ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوادەکات پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە و بەیاسا بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بناسێنرێت.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند: "بەنووسراوی رەسمی داوام لە سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت کردووە کە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بۆئەمەش لە هەوڵداین کە زۆرترین دەنگ بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کۆبکەینەوە و پڕۆژەکە دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت".
وتیشی، "فراکسیۆنی یەکێتی بۆ دەنگدان بە سەرۆکی نوێی پەرلەمان مەرجی هەیە، کە یەکێک لە مەرجەکانمان تەواوکردنی پڕۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیە و دەنگدانە لەسەر پڕۆژەکە".
پێشتر لەسەر داوای فراکسیۆنی یەکێتی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خرایە کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆکرا، بەڵام بۆ بڕیاردانی کۆتایی، بە بڕیاری محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عیراق دواخرا.
پێشتر لە سەردانەکانیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردە عیراقییەکاندا، سەرۆک بافڵ تیشکی خستۆەتەسەر پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەركردە عیراقییەكانی راگەیاندووە: "بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەستكەوتێكی بچووكە بۆ ئەو قوربانییە گەورەیەی هەڵەبجەییەكان لەپێناوی عیراقێكی دیموكراسیدا داویانە و پێویستە لایەنە عیراقییەكان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان ئەو پرسە لە بەرژەوەندی هەڵەبجەییەكان كۆتایی پێبهێنن".