تووڕەبوون لە ئاو .... نزایەک بۆ ژن

11:41 - 2023-11-02
دووتوێ
272 جار خوێندراوەتەوە

 بەیان ئیبراھیم



بەم رەنگانەوە دێم
ئەم تابلۆیانە کە لە دووکەڵ دروستم کردوون
بە سەقفی ئاسماندا هەڵدەواسم
کاسەیەک پڕ لە وشە
لە کانی قەسیدەیەک هەڵدەگۆزم
بەم وشانەوە دەڕۆم
دەڕۆم و ون دەبم
ژنێتییم بە رەنگ لەسەر سنگی باخچەکان دەنووسمەوە
دەڕۆم و دوای خۆم
هەموو ئەو فرمێسکانە جێدەھێڵم
کە شەوانە ماڵم لە ئازادی پێ دروست دەکرد
ئەو نیگایانە جێدەھێڵم کە دەمبەنەوە سەر ئەفسانەکان
ژنێتییم بە زەمیلەیەک برینەوە دەبەمە بەردەم دارستانەکان
بەدوای میهرەبانی ژنبوونمدا 
هەموو دەربەندەکانی سمێڵ دەگەڕێم
بۆ خوێنی هاوڕێکانم
حاشا لە خەنجەری بەر بەرۆکی ئەو پیاوانە دەکەم
کە وشەیان لە ئاو و دڵیان لە ئاسنە
چاویان لە خوێن و قاقایان لە مسە
ـــــــــــــــــ
لێرەوە گوزەر دەکەم
ئەو قاچاخچیانە دەدۆزمەوە
کە بە دزی شیعرەوە
ئەسپێکی باڵدارم پێ دەفرۆشن
باڵی پێ دەگرم و دەچمە لای خواکانی تیتان
هەر جارەو دەبم بە گیاندارێک
دەبمە تاوس و زیویس دەهێنمە لای مەولەوی
لە باران باڵای ژنێک دروست دەکەم
سەوزایی لە بەهار دەسێنمەوە دەیبەخشمە چاوی ژنێک
قەسیدە دەکەم بە بیابان
هەموو ئەو جوانیانە لە شیعر دەسێنمەوە
کە بە دزی میهرەبانیەوە لە ژنیان دزی
ئەم جارە خوێن دەکەم بە کراس و دەیکەمە بەری قەسیدە
گریان دەڕێژمە سەر پیاوەتی قەسیدەیەکی نێر
زیویس فێر دەکەم هێرا ناو بنێت شەم و بڵێ
گیانە لە پرخەی خەونی خەومدا
پێ بنێ وە بان هەردوو دیدەمدا 
لە چیای ئۆڵۆمپ
لە پارچەیەک بەرد دێو دروست دەکەم
دێوێک لەبەرد ئاشق بە ژنێک لە ئاو
کاسەیەک لە خوێن دەڕێژم
تا زیویس دنیا بە سووری ببینێ و
وەلی دەست لە باڵای شەم هەڵبگرێ
ــــــــــــــــــــــــ
هەر جارەو دەبم بە گیاندارێک
دەبمە نەوڕەس
حیکایەتی خۆر بۆ گوڵەبەڕۆژە دەگێرمەوە
تووڕەبوونی شەپۆلەکان
دەبەمە بەردەم دادگای ئاو
لە سپێتی خۆم کفنێک بۆ سمێڵ دەدورم
ئەم جارەیان دەبمە بەڕو
حاشا دەکەم لەو هەڵۆیانەی بەسەر شانی زیویسەوە دەنیشتن
تاجی پاشایەتیان پێ دەبەخشی
بە هەورە بروسکە دەڵێم
ئەم ئاوێنانە پڕن لە جەستەی ژن
من بە کوڵوانەکەی دایکم دامپۆشیوین
تا دەرنەکەون و پاشا تاجەکەی دانەگرێت
ــــــــــــــــــــ
ئەمجارەیان رووبار و باران رێکەوتن
لەسەر سنگی دەریا من بە دۆلفین بنووسنەوە
ئاشنام بکەن بە ئەپۆلۆ
لە بری دەریا بە گالیسکەکەی ئەپۆلۆ 
ئاسمانەکان تەی بکەم
قسەی ئەو ژنانەی کە سەرپۆشەکانیان فڕێدا کۆبکەوە و
بیبەمە لای بێکەس و بڵێم
نەسرین پرچیان بڕی ئەمەش هاوارەکانی
لە هەگبەی ئەپۆلۆوە بۆم هێناوی
ـــــــــــــــــــــــ
دەبمەوە بە ژن
ژنێتییم دەخەمە ناو گیانی ئاسکێک
بە ئارتمیس دەڵێم
بڕوانە ئەم هەموو ژنانە چۆن رەنگیان لێدەچۆڕێ
ئارتمیس لەو سەیوانە خەبەر دەکەمەوە
دەڵێم گوێبگرە لە هۆزی سمێڵ گۆرانی دەڵێن و دەڵێن
هاتووم لە ناو چاوەکانتا تێر تێر بنووم
کە وایان وت  
لێیان مەپرسە بۆچی هاتوون  
شمشێرە ژن بڕەکانیان بە دەستەوەیە و
وەک کۆترێکی بێلانەن
ــــــــــــــــــ
ئەمجارەیان دەبمە چۆلەکە
دەچمە ناو هێلانەی دڵی ئافرۆدەیت
گۆرانی جریوە بۆ گۆچان دەڵێم
دەبمە دار گوێزێکی شەل و
حیکایەتەکانی ئافرۆدەیت دەگوازمەوە بۆ لای شێرکۆ
ئافرۆدەیت دەهێنمە ناو خۆم
بە جریوە دەڵیم
هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم نابێتە وشە و شیعرێکی ژنانەی پێ هەڵبەستم
ــــــــــــــــ
دواجار دەبمەوە بەخۆم
بە قەیسدە دەڵێم
بڕۆ حاشا بکە لەو درەختانەی مانفێستی گەڵا دەسووتێنن
حاشا بکە لەو چۆلەکانەی گۆرانی جریوە زیندە بەچاڵ دەکەن
حاشا بکە لەو دۆلفینانەی ئاو دەکەن بە قوربانی ئاگر
حاشا بکە لەو ئاسکانەی پەیمانی ئاشتەوایی لەگەڵ پڵنگەکان دەبەستن
حاشا بکە لەو نەوڕەسانەی بە دەم گریانەوە فرمێسکی مردن دەنووسنەوە
بە خۆم دەڵیم ببە بە ئافرودەیت
زیویس بهێنە سەر بەرماڵەکەی دەروێش عەبدوڵڵا
ئەپۆلۆ بکە بە ئاسەوار و لە سەیوان دایشارە
بۆ ژنە شیعرێک
پەیکەرێک دروست بکە و بۆ ئەبەد
گۆرانییە خەمناکەکانی خوێن بۆ ژن بڵێرەوە .

#مروارییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان