ڤینۆس فایەق
1
خۆرێک لە مندایە
لە نەسلی سەرسوڕمانە
دەستوپەنجەکانی لە بارانن
کات لای من رووەو کوژانەوەیە
پێم دەڵێ:
تۆ کە نیوەت تاریکییەکی داگیرساوە
لەم شارەیا چی دەکەیت کە
نیوەی رووناکییەکی رەشهەڵگەڕاوە؟
چاوەڕێی هیچ خۆرێک مەکە پێشوازیت لێ بکات
لێرە خوداوەندێک نییە سوجدەی بۆ بەریت
2
ئەم شارە
کچی خوێنێکی ئاڵە
هەورێک بەسەر سەریەوە وەستاوە
هەزاران سروودی بەسەرماندا هەڵڕشت و
شەهیدەکانی
بە دامێنی بێدەنگیا دادروو
3
کە شۆڕش هەڵگیرسا
قاچەکانم لێ بەجێمان
کە شۆڕش تەواو بوو
دەیان خۆر لە چاوەکانما
کوژانەوە
شاخەکان وەکو دووکەڵ هەڵیانمژیمەوە
وەکو شیوەن و گریان
بیابان قووتی دامەوە
4
«ئازادی» لەناو شیعرەکانا ئەحیلێنێ
«مافەکان» قیڕەقیڕیانە
کەسیش باکی بەو هەموو مردنە نییە
کەس بەزەیی بەو چاوانەیا نایەتەوە
کە لەسەر شۆستەکان هەڵدەوەرێن
کەس خۆی نەکردۆتە خاوەنت «نیشتمان»
5
سەدان کتێبم خوێندۆتەوە
هێشتا لێت تێنەگەیشتووم
ناتناسمەوە
کەچی لە خۆت بێبەریم دەکەیت
پێویستم پێت نەماوە
کەچی گۆڕێکت لە کۆشتا بۆ هەڵکەنیوم
6
شەقامەکان بەدوامدا دێن
شۆستەکان لە ملم دەئاڵێن
هونەری پێکەنینم بیرچۆتەوە
ئەم بەیانییە چاوم کردەوە
خۆمم پێ نەمابوو
7
ئەو ئێوارەیەی کە مردم
نینۆکەکانمیان لەبەر پێی درەختێکی سنەوبەرا دۆزییەوە
برژانگەکانم بەسەر باڵی پەپوولەیەکەوە دەفڕین و
گشتی پارچەکانی تری جەستەم
هەمووی بە دیواری پەرستگایەکا هەڵواسرابوون
خوداوەندێکیشی تیا نەبوو بۆ کڕنووش
8
بەر لەوەی بکوژێمەوە
دەموچاوم لە روبارێکا لێ بەجێما
قژم بەسەر باڵی کوکوختییەکەوە هەڵفڕی
چاومم لەناو گوڵدانێکا دانا
کە نیشتمانم جێهێشت
پارچەیەک ئاسمان و
چنگێ بۆنی چیمەن و چەپکێ خۆری روو لەئاوابوونم پێچایەوە و
خۆمم لەناو شەمەندەفەرێکدا دۆزییەوە
لە پەنجەرەکەوە سڵاوێکم لێکرد و
بەدەم گۆرانی وتنەوە هەڵفڕیم