سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە ئاشکرایکردووە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ و کەناڵی ئاسمانی نەوەی نوێ NRT، هەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە گوایە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئیمزای کۆکردۆتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ئەوەی مووچە راستەوخۆ لە حکومەتی ئیتحادییەوە بدرێ بە مووچەخۆرانی هەرێم و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی ئیمزایان نەکردووە.
وتیشی، سەبارەت بەم موزایدە و چەواشەکارییە، بۆ رای گشتی کوردستانی رووندەکەینەوە کە لە مانگی (10)ی ساڵی رابردوو، لە سۆنگەی گرنگیدانمان بەکاری پێکەوەیی و یەکڕیزیی و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کێشەی مووچە، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ ئیمزامان کۆکردەوە، تا کو داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق بکەین مووچە لە ململانێ سیاسییەکان دەربهێنرێت و راستەوخۆ دابەش بکرێ، بەڵام دواتر فراکسیۆنی نەوەی نوێ کڵێشەی یاداشتەکەیان گۆڕی بەکڵێشەی نەوەی نوێ و بەکاریان هێنا بۆ موزایدەی سیاسی و سەرۆکی نەوەی نوێ فرسەتی هێنا و بردی بۆ سەرۆک وەزیران.
سۆزان مەنسور دەشڵێت، لە ئێستادا دیسان ئیمزا کۆکردنەوەی نەوەی نوێ بۆ هەمان مەبەست هیچ گرنگییەکی نییە و تەنها بۆ موزایدەی سیاسییە، چونکە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتحادی پێشتر وەڵامی یاداشتە هاوبەشەکەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی داوەتەوەو پەسەندی کردووە.
سەبارەت بە هەمواری یاسای بودجەش، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتحادی زیاتر لە دوو مانگە رایگەیاندووە، لیژنەی بۆ پێکهێنراوە لە راوێژکارانی و لیژنەی دارایی پەرلەمان کە نەوەی نوێ هیچ ئەندامێکی تیانیە، ئێستا چ پێویست ئەکات ئیمزای بۆ کۆبکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر فراکسیۆن و حزب و پەرلەمانتار و کەناڵێک لەناو هۆڵی پەرلەمان هیچی پێنەکرێت و بێتە دەرەوە لەکەناڵەکانەوە هەوڵبدات بەمەرامی دەستکەوتی سیاسی، ئیستغلالی دۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان بکات و موزایدەی سیاسی و چەواشەکاری بکات، داماڵراوە لە هەموو بەها و ئاکارە سیاسیەکان و ئیتیکی میدیایی.