مەعروف مەجید*
کێشەی پاڵاوگە نایاساییەکان و موەلیدەی ماڵان و شوێنە گشتییەکان و ئۆتۆمبێلی کۆن و گرفتدار، کە مێژووەکەیان بۆ چەندین ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە، بەشێکی سەرەکین لە هۆکاری پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا کێشەکەی بۆ چارەسەر نەکراوە، بە پێی ئەو بەدواداچوونانەی ئێمە کردوومانە و بە پشتبەستن بە ئامارە راگەیەنراوەکان، لە ماوەی ساڵانی 2015 - 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگاری هەولێر و دەستەی ژینگە، چەندین جار لەسەر هەمان باس و هەمان گرفت بڕیاریان دەرکردووە و هەموو جارەکانیش جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کراوەتەوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
داواشتان لێدەکەم راستەوخۆ خۆتان وەکو سەرۆک وەزیران چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکەن و کەسانی ماستاوچی دامەنێن، دوای ساڵێکی تر بڕیاری ئەم جارەش وەکو بڕیارەکانی ساڵانی پێشوو جێبەجێ نەکرابێت
هەوڵەکانی حکومەت
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە تا ئێستا سێ جار بڕیاری دەرکردووە، ساڵی 2015، یەکەم بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ داخستنی پاڵاگە نایاساییەکان دەرچوو، ئەو کات وەزارەتەکە رایگەیاند، 40 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستان هەن، رۆژی 3ی حوزەیرانی 2015 دوا رۆژیانە و سەرجەمیان دادەخرێن و شوێنەکانیان تەخت دەکرێن.
ساڵی 2018 جارێکی دیکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری داخستنی بۆ پاڵاگە نایاسییەکان دەرکرد و ماوەی 60 رۆژی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دیاریکرد.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دوای بێئومێدبوون لە جێبەجێکردنی دوو بڕیارەکەی پێشووی، ساڵی 2019 بڕیارێکی نوێی بۆ داخستنی پاڵاوگەکان دەرکرد، وەزارەتەکە راگەیاند: 169 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، پێویستە سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی ھەرێمی کوردستان دابخرێن و سەرجەم کەلوپەلەکانیشیان کۆبکرێنەوە.
هێزیش پێکهێنرا، بەڵام سوودی نەبوو
رۆژی 21/4/2019 د.سامی جەلال سەرۆكی لیژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: «بە رەسمی و بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكانی دەركردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ھێزێك پێك هێندراوە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات دەست بە لابردنیان بكرێت».
رۆژی 8ی شوباتی 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئیمزای لەسەر فەرمانی ژمارە 483 کرد کە تایبەت بوو بە داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، دوای دەرچوونی بڕیارەکەی سەرۆک وەزیران پاڵاوگەكان بێئەوەی رەچاوی هیچ بنەمایەكی پاراستنی ژینگە و تەندروستی بكەن بەردەوامییان بە کارکردندا.
رۆژی 4 ئابی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، لە پێناو ژینگەى پارێزگاکە، بڕیاریانداوە لە ماوەى 10 رۆژدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانى پارێزگاکە دابخەن کە ژمارەیان 138 پاڵاوگەیە.
دوابڕیار
کۆتا بڕیاریش رۆژی یەکشەممە 12/1/2025 بوو، ئەوەبوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک و لەو بارەیەوە بڕیار درا:
یەکەم: لەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، لەگەڵ سێ بڕیاری تر.
«لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 192 پاڵاوگە هەن، بە شێوە و ژمارەی جیا بەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەشبوون و تەنها 3 لەو پاڵاوگەیانە یاسایی و فهرمین، ئەوانیش پاڵاوگەکانی (کار، قهیوان، تاوکێن)، لهگهڵ 23 موڵهتپێدراو.
لە سنووری پارێزگای ههولێر 140 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، بەرپرسان دەڵێن بەشێکییان داخراون.
له سنووری پارێزگای سلێمانی 24 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، بەرپرسان دەڵێن هەموویان داخراون.
له سنووری پارێزگای دهۆک 28 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، تا ئێستا دیار نییە داخراون یا نا.
ئهمانه ماوەی زیاتر لە 13 ساڵە، واتە لە 2008وە به نایاسایی کاردەکەن».
مەهێڵن سیناریۆکە دووبارە بێتەوە
بە پێی وتەی بەرپرسانی باڵای حکومەت و ژینگە، گەورەترین هۆکاری پیسبوونی ژینگە و هەوای شارەکان و پیسبوونی خاک و ئاوی ژێر زەوی دەگەڕێتەوە بۆ پاڵاوگە نایاساییەکان، دواتر موەلیدە و ئۆتۆمبێل و پاشماوەکان و سوتاندنی دارستانەکان و چەند هۆکارێکی تر.
من دەمەوێ ئەو داوایە لە حکومەت و خودی سەرۆکی حکومەت بکەم، ئاخۆ هۆکاری چییە لە ماوەی رابردوودا، ئەم پاڵاوگانە نەتوانراوە دابخرێن، ئەگەر دەڵێن پێداویستی ناوخۆییان پێ دابینکراوە، ئەوا ساڵ لە دوای ساڵ هەرێمی کوردستان گرفتی سووتەمەنی و بەنزین و غازی هەبووە و هەیە، ئەگەر بپرسین خاوەنی ئەم پاڵاوگەیانە دەسەڵاتەکانیان لە سەرووی دەسەڵاتی ئێوەوەیە خۆ نیگەران نابن؟
داواشتان لێدەکەم راستەوخۆ خۆتان وەکو سەرۆک وەزیران چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بکەن و کەسانی ماستاوچی دامەنێن، کە هەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوە و دوای ساڵێکی تر بڕیاری ئەم جارەش وەکو بڕیارەکانی ساڵانی پێشوو جێبەجێ نەکرابێت.
دڵسۆزیی رێکخراوەکان
چەندین جار رێکخراوە ژینگەییەکان و دڵسۆزانی ژینگە داوای چارەسەری ئەم گرفتەیان لێتان کردووە، دڵنیابن لە دڵسوزییان بووە نەک دوژمنایەتی، بۆیە ئومێدەوارین ئەمە کۆتا بڕیار بێت بۆ داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە.
ئەگەر ژینگەیەکی خاوێنتان بۆ خۆتان و هاووڵاتییانی کوردستان دەوێت، دەبێ لە ئێستاوە کار بۆ ئەوە بکەن، کۆتایی بەم کارە نایاساییانە بهێنن، بیر لە برەودان بە کارەبای دۆستی ژینگە بکەنەوە کە هەڵکەوتەی کوردستان زۆر گونجاو و لە بارە هەم بۆ وزەی خۆر و هەم بۆ وزەی با، گرنگی بە هۆکاری گواستنەوەی گشتی بدەن و ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە هاوردە بکەن، باج و غرامە بخەنە سەر ماددە پلاستییەکان بۆ ئەوەی پاشماوەکان کەم ببنەوە، هەڵمەتی ساڵانەی ملیۆنان نەمام لە کوردستان رابگەیەنن، ئەو کات دڵنیابن ژینگەیەکی خاوێنمان بۆ فەراهەم دەبێت.
*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە