دیداری / ئیبراهیم قامیشلو
نەورۆز رەشۆ، پهیامنێری بهشی کوردی دهنگی ئهمریكا له رۆژئاوای کوردستان، لەلایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیای گڵۆباڵ، وەک رۆژنامەنووس و پەیامنێری بژارتی خەڵاتی داڤید بروک، دامەزرێنەری رۆژنامەگەری ئەمریکی وەردەگرێت. ئەمەش وەک رێزلێنانێک بۆ کار و خزمەتی پیشهی رۆژنامهگهری دروست، بە تایبەتی بۆ راستی ناوەڕۆکی راپۆرتەکانی لە بوارهكانی بارودۆخی مرۆیی و ژنان و دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بە گشتی.
لهو بارهیهوه نەورۆز رهشۆ به كوردستانی نوێی راگهیاند: ساڵی 2007 دەستم بە کاری رۆژنامەنووسی کردووە. ساڵی 2017 بووم بە پەیامنێر له بەشی کوردی رادیوی دەنگی ئەمریکا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان و لە زۆر شوێنی جیاوازدا رووماڵی بەرەکانی شەڕ و رووداوهكانم كردووه. هەرچەندە لە زانکۆی حەڵەب بهشی پزیشکیم تهواو كردووه، بەڵام بەهۆی ئازارەکانی نەتەوەی کوردەوە کاری رۆژنامەنووسیم هەڵبژاردووە. چونکە باوەڕم وایه بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان تەنها میدیا و رۆژنامەگەریی دەتوانێ ئەو کارە بکات.
هەڕەشەی راستەوخۆ
لە سەرەتای راپەڕینی گهلانی سوریاوە، له ناوچە کوردییەکان هەمیشە هەڕەشە له سەر ژیانی خەڵک بە تایبەتی رۆژنامەنووسان ههبووه. به تایبهتیش لهو شوێنانەی کە من کارم تێدا کردوون، كه چەندین هێز و لایەنی سیاسی جیاوازی تێدا بووە و راستەوخۆ هەڕەشە بوون لەسەر ئازادی رۆژنامەگەریمان.
نەورۆز رهشۆ ههروهها وتی: بەڵام هۆکاری سەرکەوتن و بهدهستهێنانی متمانەم ئەوەیە کە هەمیشە بە راستی و راستگۆییەوە پەیامی رۆژنامەوانیم گەیاندووە. هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی زۆر قورس بوو، بەڵام توانیم بە شێوەیەکی دروست و بوێرانە کار بکەم و راستگۆیی و ئەتەکێتی رۆژنامەوانی خۆم بپارێزم. زۆربەی کارە رۆژنامەوانییەکانم له بهشی کوردی رادیوی دەنگی ئەمەریکا لە عەفرین و پارێزگای حەڵەب بە گشتی بووە، و ئێش و ئازارەکانی ئاوارەکان لە کەمپەکانی ناوچەی شەهبا و دهوروبهری گهیاندووه. ههروهها به گشتی شهڕ و پشێوییەکانی سوریا به تایبهتی لە ناوچه کوردییهکان کارم کردووه که بهردهوام ئهو سنووره لهژێر هێرشی گروپه چهکدارهکاندا بووه.
هەرچەندە ئەمە ئەرکێکی زۆر قورس بوو، بەڵام توانیم بە شێوەیەکی دروست و بوێرانە کار بکەم و راستگۆیی و ئەتەکێتی رۆژنامەوانی خۆم بپارێزم
پێداگریی لە ئازادی
وتیشی: دهستنیشان كردنی من بۆ ئەم خەڵاتە بەهۆی پیشهی رۆژنامهگهری راستگۆیانەمەوە بووه. بە تایبەتی بەهۆی ناوەڕۆکی راپۆرتەکانم لە بواری بارودۆخی مرۆیی و ژنان و دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بە گشتی. ئهم خهڵاته ساڵانه ئاژانسی ئەمریکی بۆ میدیای گڵۆباڵ ساڵانە دەیبەخشێتە رۆژنامەنووس و پەیامنێری هەڵکەوتوو، من دڵخۆشم کە وەک کچێکی کورد توانیم ئەم خەڵاتە بەدەست بهێنم و کارەکانم بە شێوەیەکی پیشەیی بگەیەنم. هەروەها داڤید بروك، دامەزرێنەری رۆژنامەگەری ئەمریکییە و ساڵانێکی زۆر لە چەندین دامەزراوەی میدیایی ئەمریکادا خزمەتی كردووه و پێداگری لەسەر ئازادی رادەربڕین بۆ رۆژنامەنووسان کردووە.
رۆڵی ژنانی کورد
نەورۆز رهشۆ وتیشی: رادیوی دەنگی ئەمەریکا بە زیاتر لە 50 زمانی جیاواز له جیهاندا پەخشی خۆی دەکات و منیش له بهشی كوردی دهنگی ئهمریكا ئەم خەڵاتەم پێبەخشراوە. هیوادارم ئەم خەڵاتە ببێتە دەرفەتێک بۆ پێشخستنی رۆژنامەگەری کوردی و گەیاندنی دۆزی کورد بە جیهان. ژنان و کچانی کورد هەمیشە نموونەی ئازایەتی و ئازادی بوون، به درێژایی مێژوو ژنانی کورد لە هەموو بوار و سەردەمێكدا رۆڵی پێشەنگیان هەبووە و وەک دایک خۆیان بە بەرپرسیار لە بەرامبەر نەتەوەی کورد بینیوە.
لە کۆتایی قسەکانیدا نەورۆز رەشۆ هیوای خواست کوردستانی نوێ، كه ساڵانێكه قۆناغێکی زۆر گرنگ و دروستی بۆ رۆژنامەگەری کوردی دهستپێكردووه، لهمهودوا رێگایەک بێت بۆ بەستنەوەی هەموو کورد و ببێتە سەکۆیەک بۆ نووسهران و رۆژنامهنووسانی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
شایهنی باسه، نەورۆز محەمەد رەشۆ لە ساڵی 1990 لە گوندی (چوڵاقا)ی سەر بە ناحیەی بلبول لە چیای کرمانج سەر بە پارێزگای حەڵەب لە بنەماڵەیەکی کوردپهروهر لە دایکبووە. قۆناغهكانی خوێندنی سهرهتای و ناوهندی و زانکۆی لە پارێزگای حەڵەب تەواو کردووە.