مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن، راست نین، بە هەموو شێوەیەکیش رەتیکردەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران دوابخرێت.
نووسینگەی راگەیاندنی مەشهەدانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەبەر رۆشنایی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی هەندێک لە ئاژانس و کەناڵەکانی میدیا باسی دەکەن، سەبارەت بەوەی گوایە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاندووە، پێدەچێت هەڵبژاردنی داهاتوو دوابخرێت، جەختدەکەینەوە ئەو لێدوانانە ورد نین و لێدوانی لەو شێوەیە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا نووسینگەی مەشهەدانی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، ورد بن و پشت بە لێدوان و راگەیەندراوی فەرمی ببەستن، بۆ زانینی هەڵوێستی فەرمی، چونکە ئەوەی گواستراوەتەوە و قسە و باسی لەسەرکراوە لەلایەن هەندێک میدیاوە راست نییە.
ئەو رەتکردنەوەیەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەکاتێکدایە، پێشتر مەحمود مەشهەدانی لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندبوو، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن پەسەند بکرێت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى نوێنەران لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەگەر بارێکی لەناکاو بێتە پێشەوە، ئەگەری دواخستنی هەیە.
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەبچێت، پاش ئەوەی بیرۆکەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەڵوەشێنرایەوە، کە پێشتر لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەڵێنی لەبارەوە درابوو.