەرەو باکوور دەچێ و کەمێک لەولای (قزیل رەبات/ سەعدیە)ەوە دەڕژێتە دیالەوە.» 
هەروەها خۆرهەڵاتناس و گەڕیدەی فەرەنساییش (کۆنت دوسێرسی)ش، لە (حوزەیرانی1840ز)دا لە (زەهاو)ەوە بۆ خانەقین دێت و لەوێوە بۆ کفری و کەرکوک و موسڵ دەڕوات، بۆ خانەقین دەنووسێت: «خانەقین شارێکی مەزن و قەشەنگە و رووبارێکی بەرینی پێدا دەڕوات و رەز و باخی بەرفراوانی هەیە.» 
 (هینری بێدەر)ی خۆرهەڵاتناسیش کاتێک لە (تشرینی دووەمی1895ز)لە بەغداوە بۆ کرماشان دەڕوات، بە ناو خانەقیندا گەشتەکەی دەکات، کاتێک نزیکی چوونە ناو خانەقین دەبێتەوە، ئەم وێنەیەمان بۆ تۆمار دەکات و دەنووسێت: «دەڕۆین و زۆری پێناچێت دەگەینە باخی هەنار و خانی خەڵک، گوند کە لە هەردوو لای رووباردا بڵاوبۆتەوە، بەدوا تیشکی هەتاو رووناک بۆتەوە. 
لەلای راستمان رووبارێکی لافاوی و بەگوڕی ئاوی ئەڵوەند کە نزیکەی سی مەتر پانە، بەشێوەی لێڕێک لەنێو دارخورماکاندا لە نێوان دوو کەناری بەرزدا دەڕوا.
لەلای چەپمان کەمێک دوورتر هەر لەسەر ئەو کەنارە، دیمەنێکی دڵگیر لەسەر کەناری رووبار هەیە. خانووی چین چین لەسەر نشێوێکی گونجاو ریزە ئەستوندەیەک کەناری رووبار گرتوونیەتەخۆ.» 
دوای ئەمانیش خۆرهەڵاتناسێکی بەریتانی بەناوی (گێرتروود مارگریت لوسیان بێڵ)لە (ئاداری1911ز)دا لە بەغداوە گەشت بۆ قەسری شیرین دەکات و دێتە خانەقین، دوای مانەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێک بینینی ناوچەکانی خانەقین و پشوودانی، بەیارمەتی (مستەفا پاشای باجەلان) بەسەلامەتی لە سنوور دەپەڕێتەوە. جا لە نامەکانیدا بۆ باوکی نووسیوێتی: «بەیانی زوو خانەقینمان بەجێهێشت، رۆژێکی یەکجار قەشەنگ بوو، گەشتەکەمان بەنێو دیمەنە دڵڕفێنەکاندا دوو سەعاتێکی خایاند، تا گەشتینە خاڵی سنووری عوسمانی. (مستەفا پاشا) پیاوێکی خۆی لە تەکماندا ناردبوو و رێنوێنی توندی پێدابوو بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیمان، تا ئەوکاتەی لە ئێران دەگەڕێینەوە».
تەرمەکان شاریان پڕکردبوو لە بۆنی ناخۆش و بێزارکەر
ئەم رێگا سەرەکییە، رێگایەک بوو بۆ هاتوچۆی زیارەتکاران و بازرگانان و خاڵی سنووری ئاڵوگۆڕی کاڵا و شمەک، ئەم کاروانانە بەناو خانەقین و ناوچەکانیدا تێپەڕیون، بۆ مانەوە و پشوودان و پێدانی باج و رسوماتیان لە کاروانسەراکانی خانەقیندا دەمانەوە. بەرپرسانی کارگێڕی عوسمانیش لە رێگەی باج و گومرگەوە داهاتیان پێ کۆدەکردنەوە و بازاڕی ناوچەکەش دەبوژایەوە و سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتیش بوو بۆ دانیشتوانەکەی. 
لە بیری پەیڕەوکارانی شیعە مەزهەبدا ناشتنی مردووەکانیان لە نزیک هەردوو ئیمامی عەلی و حسێن لە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا، «بۆ چوونە بەهەشتیان ئەوەندە بەسە، خەڵک ئەگەر بتوانێ دوای مردنی خەرجی سەفەری دابین بکات. وەک شەریفترین مرۆڤێک، کە لە وڵاتی خۆی بەخاک سپێردراوە بەدڵنیاییەکی تەواوەوە دەچێتە بەهەشت»، بۆیە بەمەبەستی گواستنەوەی تەرمەکان ساڵانە بەسەدان کاروان لە دوورترین شوێنی ئێرانەوە داهاتن بۆ شوێنە پیرۆزەکان. دەبوو تەرمەکانیش سێ ساڵ بەسەر مردنیاندا تێپەڕیبێت، ئەوکات لێیان وەردەگیرا و بەم کاروانەدا تێدەپەڕی. 
بێگومان ئەم کاروانی تەرمانەش بە خانەقیندا تێپەڕیون و گواستراونەتەوە. دەسەڵاتی عوسمانییەکانیش لەبری تێپەڕبوونیان و وەرگرتن و بەخاکسپاردنیان، لە یەکێک لە گۆڕستانەکانی کەربەلا و نەجەف، باجی تایبەتی لێوەرگرتوون، بۆ تێپەڕبوونی هەر تەرمێک بە خانەقیندا (12) قڕان و بۆ ناشتنیان لە گۆڕستانەکانی کەربەلا و نەجەف (14) قڕان وەرگیراوە، بەوجۆرە باجەش وتراوە (باجی کۆرانتینە). 
لە راپۆرتێکی کارگێڕیی ساڵی (1919ز)دا لە سەردەمی حکومرانی راستەوخۆی ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا هاتووە: «ژمارەی زیارەتکاران لەم ساڵدا بەم کەرتەدا (کەرتی خانەقین، مەندەلی، قزلڕەبات)گوزەریان کردووە، نزیکەی (60) هەزار حاجی کەربەلا و نەجەف و (4600) تەرم بووە.» لە کۆی داهاتی کۆکراوەی ئەو ساڵەشدا (40391) روپیە داهاتی گومرگی گواستنەوەی تەرمی دەستکەوتووە. دەربارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و بۆنی ناخۆش و بێزارکەر لەو کاروانانەدا، کە تەرمیان لەگەڵ خۆیان بارکردبوو، هینری بێدەر نووسیوێتی: «جەستەکان دەخەنە ناو تابووتی داری گچکەوە یان تەنیا دایدەپۆشن یان دەیخەنە نێو فەرش و هەر دوو یان سێ یان چوار پێکەوە دەیبەستن و لە وڵاخێک باری دەکەن. لەژێر ئەم هەتاوە سوتێنەرەدا بۆنێکی بەرگەنەگر لەو جەستانەوە دێ، کە لە ماوەی سەفەرێکی چەند هەفتەییدا پەخش دەبێت. لەبەرئەوەی باری ئەم وڵاخانە لە هەر مەنزڵێک دادەگرن و جارێکیتر باری دەکەنەوە.» کە بە سروشتی حاڵ نەخۆشی لەوێدا بڵاودەبێتەوە چ لە میانەی بۆگەنی خۆڵوخاشاک و پاشماوەکانیانەوە، یان بۆگەنبوونی ئەو تەرمانەی کە لەوێدا بوون. بێزارییەکی زۆریان بۆ دانیشتووانەکەی دروستکردووە و چەندین نەخۆشی و پەتاش لەم رێگەیەوە بڵاودەبۆوە. 
عوسمانییەکان لە ساڵی (1837ز)دا پاش بڵاوبوونەوەی پەتای (تاعون)، بایەخیان بە سیستمی کۆرانتینە (Quarantine) داوە. لە ساڵی (1840ز) بەدواوە ئۆفیسەکانی لە ویلایەتەکان و هەندێک لە دەروازە سنوورییەکانی عوسمانی کراوەتەوە. لە یەکێک لە بەڵگەنامەکانی ئێراندا، راپۆرتی سەرۆکی گشتی گومرگ (محەمەد ئابادی) لە (24ی ئابی1939) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەرایەتی گومرگ، فەرمانگەی چاودێری گشتی کردووە، ئاماژە بە راگەیاندنی حاڵەتێکی کۆرانتینە دەکات لە خاڵی سنووری خوسرەوی، تیایدا هاتووە: (دەقی راپۆرتی رۆژی شانزەهەمی خەرمانانی رابردووی گومرگی خوسرەوی لە خوارەوە دەخەینە بەردەستان؛ بەپێی زانیاریی گەیشتوو، هەروەها بەپێی لێدوانی زارەکیی بەڕێز ئەڕفەع؛ کونسوڵی دەوڵەتی شاهەنشاهیی ئێران لە خانەقین، ماوەی سێ رۆژە کە دەوڵەتی عیراق لە خانەقین کەرەنتینەی داناوە و ئەو گەشتیارانەی لە ئێران دەرەچن، ماوەی پێنج رۆژ لە کەرەنتینە رادەگیرێن.) ئەمەش تەنها بۆ گەشتیاران بووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسایی بووە و هیچ رێگرییەکی لێنەکراوە.
ئێستاش خانەقین وەک مێژووەکەی هەمیشە خاڵی ناکۆکی و کێشمەکێشی سیاسی و کارگێڕیی بووە لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا، بەدەست هەر لایەکیانەوە بووبێت بەشێک لە هەژموون و قورسایی هێز لای ئەوەیان بووە. 

پەراوێز:
٭ حەلوان: لە سەردەمانی دێریندا لە سەرچاوە مێخییەکانی هەزارەی دووەمی پێش زاییندا، ناوی بەشێوەی (خالمان Halman,Lalman,Arman)هاتووە، بە تێپەڕبوونی کات و پەرەسەندنی زمانەکانی ناوچەکە، هەرچەندە ناوەکە ماوەتەوە، بەڵام شێوەکەی بووەتە (حەلوان).
٭٭ خان/ کاروانسەرا: بینایەکی شورەدار بووە، ئەرکی بریتی بووە لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە میوان و گەشتیار و شوێنی مانەوەی وڵاخ و بارگیرەکانیان، بەدرێژایی وەرزەکانی ساڵ. خانەکانیش بەشێوەی پێشکەوتوو، بەگشتی دوو نهۆم بوون و بەزۆریش لە خشتی برژاو دروست دەکران. نمونەی ناوی چەند خانێک لە خانەقیندا (خان عەرەبانچی/ خان حەقی رەسوڵ، خان مامی، خان نەقی، خان مووشی، خان مەحموود ئەفەندی دای زادە، خان کورد، خان مەجید بەگ، خان مەجید ئەفەندی...)
سەرچاوەکان:
1. ئیبراهیم باجەڵان و عومەر شەریف، خانەقین میرات و شارستانییەت، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٢١. لاپەڕەکانی ١٦، ١٧، ١٩،٣٠، ٤٩.
2. خالد مەحمود کەریم، باشوری کوردستان لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٩، لاپەڕەکانی، ١٤٢، ٢٥٩، ٢٦١، ٢٦٢.
3. کلودیوس جەیمس ڕیچ، گەشتەکەی ڕیچ بۆ کوردستان ١٨٢٠، وەرگێڕانی/محەمەد حمەباقی، چاپی چوارەم، هەولێر، ٢٠١٢، لاپەڕە٣٦٩.
4. سەفەرنامەی هینری بێدەر (کوردستان، میسۆپۆتامیا، ئێران)، وەرگێڕانی/ ئەبوبەکر خۆشناو، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٦، لاپەڕەکانی ٤١٨، ٤٢١، ٤٢٢.
5. گەشتی کۆنت دوسێرسی بۆ کوردستان١٨٣٩ -١٨٤٠، وەرگێڕانی/ کارزان محەمەد، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٣، لاپەڕە ٦٦.
6. کۆزاد محەمەد ئەحمەد، بایەخی خانەقین لەبەر ڕۆشنایی سەرچاوە کۆنەکاندا، گۆڤاری ژین، ژمارە (١)، پوشپەڕی٢٠٠٩، لاپەڕەکانی ٨، ١٣.
7. زریان سالار حەمەعارف و ڕەحیم ئەحمەد ئەمین، خانەقین و دەوروبەری لە سەرچاوەکانی مەعریفەی شارستانیەتی ئیسلامیدا، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان، ژمارە (١٢)، بەرگی (٣)، لاپەڕە ١٨٤.
8. باسوخواسی کورد لە راپۆرتێکی ساڵانی (١٩١٩ -١٩٢٠)ی بەریتانیادا لە عیراق، وەرگێڕانی/ محەمەد حەمەساڵەح تۆفیق، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٢٠، لاپەڕەکانی ١٩٦، ٢٠٤.
9. خانەقین لە بەڵگەنامەکانی ئێراندا، ئامادەکردنی/ کاروان عوسمان خەیات (ڕێبین)، وەرگێڕانی/ جووتیار نەریمان، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠١٩، لاپەڕە ٥٠.

 

خان و بارخانەکانی خانەقین بڕبڕەی ئابووریی سەدەکانی پێشوو

پردی سەر رووباری ئەڵوەن رێگای کاروانیی نێوان خانەقین و سەرپێلی زەهاو

دیمەنێکی ئێستای ناو شاری خانەقین

خانەقین لە دیدی گەڕیدە و جوگرافیاناسەکانەوە بە شاری پێکەوەژیان و فرە کەلتوریی وەسفکراوە

#دووتوێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان