سازدانی :نەرمین عوسمان محەمەد
یەکێک لەو ژنە خەباتگێڕ و قارەمانانەی گەلەکەمان کە خاوەنی مێژوویەکی جوان و قوربانیدانە خاتوو(سنەوبەر ئیسماعیل)ە کە بەم دواییانە، کۆی مێژووی ئەزموونی خەبات و شۆڕشگێڕیی خۆی لە کتێبێکدا تۆمارکرد و لەلایەن رێکخراوی «کەریمی عەلەکە» ەوە کتێبەکەی چاپ و بڵاوکرایەوە، لە دیدارێکی کورتدا کوردستانی نوێ بەسەریکردەوە:
*دوای ئەم هەموو ساڵەی خەبات، خەباتەکەی خۆت چۆن پێناسە دەکەیت؟
- خەباتی خۆم هەمووی بە ئەرکی سەرشانم دەزانم، هەروەها بە پێویستی دەزانم ئەو ژنانە خەباتەکەی خۆیان یاداشت بکەن، بە مەبەستی هاندانی گەنجان بۆئەوەی ئەوانیش بتوانن رۆڵ ببینن و گرنگی بەو مەسەلەیە بدەن، چونکە تا ئێستا راستە ژنان رۆڵی باشیان بینیووە، بەڵام ژمارەیان کەمە و بۆئەوەی بتوانین زیاتر ژنان رابکێشین بۆ تێکۆشان و هەوڵدان، پێویستە گشت بیرەوەری و کارەکانی کردوومانە بیخەینە بەردەمیان.
*دەوترێت خەباتی ژنانی رۆژهەڵاتی نێوەند دووجار خەباتە لەبەرئەوەی ژن لەو ناوچەیەدا کەسی پلە دووە لەو کۆمەڵگەیانەدا، بۆیە دووجار فشاری لەسەرە، یەکێکیان جەندەرییە و ئەوی دیکە خەباتگێڕانە، کەواتە تا چەند ئازاد بوویت و تاچەند رێگریت لێکراوە؟
-بەراستی ئەم وتەیە زۆر راستە ژنان لەم وڵاتانەدا لەلایەکەوە وەک ژن و لەلایەکی دیکەش لەڕووی چینایەتییەوە دەچەوسێنرێنەوە، لەلای خۆشمان پێویستە فۆکەسێکی زۆر بخرێتە سەر ژنان، چونکە لە چەندین لایەنەوە پێویستیان بە خەباتە لەلایەنی کۆمەڵایەتی و زانستییەوە و پاراستنیان لە بازرگانیکردن پێیانەوە، بۆیە پێویستە خەباتی ژنانی ئێمە بە دوو ئاڕاستەدا بێت، دوورخستنەوەی خەباتی ژنان بێت لە پاشکۆبوونی حزبایەتی و دووەم کارکردنی هەموو ژنانە بەیەکەوە.
رێگە بدرێت بە ژنان دەسەڵاتی بڕیاردان وەربگرن و لە کارەکانیاندا هاوکاری بکرێن، بەڵام بە داخەوە تائێستا ئەمە زۆر کەمە
*وەک ژنێکی خەباتگێر راشکاوانە پێمان بڵێ هەست دەکەیت دوای راپەڕین ئێوەی ژنانی شۆڕشگێڕ وەک پێویست مافی خۆتان پێبەخشراوە؟
-ئەوەی جێگەی داخە گرنگیدانەکە بە شێوەی پێویست نییە، ژنان لەلایەن حزبەکانییشیانەوە بایەخ و مافی تەواوی خۆیان پێنەدراوە و تا ئێستاش بیروباوەڕی پیاوسالاریی وایکردووە، تەنانەت لە ناو حزبەکانیشدا بە پلە دوو بڕوانرێتە ژنان، هەندێک لە حزبەکان ناوی ژنەکانیان هەر ناهێنن و رێگایان پێنادەن بە ئاشکرا لە هەندێک شوێنیشدا کار بکەن.
*ئەگەر رووی دەمت بکەیتە حزبەکانی کوردستان داوای چی دەکەیت بۆ ژنانی خەباتگێڕی هاوشێوەی خۆت؟
-پێویستە رێگە بدرێت بە ژنان دەسەڵاتی بڕیاردان وەربگرن و لە کارەکانیاندا هاوکاری بکرێن، بەڵام بە داخەوە تائێستا ئەمە زۆر کەمە.