حكومەتی عیراق ئاشكرایكردووە، رێژەی هەژاری لە عیراق لە ئەمساڵدا دابەزینی بەخۆوە بینیوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی رێژەی هەژاریشی گەڕاندووەتەوە بۆ پێدانی مووچەی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتییە بە هاووڵاتیان.
لەوبارەیەوە وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشکرایکردووە، لە ئەنجامی راپرسی ئابووری و كۆمەڵایەتی بارودۆخی ژیان كە تایبەتە بە هەژاری، بۆ شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ دەریخستووە كە رێژەی هەژاری لە عیراق رووی لە كەمبوونەوە كردووە.
وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، چاوەڕوانییەكان ئاماژەن بۆ دابەزینی رێژەی هەژاری لە بەرامبەر پاشخانی ئەو رێوشوێنانەی لەلایەن حكومەتەوە گیراونەتەبەر، لەنێویاندا تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی، كە بەشدارییەكی بەرچاوی كردووە، لە پاڵپشتیكردنی دارایی چینە هەژارەكان لە رێگەی باشتركردنی داهات.