سیانزەیەمین ساڵیادی هونەرمەند و پێشمەرگە حەمەجەزا

10:16 - 2023-10-01
کەلتور
635 جار خوێندراوەتەوە

پ.ی. د عه‌بدولواحید ئیدریس
ئەو لە شار ‌چریکەی بەرەنگاری و لە شاخیش هاودەنگ و هاوهەڵمەتی پێشمەرگە بوو. حەمەجەزا  هونەرمەندێک جیا لە هەموو هونەرمەدان، ئەو هەردەنگی بەسۆز نەبوو، ئەو چریکەیەک بوو پڕ لەهەڵوێست، ئەو دوای هەرەس و رووخان شۆڕشێک بوو لەدژی دوژمنان، سرود و مەقامەکانی گەواهی دەدەن، لە 16-4-1975 کە تەنیا مانگێک بەسەر نسکۆی شۆڕشی ئەیلول تێپەڕی بوو، لە کاسێتی لەیلا قاسمدا بەچەند مەقامێک عەرشی دوژمن دەهەژێنێ و پێیان رادەگەیێنێ کورد ناتوێتەوە:
کورد نابڕێتەوە خەیاڵتان خاوە
بەراتی نەجات بەخوێن نووسراوە
راستە ئەم دێڕە شیعرە هی پیرەمێردی نەمرە و پێشتر نووسراوە، بەڵام هونەری  حەمەزا لەوەدایە، چۆن بەم شیعرە لەو رۆژگارە تاریکەدا وەڵامی سەرکەوتنی دوژمن دەداتەوە کە کورد نافەوتێ، هەر لەوساڵەدا  لە ئاهەنگێکی گشتیدا لە هەولێر بانگهێشت دەکرێ، کە هێشتا کورد لە ناو ئاگری هەرەسدا کەس شک نابات بۆی ببێ بە فریاد رەس، ئەو لەو ئاهەنگەدا لەسەر شانۆی ناو دڵی بەعس هاواردەکات:

پەیمانم داوە بەم کوردستانە
بەخاک و خۆڵی ئەم نیشتمانە
ئەبێ بکەوم لە نێو سەنگەردا
لەبەینی گولە و تفەنگ و بەردا
خۆڵەمێش بڕژێ لەسەر برینم 
خوێنی  رژاوم بەچاو ببینم
هەر پێشمەرگە بم  شەرتە تا مردن
سەرم شۆڕنەکەم لە ئاستی دوژمن


ئەو هەڵوێستە و ئەم وشانە گەر پشکۆی شۆڕش و کۆڵنەدان نەبن لە دوای چەند مانگێ لەدوای هەرەس دەبێ چی بن؟! حەمەجەزا لەسەر وتنی ئەو مەقام و سروودە شۆڕشگێڕانەیە بەردەوام دەبێ تا ئەو رۆژەی چریکە و قرمژنی گولە ئاوێزان دەکات، جگە لە گەروی شۆڕشگێڕی، تفەنگیش دەگرێتە دەست و شان بە شانی هاوسەنگەرانی دەچێتە مەتەرێزی پێشمەرگایەتی و ئەوسا بە ئازادی  سرود بۆ پێشمەرگە دەچڕێ.
دوای ئەنفال و کیمیاباران و سوتماکی کوردستان، کە تفەنگەکان بێ هیوا و ئاسۆ لێل دەبینن، جگە لەپارتیزانەکانی دوای ئەنفال، حەمەجەزا هەربەردەوامە لە جۆشدانی کورەی شۆڕش و کۆڵنەدان، ئەوەتە لە نەورۆزی 1990دا لە سروودی مەڕۆ مەڕۆدا لە وەڵامی منداڵەکانی دا دەڵێت:

ئەڕۆم ئەڕۆم زویر مەبن وردیلەکانم
تاسەربەستی وەدەست دێنم بۆ کوردستانم
تاکو نەخشەی ئەم وڵاتە نەگۆڕینەوە
دڵنیابن رۆڵەکانم ناگەڕێینەوە


قۆناغێکی تر لەهونەری بەرەنگاری و شۆڕشگێڕی حەمەجەزا لەدوای راپەڕین و ئەو دەسەڵاتەی بە چریکەی حەمەجەزا و خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە بەرهەم دەست پێدەکات، بەڵام کە دەبینێ ئەم دەسەڵاتە بەلاڕێدا دەڕوا  و ناعەدالەتی و نایەکسانی لەگەڵ خەڵکی ستەم دیدەی کوردستان پەیڕەو دەکات، ئازارەکانی  خەلکی کوردستان  خەو لەچاوی دەزڕێنن و بەم وشانە  دێتە دەنگ:

پێشینان فەرموویانە ئاشی نەزان خوا دەیگێڕێ
دەسا خوایە کوا نەزانێ ئەم چەرخەمان بۆ وەرگێڕێ
***

پێشینان فەرموویانە کاسە پڕ بێ ئاشتی ماڵە
هەزار کاسە پڕبوو لەخوێن کاسەی ئاشتی هەر بەتاڵە


بەسوود وەرگرتن لە پەندی پێشینان، ئەو رق و توڕەییەی ناخی  جەماوەر لە مەقامێکدا  ساڵی  2000 لەسەر شانۆی سلێمانی و هەولێر رووبەڕووی دەسەڵاتی کورد دەکاتەوە، چونکە ئەو لەهەموو سەردەمەکان بەرەی گەلی نەگۆڕیوەتەوە بە هیچ بەرەیەکی تر، یان لە شیعری (رۆژگاری رەش)دا دەڵێت:

هەموو رۆژێ خەمێکی نوێ میوانمە
کە شەو دادێ زیندانی رەش جێ ژوانمە
هەموو رۆژێ خەمێکێ نوێ یەخەم دەگرێ 
لەنەکاوا کارەساتێ جەرگم دەبڕێ
***
سەردەم و رۆژگارە سەیرە
زەمان دێت و زەمان دەڕوا
سەرسوڕمانە، بێ مانایە
کێ بوو  کردی کێ  دەیخوا 
زەمان دێت و  زەمان دەڕوا
لەم وڵاتە کەس بەکەسە 
 کێ پاڵپشتی بەهێزتر بێ
لەودەمەیدا ئەو مەبەسە


ئەو شیعرە ساڵی 1993 لەلایەن حەمەجەزاوە دانراوە، داویەتی بە هونەرمەند وریا ئەحمەد ئاوازی بۆ دابنێ، بەڵام بەداخەوە بەو ئاوازە تۆماری نەکردووە، بەڵام لەچەند شوێنێک بەمەقام و سروود  وتوویەتی. لەسێزدەمین ساڵیادی ماڵئاویی هونەرمەند حەمەجەزادا  بەشێکی بچوک لەهەڵوێستی شۆڕشگێڕی ئەو هونەرمەندەمان خستە روو، هیوادارین لەداهاتوودا زیاتر رۆشنایی بخەینە سەر هەڵوێستە هونەرییەکانی حەمەجەزای هونەرمەند و پێشمەرگە.

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان