د. شاخەوان مەلا محهمەد
سەرەتا
كتێبی ئینسکلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەکانی پاریزگای هەولێر، لە ئامادەکردنی حهیدهر مەنتک کە خۆی لە سێ بەرگدا دەبینێتەوە، بەرهەمەکە لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی گهشهپێدانی و بیر و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ساڵی 2023 دەرچووە. لە بەرگێکی جوان و چاپێکی جوان و رەنگا و رەنگدا بە دیزاینێکی زۆر باش کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند کردووە. بەشی یەکەمی ئینسکلۆپیدیاکە تایبەتە بە پێشمەرگە دێرینەکانی دەشتی هەولێر، وێنە و ژیاننامەی 157پێشمەرگەی دێرین و زانیارییەکانی کەسی لەخۆ گرتووە. هەروەها ناوی ئەو پێشمەرگە دێرینانەی کە خەڵکی سنووری کەرکوک بوون، بهڵام له سنووری ههولێر پێشمهرگه بوون، نووسهر فەرامۆشی نەكردوون کە ژمارەیان 15پێشمەرگەیە. بەشی دووەمی ئینسکلۆپیدیاکە تایبەتە به پێشمەرگە دێرینەکانی قهزای کۆیە. ئەویش ژیاننامەی 133 پێشمەرگەی لەخۆ گرتووە، بەشی سێیەمی تایبەت کراوە بە پێشمەرگە دێرینەکانی دەڤەری سۆران کە ژیاننامەی381 پێشمەرگەی تێدا تۆمار کراوە، کۆی هەر سێ بەرگی ئینسکلۆپیدیاکە 686 پێشمەرگەی دێرینی لەخۆ گرتووە لەسەر ئاستی پاریزگای هەولێر، کە درێژەیان بە خەباتی شۆڕشگێرانەی خۆیان داوە له كۆی ئهم 686 پێشمهرگهیه 532 كهسیان له ژیان ماون، 85 كهسیان شههید بوونه، 68 كهسیان كۆچی دواییان كردووه، شایەنی باسە هەر لەو ئینسکلۆپیدیایە، سێ پێشەکی نووسراوە، لەلایەن ئارێز عەبدوڵڵا و دانا سەعید سۆفی و ئامادەکاری ئەو ئینسکلۆپیدیاکە (حهیدهر مەنتک)ه.
کارێکی نیشتمانیە
بێگومان ئەو پێشمەرگانە لەناو هێزی پیشمەرگەی یەکیتیی نشتمانیی کوردستان درێژەیان بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان داوە و چەکی شەرەف و کەرامەتیان کردۆتە شانیان و تەواوی ژیانی گەنجی و جوانی خۆیان بەخشیوە بە گەلەکەیان بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بە ئازادی و سەرفرازی بژین، ئەو خەباتە چەکدارییە پڕ زەحمەتەیان لە ناو حزبێکی پیشکەوتووخوازدا کردووە کە باوەڕیان بە بەرنامە سیاسییەکەی هەبووە، بەڵام ئەو تیکۆشەرانە تەنها موڵکی یەکێتی نین، بەڵکو موڵکی هەموو خەڵکن، چونکە لە کۆتاییەکهی ئەوان بوونە پاڵپشتی راپەرین و سەرکەوتنی بەرنامەکانی راپەڕین لە دوایش پاراستنی دەستکەوتەکان ئەرکی سەرشانی ئەوان بوو، بۆیە لەو روانگەیەوە پێشمەرگە دێرینەکان سەرمایەکی بە نرخی نیشتمانەکەمانن.
دروستکردنی ئینسکلۆپیدیا کارێکی شارستانییە
زۆربەی گەلانی جیهان کە ئێستا ئازادن و نیشتمانێکیان هەیە، لە ئەنجامی هۆشیاری و ئازایەتی گەلەکەیانەوە بووه، چونکە بەردەوام هۆشیاری پاڵپشتی گەورەی ئازایەتی بوو، هۆشیاریش کارێکی خۆ رسک نییە، بەڵکو لە ئەنجامی خوێندنەوە و خوێندەوارییەوە بەرهەم دێت، حکومەت بەهاوکاری رێکخراوە ناحکومییەکان یان لە ئاستی کەسی و گروپ، بەرنامەی بۆ دادەنرێت و کار ئاسانی بۆ هۆشیارکردنەوەی جەماوەر دەکرێت، ئینسکلۆپیدیاش هەوڵێکی شارستانییە، هۆشیارکردنەوەی جەماوەرە لە سەر مێژوو و خەباتەکەیان.
کارێکی گرنگە
لەدوای راپەڕینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی پێشکەوتووخواز، چ لەسەر ئاستی حکومەت یان حزب هەوڵی زۆری داوە بۆ دەرکردنی ئینسکلۆپیدیا وەک ئینسکلۆپیدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئینسکلۆپیدیا گرنکە کە دەبێتە هۆی پاراستن و ئەرشیفکردنی سەروەری و خەباتی گەلەکەمان هەروەها ئامارکردن و بژاردەکردنی لە تێکەڵاوبوون بە هەندێک ئاماری نادروستی بابەتەکە. ئامارێکی ئامادەکراوە بۆ توێژینەوەی خویندکارانی زانکۆ و ناوەندەکانی دیکەی تویژینەوە و بەدواداچون. ئارێز عەبدوڵڵا لەسەر گرنگی ئەم ئینسکلۆپیدیایە دەڵێت: ئەوانەی لەو سەردەم ژیاون و ماون دەزانن کەگەلەکەمان بە چ قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەگەر وردەکاری ئەو مێژووە سەختە نەنووسرێتەوە و بە دیکۆمێنت نەکرێت، ئەوا لەدوا رۆژدا بڕواکردن بەو بەسەرهات و چیرۆک و رووداوە راستەقینانە ئەستەم دەبێ، بۆیە نووسینەوە و بە ئەرشیفکردن و بەرزراگرتنی ناوی ئەو تێکۆشەر و ستەمدیوانەی کە لەو رۆژگارە سەختانە رۆڵێکی ئەفسانەییان گێڕاوە کارێکی گرنگ و پێویستە.
پێشنیازەکان
لەگەڵ ئەوەی دەست خۆشی لە ئامادەکار و نووسهر هەڤاڵ حهیدهر مهنتک دەکەم بۆ دەرکردنی ئینسکلۆپیدیای پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشنیاز دەکەم بە دانانی ستافێک لە بۆردی مەکتەبی گهشهپێدانی بیر و هۆشیاری (بۆ ههر شارێك) بۆ ئەوەی بەردەوامی بدرێ بە ئەرشیفکردنی تەواوی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و رێکخستنە دێرینەکان و شانە چەکدارەکانی بروسک و تەواوی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان، هەروەها ناوی ئەوانەی هاوکاری پێشمەرگە بوون لە شار و لە دێهاتەکان لە ژنان و پیاوان. ئەو ستافە بودجە و خەرجی بۆ دابندرێت بۆ ئەوەی ساڵانە بتوانی بەرهەمی جوان و نایەب لەسەر مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کودستان بڵاوبکاتەوە. ئەوەش بۆ بەرز راگرتنی خەبات و تێکۆشانی ئەوانەی ژیان و جوانی و لاوی خۆیان بەخشی بەگەلەکەیان.