کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەردەوامە و وتەبێژی کۆمسیۆنیش دەڵێت: "تا ئێستا 453 سکاڵامان بەدەست گەیشتووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت".
جومانە غلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە لێدوانێکیدا بە PUKMEDIAی راگەیاند: "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەتا ئێستا 453 سکاڵای لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەدەست گەیشتووە، کە لە نێوانیاندا سکاڵای سەوز هەیە کە کۆمسیۆن وەڵامی ناداتەوە و سکاڵای زەرد هەیە لەسەر چاودێران و ئامێرەکانی دەنگدان و کارمەندانی کۆمسیۆن، کە بەهۆیەوە کۆمسیۆن سزای کەمتەرخەمەکان دەدات، لەو سکاڵایانەش هیچ سوورێکی تێدا نەبووە".
وتیشی، "کۆمسیۆن لیژنەیەکی هەیە کە خوێندنەوە بۆ سەرجەم سکاڵاکان لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات و بۆ سەوز و زەرد جیایان دەکاتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، پڕۆسەکەش هەتا ئێستا بەردەوامە و دواتر لیژنەکە سکاڵاکان بۆ بڕیاردان لەسەری بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرزدەکاتەوە".
وتەبێژەکەی کۆمسیۆن ئەوەش دەڵێت: "لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆتایی رادەگەیەنرێت و لەئێستادا کۆمسیۆن سەرقاڵە بە هەژماردکردنی دەستی دەنگەکان و ئەوەش چەند رۆژێکی دەوێت بەتایبەت جیاکردنەوەی دەستی دەنگدانی تایبەت، ئەوەش پرۆسەیەکە درێژە دەکێشێت لەبەر ئەوەی دەنگدەری تایبەت هەیە لە هێزە ئەمنییەکان و پەنابەران دەنگدەری بەغدا بون و لە ئەنبار دەنگیان داوە".