ئا: نه‌ریمان عه‌بدولسه‌مه‌د رواندزی
سه‌باره‌ت به ناوی هیران، چه‌ند دیدو بۆچوونێكی جیاواز هه‌یه، به‌ڵام ره‌نگه دروستترين و په‌سه‌ندترینیان به‌پێی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئه‌مه‌بێت: (ده‌گێڕنه‌وه كه‌وا قەشەیهك هەبووه لە ناوچەکەدا بە ناوی قەشە (مار یه‌عقوب)، له گوندی ئاقووبان ژیاوه، دوو کچی ده‌بێت بەناوه‌كانی (هیلال و نازلی) دوو رەزی گەورەش له‌م دوو شوێنە ده‌بێت، دراونەتە ئەم قەشەیە، ئەویش پێشکەشی کچەکانی ده‌كات، ئینجا به تێپه‌ڕبوونی رۆژگار ناوه‌كانیان گۆڕاون و بوونه‌ته (هیران و نازه‌نین) بۆیه ناوەکانیان لەمەوە هاتوون.
جوگرافیای هیران
مێژووی هیران زۆر دێرینه، ره‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش زایین. ناحیەی هیران، یاخود (ناحیه‌ی خوشناو) یه‌كێكه له ناوچه سه‌رنجڕاكێش و رازاوه و دڵگیره‌كانی كوردستان، هه‌ڵكه‌وته جوگرافییه‌كه‌ی و پێگه‌كه‌ی وایلێكردووه به یه‌كێك له هاوینه‌هه‌واره هه‌ره دڵگیر و دڵڕفێنه‌كانی كوردستان بناسرێت. له باكووره‌وه هاوسنووره له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی هه‌ریر و قه‌زای رواندز، له خۆرهه‌ڵاته‌وه له‌گه‌ڵ باکووری خۆرئاوای سلێمانی، له باشووره‌وه له‌گه‌ڵ قه‌زای كۆیە، له خۆرئاواشییه‌وه له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی سه‌ڵاحه‌ددیندا هاوسنووره.
هیران سه‌ربه قه‌زای شه‌قڵاوه‌یه له سنووری پارێزگای هه‌ولێر و (18) گوند له خۆده‌گرێت كه بریتیین له:(سپیگره، چنێران، ئاقوبانی سه‌روو، ئاقوبانی خواروو، پونگینه، گه‌رۆته، به‌ره‌كه، كه‌وه‌رتیان، ئه‌سپینداره، فریز، لاسه، ترگاله، زیاره‌ت، سولاوكی سه‌روو، سولاوكی خواروو، ناودارۆك، بیرۆكان، مهندێر=ئاودێر).
ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی (5228) كه‌سه. رووبه‌ری زه‌وییه‌كه‌ی (7527) دۆنمه. رووبه‌ری زه‌وی كشتوكاڵییه‌كه‌ی 80 دۆنمه. رووبه‌ری زه‌وی نیشته‌جێبوونی 75دۆنمه. ژماره‌ی فه‌رمانگه‌كانی 15 فه‌رمانگه‌یه.
ناحیەی هیران به هه‌وڵ و كۆششی بێووچانی شاكر فه‌تاح نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و قایمقامی شه‌هیدی رێگای رزگاریخوازی گه‌لی كورد، وه‌ك خۆی له یاداشته‌كانیدا له (ئاوینه‌ی ژینم) له به‌رگی یه‌كه‌مدا له‌لاپه‌ڕه 542 باسی ده‌كات، به‌ڵام ناوبراو له‌م هه‌وڵه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت به پاڵپشتی و هاوكاری و له‌سه‌ر داوا و خواست و هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای نه‌بڕاوه‌ی هه‌ر یه‌كێك له ميرانى (واحد به‌گ هیران)ی و كوڕه‌كه‌یه‌وه ميرانى (ئاغا واحد به‌گ هیران)ی، دواجار له ساڵی 1954 ده‌بێته (ناحیه). یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیهکەش (عه‌لی حه‌مادی) بووە.
حاكمی سیاسی به‌ریتانیی له هەولێر
حاكمی سیاسی به‌ریتانیی له هەولێر لە سەردەمی داگیركاریی بەریتانیادا (دەبلیو ئار هێی) لە ساڵی 1918-1920 لە یاداشتەكانیدا لەژێر ناونیشانی (دوو ساڵ لە كوردستان)دا له وه‌رگێڕانی (لوقمان باپیر) له‌لاپه‌ڕه 293دا لە باسی جوانیی هیراندا دەڵێت: (بە ئاوی (جەلی)دا تێپەڕین، بە بناری خۆرهەڵاتی سەفیندا تێپەڕین، دوایی بە نازەنیندا بەرەو هیران رۆیشتین، من پێم وایە كە ئەوە جوانترین رێگایە لە كوردستان پێیدا رۆیشتبم، چونكە دوای (جەلی) رێگاكە بەناو توتڕك و قامیش و گوڵدا تێدەپەڕێ، پونگە كێویش لە هەموو شوێنێك هەوا پڕ بۆن دەكات.
هیران لێوانلێوە لە بەرزی و نزمی، دۆڵی سەرنجڕاكێش و دیمەنی رازاوە بە گرد و شێو و چیا‌و تاشەبەردی شاخی سەركەش و دیمەنی چیمه‌ن و هەزاران داری خۆڕسك و سروشتی و باخ و رەز و مێرگ و سەرجۆگەی ئاغا واحید بەگ و ئاوی بەفراوی وەك: (كانیی شێخ ره‌شید، كانیی فه‌قێ برایم، كانیی سمایلان، كانیی خوشكان، كانیی شێوێ، كانیی باخچۆره، كانیی گیزان، كانیی سماقه جاران، كانیی مزگه‌وتی هیران، كانیی سه‌عید).
سەرچاوە ئاوییەكەی ناو مزگەوتی هیران و چەندین دێرینهوار و شوێنەواری كۆن و مێژوویی پاشماوەی جەنگ و خۆشی و ناخۆشییەكان لە تۆماری ئەم دەڤەرەدا هەیە. ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە لەڕووی گەشتوگوزار و بەرهەمی زۆری میوە و بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵی و سروشتی، لە میوە هەرە بە ناوبانگ و ناسراوەكانی (هەنار)ە.
شاعیران و نووسەران و مێژوونووسان و هیران
شاعیران و نووسەران و مێژوونووسان هیران بە ژێدەری خورپە و ئیلهام ناوی دەھێنن، شاعیری خۆشخوان و هەست و سۆز پڕ لە كەفوكوڵی دنیای عیشق (سافی هیرانی) بەڵگەی ئەم باسەیە.
وێڕای ئەمە چەندین شاعیری دیكه ئەم دۆڵەیان بە ئامێزی خۆشی و ئارامی دڵ و مایەی حەسانەوەی گیان ئەژمارکردووە، بۆیە سامی عەوداڵی شاعیر (1912-1985) لە باسی هیراندا دەڵێت:
ئاگری لە دڵی بەرداوم ڕۆژی كەیف و سەیرانێ
مـەحــاڵـە بـكـوژێـتـەوە بــە ڕێــژنـەی دە بـارانێ
سێ‌و لـە باخان نـەخشاوە، بـاخـەكانی وا سـاوا
نـازەنـین و سـیـساوە، لـە شـەقـڵاوە و هـیرانێ
ئه‌حمەد دڵزار
ئه‌حمەد دڵزاری شاعیریش باسی گەشتێكی خۆی و چەند هاوەڵێكی كردووە بۆ هیران لە ساڵی 1936دا، لە بارەی جوانی و خۆشی هیرانەوە دەڵێت:
ڕۆژمـان كردەوە شەوێـك لـە هیران
بە شادمـانی و سوحبەت و سەیران
ئاغا واحد به‌گ
كه‌سایه‌تیی ناودار و به ناوبانگی كورد، به‌تایبه‌تی له ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تیدا میرانی (ئاغا واحید به‌گ)، میرێكی به‌خشنده، جوامێرێكی سه‌ربڵند، سوارچاكێكی مه‌یدانی خۆنه‌ویستیی و میهره‌بانی، خزمه‌تێكی زۆری ئه‌م ناوچهیەی كردووه، به درێژایی ژیانی ده‌رگای دیوەخانهكهی له‌سه‌ر پشت بووه بۆ میوانان و دۆست و خزم و كه‌سانی بیانی و هه‌ژاران و رێبواران و پێشمه‌رگه‌كانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان، به‌بێ ره‌چاوكردنی ئینتمای سیاسی‌یان، هه‌میشه دڵ و ده‌ستی کراوە بوون بۆ چاكه و ناندان و هاوكاری و یارمه‌تیدانی كه‌سانی نه‌دار و لێقه‌وماو، بۆیه جێی خۆیه‌تی كورته‌یه‌ك له ژیانی باسبكه‌ین:
ئەو ناوی ته‌واوی (عه‌بدوڵڵا به‌گ كوڕی واحید به‌گ كوڕی عه‌بدوڵڵا به‌گ كوڕی ئيسماعیل به‌گ كوڕی حه‌مه‌د به‌گ كوڕی خدربه‌گ كوڕی میر مه‌حمه‌ل كوڕی میر ئه‌مبێزخان)ه، له (7ـ10ـ1920) له هیران له‌دایكبووه.
ئه‌م كه‌ڵه میرخاسه خزمه‌تێكی زۆر و به‌رچاوی شاره‌دێی هیرانی كردووه كه ده‌بێت به زێڕ كفت له مێژووی ئه‌م ناحیەیەدا بنووسرێته‌وه، وه‌ك: دروستكردن و قیرتاوكردنی چه‌ندین شه‌قام و رێگای سه‌ره‌كی گه‌یاندنی هیران به شه‌قڵاوه، له‌نێوان ساڵانی 1977-1978، هه‌روه‌ها دروستكردنی چه‌ندین پرد له‌نێوان قه‌زای شه‌قڵاوه و ناحیەی هیران، به‌تایبه‌تی دروستكردنی پرد و شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ناو جه‌رگه‌ی هیراندا كه ئێستا ئه‌و شه‌قامه، بۆته خۆشترین و جوانترین شوێنی گه‌شتیاری ناوچه‌کە.
وێڕای ئه‌مانه‌ش رۆڵێكی گه‌وره‌ی له كردنه‌وه و دامه‌زراندنی یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی هیراندا هەبووە له ساڵی (1953)دا، یه‌كه‌م قوتابی كچیش کە چووبێته ئەو قوتابخانه‌یه، كچی خۆی به‌ناوی (به‌یان) خان بووه.
میرانی (ئاغا واحید به‌گ) كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌مخۆر و دڵسۆز بووه بۆ ئاشته‌وایی و برایه‌تی، كۆڵه‌گه‌یه‌كی پته‌و و تۆكمه بووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. هه‌وڵیداوه ئاشتی و ته‌بایی و ئاسووده‌یی سێبه‌ری ده‌ڤه‌ری هیران بێت، كه‌سێكی قسه‌خۆش و ماڵ ئاوه‌دان بووه، كورد و كوردستانپه‌روه‌ر بووه.
فه‌رمانده (ملازم خوله‌ی دزه‌یی) كه یه‌كێك بووه له فه‌رمانده دیار و ئازا و قاره‌مانه‌كانی سه‌رده‌می خه‌باتی شاخی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان خۆی و پێشمه‌رگه‌كانی چه‌ندین جار له‌لای میوان ده‌بن و یارمه‌تیان ده‌دات، ئازووقه و خۆراك و جلوبه‌رگ و هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كیان پێشكه‌ش ده‌كات. ته‌نانه‌ت رۆژێكیان باوكی ملازم خوله دزه‌یی، كه فه‌رمانده‌ی تیپی 83ی هه‌ورێ بوو، سنووری چالاكی له ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی بوو، به‌ناوی (عه‌زیز فه‌رحان ئاغای گه‌ڕه‌سۆری) دوای دووری و دابڕانێكی زۆر له كوڕه‌كه‌ی، رووده‌كاته دیوانی (ئاغا واحید به‌گ) داوای لێده‌كات بۆ چه‌ند ساتێكیش بێت، كوڕه‌كه‌ی ببینێت، میرانی (ئاغا واحید به‌گ) هه‌موو ئاسانكارییه‌كی بۆ ده‌كات و له‌گه‌ڵ چه‌ند پیاوێكدا به نهێنی ده‌ینێرێت بۆ گوندی نازه‌نین بۆ بینینی كوڕه‌كه‌ی، بێگومان له‌و سه‌رده‌مەدا كه رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حوکمڕان بوو، ئه‌م جۆره كار و هه‌ڵوێستانه كاری هێنده سانا نه‌بوون.
هونەرمەندی ناسراو و دیاری بواری نواندن و شانۆی شاری هه‌ولێر، كاك بەکر مەعروف لە چاوپێكه‌وتنێكدا ئاماژە بە دوو هەڵوێستی زۆر جوان و کوردپەروەرانەی ئەم میرخاسە دەکات و دەڵێت: دوو لە جوانترین هەڵوێستە کوردپەروەرانەکانی ئەم کەڵە پیاوە جوامێر و بەخشندە و کوردپەروەرە کە هەرگیز لە بیرییان ناکەم، ئەمانیش ئەمانەن: «لە ساڵی 1981دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا بە سەردانێکی تایبەت و كارێكی پێویست چووین بۆ لای میر ئاغا واحید بەگ و پێشوازییەکی گەرم و گوڕی لە رادەبەدەری لێ‌کردین، داوامان لێکرد فریای (نازم گەردی) بکەوێت و رزگاری بکات و بینێرێت بۆ شاخ و دووری بخاتەوە لە شار، کە لە یەکێک لە سەربازگەکانی رژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێندا سەرباز بوو، بە نهێنی هاوکاری و یارمەتی بێ سنووری پێشمەرگەکانی رێکخستنی نهێنی ناوشاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دەکرد و تەسریحی دەکردن لە فەرمانی گرتن و بە سەربازکردندا کە خۆشی یەکێک بوو لەوان، بەڵام لەلایەن رژێمەوە ئاشکرا بووە و وا پێویست دەكات بە زووترین کات دەرباز بکرێت، چونکە فه‌رمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووه. ئەمیش بەوپەڕی خۆشحاڵیی و بوێری و دڵسۆزی و کوردپەروەرانەوە، ئەم کارەی جێبەجێکرد و دەربازی کرد و ناردی بۆ شاخ، دووری خستەوە لە هەموو مەترسییەک.
هەروەها هەر لە هەمان ساڵدا هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (ئەسعەد عومەر) كە بە یەکەوە کاری هونەری و شانۆییمان دەکرد، خەڵکی شاری کەرکوک بوو، بەڵام لە شاری هەولێر دەژیا، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە سەربە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانەوە بوو، دوای ئەوەی لەسەر کاری سیاسی دەستگیردەکرێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی ئەبوغرێب بەند دەکرێت، لێخۆشبوونی گشتی ئەوسای رژێمی بەعس دهیگرێتەوە و ئازادبوو، بەڵام هەمیشە دەکەوتە ژێر چاودێریی و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی رژێمی بەعس و به رێگەی جیاجیا كێشه و سه‌رئێشه‌یان بۆ دروست ده‌كرد و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دا. ئێمەش ناچاربووین جارێکی دیکە پەنا ببەینە بەر ئەم میرانە لەخۆبورد و و سینە فراوان و پێشمەرگە دۆست و گەورەیە، ئەو به شانازییه‌وه ئەمیشی ناردە شاخ و پاراستی لە هەموو مەترسییەک».
ئاغا واحید به‌گ دۆستێكی نزیكی سه‌رۆك مام جه‌لال بووه، چه‌ندین جار یه‌كترییان بینیووه، گه‌لێك قسه‌ی خۆش و نه‌سته‌ق و به‌سه‌رهاتی جوان و خه‌نده‌ئامێز له نێوانیاندا گوزه‌راوه و روویداوه، هه‌روه‌ها هاوڕێی سه‌ركرده‌ی ئازا و دلێر كاك كۆسره‌ت بووه و له‌نزیكه‌وه ئاشنای یه‌كتربوون و سه‌ردانی یه‌كترییان كردووه. ئه‌مه‌ش شیعرێكی كه‌سایه‌تیی ناوبراوه كه له‌سه‌ر دونیا و زه‌مانه نووسیویه‌تی:
ده‌بـا بـمریـن لـه بــۆ خـۆمـان
لــه داخـی حــیــزه دنـیـایـێ
كه چه‌ندكه‌س بوون به تاجیر و
ئێمه‌ش ماوین له سه‌حرایێ
ئـهوهل گـهنجین ئـه‌وا رۆیی
بـه پـیـریش تـازه بـۆن نایێ
له ده‌ستن چوو دیـن و دنیا
به غـهوسی مار لـه به‌غدایێ
گه‌لێ مانـدی و مشهقـهت بووین
لـه فرت و فێری دنیایێ
ئـه‌وا ئـیـمــڕۆ كـه زانیـمـان
لــه‌و ئــیــشـانـه چ دهرنـایـێ
زه‌مان ئیمڕۆ لـه‌گـه‌ڵ پێشوو
وه‌كو جـاران بـهكارنایێ
ئه‌گه‌ر نه‌تبێ پـارهوپول
ئه‌سڵ ونـهسهب بهكهلـك نـایێ
مـه‌ڵێ خزم و كـهسم زۆره
بـهقیمـهت یـهك فلـس نـایێ
ئـه‌گـه‌ر هـهتبێ خـزم زۆره
ئـه‌گـه‌ر نـهتبێ بۆ لات نایێ
فـكـر لێـكه لـههـهر لایێ
یـهكێ پیـاو بوو چـی بـۆ نـایێ
لـه نـامـهردیــش چ دهرنـایـێ
دیــناری بـێ وه‌كو كـایێ
بــڕۆ (ئـاغـا) بـۆخــۆت دانـیش تـهمـاشـاكــه لـه مـهودوایێ
لهعهسری ئه‌و زه‌مانه‌یدا
پیاوی موفلیس بهكهلك نایێ
له رێكه‌وتی (15\16/5/1999)، گیانه پڕ شكۆمهنديیهكهی مه‌یدانی سوارچاكیی و به‌خشنده‌یی و میهره‌بانیی به‌جێده‌هێڵێت و ماڵئاوایی له كۆڕی میران ده‌كات، هه‌ر له شاره‌دێی هیران ته‌رمی پیرۆزی به‌خاك ده‌سپێردرێت.
هیران و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، ناحیەی هیران رۆڵێكی ئێجگار پڕ بایه‌خ و گرنگيشی هه‌بووه له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورددا، ده‌توانین بڵێین هه‌میشه یەکێک بووە لە سیمبولەکانی قوربانیدان و هێرش و په‌لامار و تۆپبارانی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی رابردووی عیراق، زۆرترین زه‌ره‌ر و زیانی مادی و مرۆیی به‌ركه‌وتووه له سه‌رده‌می رژێمی دیكتاتۆریی سه‌دامدا، چه‌ندین جار دووچاری شاڵاوی راگواستنیش بووه له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
له زۆربه‌ی بیره‌وه‌ریی و یاداشته‌كانی سه‌ركرده و فه‌رمانده و پێشمه‌رگه‌كانی شاخدا هیران باسكراوه له نموونه‌ی (موحسین ئاواره‌ی شاعیر، سه‌ركرده نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین، چاپووك سه‌ید عومه‌ر...تاد).
سه‌رچاوه‌كان:
1- سهیل خورشید عزیز (شه‌ماڵ)، ئه‌تڵه‌سی كارگێڕیی باشووری كوردستان نێوان ساڵانی (1850 -1990)ز، به‌رگی دووه‌م، پارێزگای ئه‌ربیل «هه‌ولێر» چاپی یه‌كه‌م 2021.
2- محەمەدی مەلا مستەفا هیرانی (دیوانی صافی هیرانی) ـ لێكۆڵینەوە و ساغكردنەوەـ ، چ2، 2015، هەولێر.
3- سه‌رجه‌می به‌رهه‌می شاكر فه‌تاح، (ئاوێنه‌ی ژینم) یادداشته‌كانی شاكر فه‌تاح، كۆكردنه‌وه و رێكخستنی، سه‌ید عه‌لی به‌رزنجی، كتێبی یه‌كه‌م، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م، 2003، هه‌ولێر.
4- دەبلیو . ئار. هێی، (دوو ساڵ لە كوردستان)، وەرگێڕانی، لوقمان باپیر، 2016، هەولێر.
5- گۆڤاری خازر، (کەسایەتی دیاری دەڤەری خۆشناوەتی ئاغا واحد بەگ هیرانی)، ئەیار ئەلباشا، ژمارە 200، تەمموزی 2022.
6- گۆڤاری سلێمانی، (شاره‌دێی هیران و میرانی ئاغا واحید به‌گ)، كۆسره‌ت خۆشناو، ژماره206، مانگی7 و 8 ی 2022.
7- گۆڤاری دیوان، (شاباڵهكهی به‌خشنده‌یی ئاغا واحد به‌گ هیرانی)، كۆسره‌ت خۆشناو، ژماره 16، ئه‌یلولی 2022ی زایینی.
8- رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، (شاره‌دێی هیران و بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كورد)، ئاماده‌كردنی داریان خۆشناو، ژماره 8054، یه‌كشه‌ممه7/11/2021.
ئه‌حمەد دڵزار
هیران لێوانلێوە لە بەرزی و نزمی، دۆڵی سەرنجڕاكێش و دیمەنی رازاوە بە گرد و شێو و چیا‌و تاشەبەردی شاخی سەركەش
ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە لەڕووی گەشتوگوزار و بەرهەمی زۆری میوە و بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵی و سروشتی
ئاغا واحد به‌گ سافی هیرانی
هیران یه‌كێكه له ناوچه سه‌رنجڕاكێش و رازاوه و دڵگیره‌كانی كوردستان