وەڵامێك بۆ ئازاد حەمەدەمین

04:38 - 2023-10-26
کوردستان
364 جار خوێندراوەتەوە

مرۆڤە بەڕێز و سەنگینەكان هەرگیز كارێك ناكەن كە ببێتە مایەی ناوزڕاندن و شكستی كەسایەتیان، خەڵكی ژیر و هۆشمەند تەنها یەكجار وەڵام دەدرێنەوە، ئیتر پێویست بە قوڕشێلان و خۆڵ بەسەرخۆكردن ناكات، بەڵام واپێدەچێت جەنابی نەقیبی رۆژنامەنووسان پێویستی بە دووجار وەڵامدانەوە هەبێت، جارێك دوو ساڵ لەمەوبەر لە دەنگی ئەمەریكاوە وەڵامم دایتەوە و ئەمجارەش لە پاش دیدارەكەی (رووداو) شایان بەوەڵامی دووەم دەبیت.
ـ وەك پارێزەری یاسا و پەیڕەو هەموو كات وتوومانە: ئەم سەندیكایەی ئێمە پەیڕەوی ناوخۆ و یاسایەكمان هەیە كە لە پەرلەمانەوە دەرچووە، دڵنیام ناوی هەردووكیانت بیستووە، كەچی بەردەوام لە دەرەوەی پەیڕەو و یاسا دژی لقی سلێمانی دەوەستیتەوە.
ـ بەردەوام لە رێگەی خۆمانەوە ئاگادارمان كردویتەوە: لادانی سكرتێری لق كە بە كۆنگرە و كۆنفرانس دانرابێت، بە چوار ئیمزای گوماناویی زۆر مەبەستاوی داوایەكی بەتاڵە و كەس بە پولێك لێت ناكڕێت.
ـ ئەوەندە لەگەڵ یاسا بووین، وتومانە: ئەگەر كێشەیەكمان خوڵقاندووە، خوانەخواستە پارەیەكمان خواردووە، دوور بێت لە رووتان جوڵەیەكی نەخوازراومان كردبێت لێرە و لەوێ، دەتوانن گلەییمان لێ بكەن و تەنانەت رێگای دادگامان لێبگرن، نەك لە شاشەوە قسە و قسەڵۆك دروست بكەیت.
ـ چۆن لە پەرێزی پیشەیی خۆمان دڵنیابووین، پێمان وتوون: ئەگەر گومانت لە شتێك هەیە بەپێی یاسا لیژنەیەكی بۆ دروست دەكەین و لە نزیكەوە قسە لەسەر بابەتەكە دەكەین، نەك بە مەركەزیەت و خۆسەپاندن بڕیار بەسەر ئیرادەی سلێمانیدا بسەپێنیت.
ـ ئێمە خۆمان و لقی سلێمانیش بە نوێنەری سەرجەم رۆژنامەنووسان دەزانین، هەر بڕیارێك هەبێت یاسامان سەرپشك كردوە، كەچی تۆ بە پاڕانەوە و دەستوەردانی حزبی لە لایەن خۆتەوە كێشەكان ئاڵۆزتر دەكەیت و ناهێڵیت رێكاری یاسایی بەرقەرار ببێت.
ـ لە هەموو كەس باشتر دەزانیت، سلێمانی پایتەختی رۆشنبیرییە و ئازادی رۆژنامەنووسی لە ترۆپكدایە، بەڵام تۆ سلێمانی بە كوێرەدێیەك تێگەیشتوویت بۆیە ئەو دەستە بخە ژێر سەرت. 
ـ سەندیكا بەرەییە و لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی دامەزراوە، بەڵام سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، موڵكی تایبەتی تۆ نییە یا حزبێكی دیاریكراو تا بە ئارەزووی خۆت خەڵك بهێنێت و خەڵك دەربكەیت!!!! هێواش هێواش كاكە.
ـ جوانترین سیفەتەكانی مرۆڤ راستگۆییە، ئەم دیدارەی ئەمڕۆتان لە رووداو زیاتر هیستریا و پاڕانەوە و هەناسەبڕكێ بوو نەك وتنی راستییەكان.
ـ ئێمە لە سلێمانی هەرگیز وەك جەنابتان دەستوەردانی حزبی و نایاساییمان نەكردووە، ئەگەر پێویستیش بكات زۆر كاری وردتر و زیاتر دەخەینەڕوو سەبارەت بە كاری دوانزە ساڵی رابردووتان لەم سەندیكایە.
-لەبیرتان بێت تا ئێستا چەندین جار بڕیاری داخستنی لقی سلێمانی و لقەكانی تریشتان داوە بەڵام بۆتان نەچوەتە سەر..
-كاك ئازادی بەڕێز، كاری سەندیكایی بە كۆنە قین ناكرێت، وشەی دەرمان كردوە لایەقی جەنابت نییە، تۆ نەقیبی، من رێزت دەگرم لە چوارچێوەی كاردا، ئەگینا وەك بۆچوونی خۆم تۆ نە حاكمیت و نە ئازادیت و نە رۆژنامەنووسیت.

كاروان ئەنوەر
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
26/10/2023

بابەتە پەیوەندیدارەکان