كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

02:12 - 2024-08-15
ئەدەب و هونەر
1227 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(7)


گومانی دێکارتی


شێوازی گومانکردنی دێکارت دەچێتەوە سەر کتێبی تێڕامانەکانی، کە یەکێکە لە هەرە ناودارترینی کتێبەکانی مێژووی فەلسەفە. ناونیشانەکەشی ئەمەیە: (تێڕامانەکان لە فەلسەفەی یەکەم) و لە سالی ١٦٤١ دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبەم بە هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی خوێندۆتەوە، شتێکی باش دەکەیت ئەگەر تۆش بیخوێنیتەوە.

دێکارت هەموو پرتەقاڵەکان (ئایدیاکان)ی لەمێشکی خۆی دەرکرد، لەجیاتی ئەوەی بەدوای ئایدیا دروستەکاندا بگەڕێت، یەکسەر دەپرسێت: گرنگترین ئایدیا کامەیە؟

بیرت دێت، باسی ئەوەم کرد کە دێکارت ئەندێشە دەکات بلیمەتێکی خراپەکار بە پەنهانی هزری نادروست، هەڵگەڕاوە، پێچەوانە دەخاتە مێشکییەوە. بە کورتی زانیاریی درۆی پێدەگەیەنێت.
ئەمە هیچت بیردەخاتەوە؟ ئەیچۆن! پێشتریش ئەفلاتون وتوویەتی هەستەکانمان زانیاریی هەڵەمان پێدەگەیەنن و ناتوانین متمانەیان پێبکەین. لای ئەو بلیمەتە خراپەکارەکە هەستەکانە. هەروەها ئەفلاتون لەوەش زیاتر پێی لێڕاکێشاوە: ئەم جیهانەی تێیدا دەژین و درکی پێدەکەین جیهانە راستەقینەکە نییە، بەڵکو کۆپیی جیهانێکی دیکەیە پێی دەوترێت جیهانی فۆرمەکان. دەبینیت، دوای سەدەهایەکی زۆر، دێکارت هەمان بیرۆکەی ئەفلاتون دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بەجۆرێکی دیکە.
بەلاتەوە سەیر نەبێت، تۆ هەزاران ساڵە هزری نادروست دەخرێتە مێشکتەوە و ئەوەی ئەو کارەش دەکات رێک بلیمەتە نەبینراوەکەیە، بەڵام لە رێگای بریکارەکانییەوە ئەو کارەت لەگەڵ دەکات،  دواهەمینیان گەڕاندنەوەی بیرۆکەی زەوییەکی تەختە، کە زۆر دەمێکە زانست بەزاندوویەتی و ئێستا هاتۆتە ئەم قوژبنە دواکەوتووەی دنیا بۆ ئەوەی جارێکی دیکەش لەگەڵ تۆدا تاقیبکاتەوە.
بەڵام دێکارت ئەو پرسیارە دەکات کە تۆ هەرگیز لەخۆتت نەکردووە: لەناو ئەم هێرشە بە لێشاوەی زانیارییە نادروستەکاندا، دەتوانم هیچ شتێکی راستی، هیچ هەقیقەتێک بزانم؟ ئایا هیچ جۆرە هەقیقەتێک لەگۆڕێیە بتوانم لێی دڵنیا ببم؟
پرسیارێکت لێبکەم: تۆ تا چەند لەبوونی خۆت دڵنیایت؟ ئایا ئەویش هەر بلیمەتە بەدکارەکە نەیخستۆتە مێشکتەوە؟ چی! من کە خۆم نەبم، ئیتر دەیخاتە مێشکی کێوە؟ یان، هەر بەوەی ئەو بلیمەتە دەتوانێت هزرە هەڵەکان بخاتە مێشکمەوە، کەواتە من هەم!
دەی باشە، ئەمە ڕێک دێکارتییانەیە. زۆر باشە، تۆ ئێستا بیردەکەیتەوە، بۆیە دەتوانیت دڵنیا ببیت لەوەی هەیت. ئەها! لێرەوە دەگەینە لای وتە نێودارەکەی: من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم!
ئەمە باشە؛ سەرەداوێکە، بەڵام پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا هەروا بە سادەیی دەتوانین یەکێک لە پێکهێنەرەکانی زانین بە چارەسەر بۆ هەموو گومانەکان دابنێین؟ واتە تەنها بیرکردنەوە بەسە بۆ ئەوەی چیتر گومان لە شتەکان نەکەین؟ دێکارتیش درکی بەمە کردبوو، ئەو وەک خودێکی بیرکەرەوە، بۆ ئەوە دەچوو کە دەبێت جگە لە بیرکردنەوەی من، کە سەلمێنەری بوونی منە، شتێکی دیکەش هەبێت، کە بیسەلمێنێت ئەم گەردوونە لەگۆڕێیە. یانی بە شێوەیەک لە شێوەکان من تاک و تەنها هەر خۆم نیم.
با بچینەوە بۆ سەرەتا: من فریودرابم یاخود نا، ئێستا لە ناو مێشکمدا هەزاران بیرۆکە، ئایدیای جۆراوجۆر هەن. ئەمە وشە گرنگەکەیە: ئایدیاکان! دەربارەی مجێورە بەتەمەنەکەی مزگەوت کە لەم رۆژانەدا مرد، دەربارەی درەختەکانی باخچەکەی بەرامبەر ماڵەکەم، دەربارەی بەها ئاکارییەکانی ئەو ژنەی نیوەڕوان چێشتی ماوە ڕۆدەکاتە ژێر درەختەکانەوە بۆ ئەوەی چۆلەکە بیخۆن، بەڵام بێ ئەوەی درکی پێبکات، درەختەکان وشک دەبن. با ئاسانتری بکەمەوە: ئایدیا دەربارەی سەگەکانی هەواری شار، نەخێر هەر 'سەگ' بە گشتی! ئایدیا دەربارەی 'درەخت'، 'ئاو' ... هەزاران شتی دیکە؛ ئەمانە هەموویان لە مێشکمدا هەن. هەندێکیان نوێنەرایەتی شتە مەزنەکان، هەندێکی تریان گوزارشت لە شتە بچووکەکان دەکەن. ئەمە هیچت بیردەخاتەوە؟
راستە! فیلمی ماترێکس، کۆمەڵێک مرۆڤ پێوەستن بە وایەر و لولەوە کە گەیشتۆتە مێشکیان تا وا بزانن رووبەڕووی جیهانێکی راستەقینە دەبنەوە. دوای ئەوەی سەیری فیلمەکەت کرد، ئەگەر ئەم پرسیارەت لا دروست بوو: بڵێی ئەمە ڕاست بێت؟ بڵێی ئێمە لەناو جیهانێکدا گیرمان خواردبێت کە هیچی دروست نیە؟ لە باشترین حاڵدا خەونێکە و هیچی دیکە! ئەگەر ئەمەت لا دروست بوو، ئەوە تۆ ئەقڵێکی فەلسەفییانەت هەیە. لەوە زیاتر باسی فیلمەکە ناکەم، دوای خوێندنەوەی وتارەکەی من، بڕۆ جارێکی دیکەش سەیری بکەرەوە و دێکارت لە مێشکی خۆتدا دابنێ. ئەوەش لە پێشچاو بگرە، لەم جیهانەدا کەسانێکی دەگمەنی وەک سۆکرات هەن کە هەقیقەت هەڵدەبژێرن نەک ئاسودەییەکی ساختە.
دەمەوێت بڵێم دێکارت بە رادەیەک گومانگەرا بوو، کە ئەوجۆرە گومانکردنەی ئەویان ناوناوە 'گومانی دێکارتییانە'. ئەو دەڵێت کاتێک باوەڕم بە شتەکانی دەوروبەرم، بە هەستەکانم هەبوو، نەمدەزانی هەڵەن، بەڵام کە گومانی لە بلیمەتە خراپەکارەکە کرد، ئیتر بۆی دەرکەوت رەنگە هەموو ئەو شتانەی وایدەزانی دروستن، هەڵە بن. پرسیاری ئەوەی لا دروست بوو: دەبێت کام لەو شتانەی من باوەڕم پێیانە هەڵە بن، یان کامیان دروست بن؟
لە کۆتاییدا گەیشتە بیرۆکەیەکی زرنگانە: پێویستە هەرچی لە مێشکمدا هەمووی خاڵی بکەمەوە و بگەڕێمەوە بۆ خاڵی سەرەتا، بۆ ئەو کاتەی هیچ باوەڕێکم نەبووە. با بە نموونەیەک ڕوونی بکەمەوە:

ئەگەر سەبەتەیەک پرتەقاڵت هەبێت و گومان بکەیت هەندێکیان خراپ بوون. باشترین رێگا بۆ جیاکردنەوەی پرتەقاڵە گەنیوەکان کامەیە؟ بەڵێ! هەموویان هەڵبڕێژەوە سەر زەوییەکە و یەکە یەکە بیانپشکنە و پرتەقاڵە ساغەکان بکەرەوە ناو سەبەتەکە. ئەمە رێک ئەو کارە بوو کە دێکارت لەگەڵ هزر و ئایدیاکانیدا کردی. سەرەتا بەو باوەڕانە دەستیپێکرد کە لە هەستەکانەوە دێن. رەنگە تۆش لەسەر ئەو رایە بیت کە زۆربەی بۆچوون و ڕاو ئایدیاکان لە هەستەکانەوە دێن، وەک بینین و بیستن و هتد. شتێک کە بە هەستەکانم درکی پێبکەم، مانای ئەوەیە دەیزانم. دێکارتیش هاوشێوەی ئەفلاتون رای وابوو کە هەستەکان زۆربەی کاتەکان فریومان دەدەن. نموونە بۆ ئەمە زۆرن، ئەوەیان لێدەگەڕێم بۆ خۆت.
دێکارت هەموو پرتەقاڵەکان (ئایدیاکان)ی لەمێشکی خۆی دەرکرد، لەجیاتی ئەوەی بەدوای ئایدیا دروستەکاندا بگەڕێت، یەکسەر دەپرسێت:
گرنگترین ئایدیا کامەیە؟ ئەوەی ئایدیای ئایدیاکانە! بێوگومان: بیرۆکەی بوونێکی تەواو کامڵە. بۆچی؟ چونکە ئەگەر کامڵ نەبێت، ئەوە هێشتا لە پشتی ئەوەوە ئایدیایەکی دیکە هەیە کە لەو مەزنترە. کەواتە ئەرگومێنتەکە ئاوایە:
١. ئەندێشەی بیرۆکەیەکی پێرفێکت (لەناتەواویی بەدەر) دەکەم.
٢. بیرۆکەی وەها لە بوونێکەوە نایەت کە خۆی نا پێرفێکت (ناتەواو) بێت.
٣. بۆیە ئەو بیرۆکە پێرفێکتە لە خواوە هاتووە.
زۆر دڵی خۆت خۆش مەکە! دێکارت مەبەستی لەو خوایە نیە کە تۆ ئەندێشەی دەکەیت، هەروەها مەبەستی لە خوای مەسیحییەکانیش نیە! بۆچی؟ چونکە خوای فەیلەسوفان زۆر جیاوازە لە خوای دینداران. لەڕاستیدا دەشێت کەسێک دیندار بێت و خوانەناسیش بێت، بەهەمانشێوە دەشێت کەسێکی بێدین خواناسێکی گەورە بێت، بەڵام ئێرە شوێنی قووڵبوونەوە لەو بابەتەدا نییە.
ئێستا دێکارت لانیکەم لە دوو شت دڵنیایە: لە بوونی خودی خۆی وەک دێکارت، هەروەها لە بوونی خواش وەک بەڕێوەبەری دانای گەردوون. لەمەشەوە دەگاتە ئەوەی مادام خوا دانایە، کەواتە بلیمەتە خراپەکارەکە ناتوانێت فریومان بدات و فڕێمان بداتە ناو زیندەخەونی نادروستەوە. یانی! ڕەنگە هەندێک جاریش بتوانێت. بەڵام دێکارت زۆر پێداگریی دەکات لەسەر ئەوەی جیهانێک خوای تێدابێت، شەیتان (بلیمەتە خراپەکارەکە) ناتوانێت بوونی هەبێت
بەمجۆرە دێکارت دەگاتە ئەوەی کە ئەگەر بە وردیی بیربکەینەوە، دەگەینە ئەوەی کە ناتوانین ئاواهی بە قووڵی بەناو گومانگەراییدا ڕۆبچین، گومانگەرایی رەها شتێکی ماقووڵ نیە.
وەک دەبینین، خوا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە جەنگی دێکارت لەگەڵ گومانگەراییدا. دواتر زۆرکەس (گومان)یان لە تێڕوانینەکانی دێکارت کردووە.
کۆتایی باسەکە بە نوکتەیەکی خۆش دەهێنم:
رۆژێکیان دێکارت کچێکی جوان داوەت دەکات، لە مینۆکەدا کچەکە داوای کافیار دەکات، دێکارتیش ئەوەندە پارەی پێنەبوو، بەڵام بیری کردەوە ئەنگوستیلە زێڕەکەی بە بارمتە دابنێت و دوایی پارەکە بهێنێت، بەڵام کچەکە داوای شەرابێکی زۆر گرانبەهاشی کرد.
خزمەتچییەکە رووی کردە دێکارت و وتی: "ئەی تۆ چی داوا دەکەیت؟"
دێکارتیش یەکسەر وتی: "من بیر ناکەمەوە کەواتە ............" کچەکە و خزمەتچییەکە سەیریان کرد دێکارت دیارنەماوە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان