سازدانی: سەلاحەدین بایەزیدی
پۆرەنتروی، سویسرا
ئەگەری پێکهاتنی ئەم دیدارە راستەوخۆیە لاواز بوو، من لەسەر رێگەی گەڕانەوە و ئەو لەسەر رێگەی رۆیشتن بوو. لەسەر شەپۆلەکانی دەریای سپی وەڵامم دایەوە و وتم: ئەو کاتەی بۆتداناوم لەگەڵ بەرنامەی مندا ناگونجێ، چونکە لە وڵاتێکی ترم. بۆی نووسیبووم: بەم زووانە دەچێتە رۆژهەڵاتی نزیک و چیتر لە سویسرا بەردەست نابێ، بەڵام دەتوانێت لە کاتێکی تردا ڤیدیۆکۆنفرانسێک رێکبخات. پێم خۆش بوو لە نزیکەوە بیبینم و سەرباری هەموو ئاستەنگەکان لەسەر رۆژێکی دیکە رێککەوتین. ئێلیزا، بە راوێژی نیانی زوو رێگای بەردەمت هەموار دەکا تا لە خۆتڕا ببینی خۆمانە بیدوێنی. ئەو وەک چۆن لەسەرخۆ دەنووسێ، ئاواش بە هێمنی قسە دەکات.
ئێلیزا شووا دووساپەن ساڵی1992 لە باوکێکی فەڕەنسی و دایکێکی کۆریایی لە فەڕەنسا لەدایک بووە و لە نێوان پاریس، سیئۆل و زوریخدا ژیاوە، تا لە ساڵی1999دا ، بنەماڵەکەی لە شاری پۆرەنتروی سەربە کانتۆنی ژوورای سویسرا گیرساونەتەوە. ساڵی2005 رەگەزنامەی سویسری پێ بەخشراوە و 2014 بڕوانامەی دیپلۆمی لە ئەنیستیتۆی ئەدەبیاتی سویسرا لە بیەن وەرگرتووە،2016 درێژەی بە خوێندن داوە و ماستەری فەڕەنسیی هاوچەرخی لە زانکۆی لۆزان وەرگرتووە. هەر ئەو ساڵە حکومەتی ژوورا، نازناوی باڵوێزی کانتۆنەکەی پێداوە. ئەو خاوەنی سێ نۆڤڵێت و چوار رۆمانە و یەکەمین رۆمانی(زستان لە سۆکچۆ)، گەلێک خەڵاتی ئەدەبی لە سویسرا، فەڕەنسا و بەڕیتانیا وەرگرتووە، لەوانە: خەڵاتی روبێر واڵسەر، خەڵاتی SGDL، خەڵاتی رێژین دیفۆرژ، خەڵاتی ئەلفا و خەڵاتی ناشناڵ بووک. ساڵی2024 وەشانخانەی پەیک یەکەم رۆمانی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە.
چوارەمین و دوایین رۆمانی ئێلیزا «ئاگرە کۆنەکە» پار بە زمانی فەڕەنسی کەوتە بازاڕەوە، بەڵام ئێمە زیاتر باسی یەکەم رۆمانیمان کرد. لە وتووێژێکدا خوێندبوومەوە کە بە نووسەرانی ژنی وەک مارگێریت دۆراس، یۆکۆ ئۆگاوا، ماری ندیای و مارلین هاوسهۆفێر سەرسامە، رێکەوتێکی سەرنجڕاکێش بوو، چونکە وەرگێڕانە کوردییەکەی ئێلیزا لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبی دیکەدا بڵاو بووەوە رۆمانێکی یۆکۆ ئۆگاوایشی بە ناوی «پۆلیسی یادەوەری» وەرگێڕانی (هەڵۆ فەریق / پەیک، ٢٠٢٤)ی تێدا بوو، بۆیە لەگەڵ دەستی خۆمدا چاپی کوردیی ئەم رۆمانەم بۆ برد و ئەو وێنەیەشم نیشاندا کە یۆکۆ ئۆگاوا لەگەڵ چاپە کوردییەکەدا گرتوویەتی، داوایکرد وێنەکەی بۆ بنێرم. ئێلیزا کە بەرهەمەکانی بۆ نزیکەی چل زمان وەرگێڕدراون، تازە وەرگێڕانە کوردییەکەی بەدەست گەیشتبوو و لە کاتێکدا چاپە کوردییەکە لەسەر مێزەکەی بەردەممان بوو، دەستمان بە گفتوگۆ کرد.
* پێش دیمانەکە پێت گوتم، پازدە رۆژی دیکە دەچیتە رۆژهەڵاتی نزیک و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ نیشتەجێ دەبێت، ئاخۆ دەتوانین هیواداربین یەکێک لە شارەکانی ئەوێ سوژەی پێنجەم رۆمان یان رۆمانێکی دیکەت دەبێ؟
تا رادەیەک لەوە دڵنیام بە ڕوونی، من وازم لە سەفەر و مانەوەیەکی یەک ساڵەی ئیتاڵیا هێنا بۆ ئەوەی بچم لە رۆژهەڵاتی نزیک نیشتەجێ بم، چونکە یەکەمین ئەزموونە مەیدانییەکانم بە رادەیەک رایانچڵەکاندم کە پێش هەموو شتێ پێویستیم بەوە هەیە تێبگەم بۆچی ئەو ناوچەیە بەو ئەندازەیە کاری تێکردووم. بۆیە دڵنیام بابەتی رۆمانی پێنجەمم پەیوەندیی بە رۆژهەڵاتی نزیکەوە دەبێ. هێندە بە ناخی ئەمەدا رۆچووم کە جارێ ناتوانم بڵێم چۆناوچۆن دەبێ.
* تا ئێستا چوار ڕۆمانت نووسیوە، هەر رۆمانەش لە شارێکی جیاواز روو دەدا: زستان لە سۆکچۆ (2016) لە سۆکچۆ، تۆپەڵەکانی پاچینکۆ (2018) لە تۆکیۆ، سێرکی ڤلادیڤۆستۆک (2020) لە ڤلادیڤۆستۆک، ئاگرە کۆنەکە (2023) لە دۆردۆنیی شوێنی لەدایکبوونت. شوێنەکان فڕیان بە یەکترەوە نییە، لێک جیاواز و دوورن، چۆن دەتوانی ئاوا جێگوڕکێ بکەیت و ئاخۆ خۆگونجاندن لەگەڵ شوێنێکی نوێدا ئاسانە؟
دەتوانم بڵێم بۆ من شوێنەکان خاڵی دەستپێکی رۆمانێکن. بەڵگەشم ئەوەیە کە دیارە من ناتوانم ئێستا لە ئیتاڵیا بنووسم، چونکە دەبێت بەتەواوی نوقمی ئەو شوێنە بم کە کاری تێ کردووم، کارەکتەرەکان و چیرۆکەکە دوای ئەمە دێت. من لەسەر شوێنە جیاوازەکان نووسیومە، رەنگە لەبەرئەوە بێ، پێم وایە شوێنەکان تا رادەیەک کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەقەکانمن. ناتوانم بیهێنمە خەیاڵمەوە لەسەر شتێک بنووسم ئەگەر بێت و بەهەموو هەست و دڵمەوە هەستی پێ نەکەم. بۆیە بۆ هەموو کتێبەکانم دوور رۆیشتووم و چەند مانگێک یان تەنانەت چەند ساڵێک لە شوێنی تر ژیاوم. ساڵانێک لە ژاپۆن و کۆریا ماومەتەوە، چەند مانگێک بە شەمەندەفەر بە هەموو رووسیادا گەڕاوم، گەڕاومەتەوە ڤلادیڤۆستۆک بۆ ئەوەی لەوێ بنووسم و دواتر بە هۆی شەڕەوە نەمتوانیووە بگەڕێمەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی دەبووایە بچمەوە رووسیا. ئێستا، بۆ چوونە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشوەختە بڕیارمداوە چەند ساڵێک لەوێبم، چونکە دەمەوێت زمانەکە فێربم. لە سەرەتاوە ئەوەندە کەم لەبارەیەوە دەزانیت کە ناتوانی بڵێیت پێویستم بە مانگێک مانەوە هەیە و دواتر رۆمانێکی لەسەر دەنووسم. لەم رووەوە، هەست بە زەحمەتییەکی تەواو دەکەم، تەنانەت دوای سێ ساڵیش پێم وایە هەمیشە نیگا و سەرنجی من هی کەسێکی نامۆ بێت، بەڵام لانیکەم دەتوانم لە ناوەوە هەستبە شتەکان بکەم، لە هەموویشی گرنگتر بۆ من پەیوەندییە لەگەڵ خەڵک، بۆیە هێشتا نازانم چۆن دەتوانم بنووسم.
چۆن لەسەر شوێنێک ساغ دەبیتەوە، ئایا پێشتر ئەو شوێنە، ئەو شارە دەبینی، بەر دڵت دەکەوێ و بە خۆت دەڵێی رووی تێدەکەمەوە؟
هەرگیز نەچوومەتە ئوردن، بە شێوەیەکی ئاسایی دەبووایە بچمە بەیروت و شەڕ بوو بە ئاستەنگ لە بەردەم ئەوەی بتوانم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەوێ بمێنمەوە، بۆیە بڕیارمدا بچمە عەممان چونکە بۆ مانەوەیەکی زۆر، ئاسایشی زیاترە. لەوێوە ئەوەندەی بتوانم بە گەشت دەچمە هەموو شوێنێک.
ئینجا لەوێ، ئەو شوێنە هەڵدەبژێریت کە چیرۆکەکەی لێ روودەدا؟
بەڵێ، وایە. ئێستا ماوەی چەند مانگێکە چیم بکەوێتە دەست، لەسەر رۆژهەڵاتی نزیک دەیخوێنمەوە. قۆڵم بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی هەڵماڵیووە. گەلەک شت دەخوێنمەوە و چاوم بە کەسانی پسپۆڕی ناوچەکە، مامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنووسەکان دەکەوێت.
پێت وایە ئەو شتەی لێ شین دەبێتەوە کە دەتەوێ؟
جارێ نازانم، لەبەر ئەمەش پێویستە بچم. ئۆکتۆبەری رابردوو، چەند هەفتەیەک لە رۆژهەڵاتی نزیک مامەوە و ئەمەش شتێکی لە ناخی مندا وروژاند. ئەمەم لە هیچ شوێنێکی تر هەست پێ نەکردووە. لە مۆلدۆڤاش کە وڵاتێکی بچووکە و گەلەک زمان و نەتەوەی لەخۆگرتووە ئەم هەستە بەسەرمدا زاڵ بۆوە. ئێستا کە لێرەم بەحوکمی ئەوەی بەرهەمەکانم بۆ نزیکەی چل زمان وەرگێڕدراون، دەتوانم بڵێم ماوەی دوو ساڵی رەبەقە لەهەموو شوێنێک هەر باسی کارەکانم دەکەم. دیارە شتێکی خۆشە بەڵام دەبێ بەردەوام وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە «ئێوە کێن؟ خەڵکی کوێن؟» دوای ماوەیەک خۆشم نازانم. هەتا زیاتر هەوڵبدەن پۆلێنبەندیم بکەن زیاتر هەستدەکەم شتەکە دەستکرد دەبێ. بۆیە پێویستیم بە ئازادیی نووسین هەیە. ئێستا لە سویسرا هەست دەکەم پشووم لێ بڕاوە، چونکە هەموو رێگاکان دەمبەنەوە ناو خانەی نووسەرێکی سویسری، لە کاتێکدا ئەوە من نیم. نازانم لە رۆژهەڵاتی نزیک چی روو دەدا، گرنگیش ئەوەیە کە نازانم. تەنانەت کاتێک خاڵی کۆتایی کتێبێک دادەنێم، نازانم چیم نووسیوە، ئەوە خوێنەرە تێم دەگەیەنێ چی روویداوە، بۆ ئەوێش رەنگە هەر وا بێ. لە کۆتایی نووسینەکەدا رەنگە تێبگەم کە هەستم بەچی کردووە.
شوێنێک بۆ پاڵەوانەکانت هەڵدەبژیت و ئەوانیش لەوێ ئۆقرە ناگرن، هەوڵێک هەیە بۆ دوورکەوتنەوە و رۆیشتنە شوێنێکی دیکە، تەنانەت دەتوانم بڵێم بۆ هەڵاتن، پاڵەوانەکان خەون بە شوێنی دیکەوە دەبینن. لە تۆپەڵەکانی پاچینکۆدا، کلێر هیوادارە دایەگەورە و باوەگەورەی بباتەوە کۆریای زێد. لە زستان لە سۆکچۆ، کچە پاڵەوانەکە خەون بە شوێنی ترەوە دەبینێ. لە دوایین رۆمانتدا دەبینین ئاگاتا دوای پازدە ساڵ دووریی گەڕاوەتەوە شوێنی لەدایکبوونی.
راستە، هیچکام لە پاڵەوانەکانم لەو شوێنە نین کە دەبێ لێیبن. هەڵبەت ئەمە شتێکە کە پرسیارەکەی تۆ وایلێکردم درکی پێبکەم، ئاگاداری ئەوە نەبووم. روونکردنەوەیەکی زۆر عەقڵانیم بۆی نییە. پێم وایە رەنگدانەوەی هەستی خۆمە. ئێستا بۆ نموونە پێویستم بەوە هەیە لە سویسرا بڕۆم، هەرگیز هەستم بەوە نەکردووە لە ماڵی خۆمم، نە لەکۆریا، نە لەفەڕەنسا، نە لەڕاستیدا، لە هیچ شوێنێکی تریش. پێم وایە خاکی من نووسینی منە. تا بتوانم لە نووسینی رۆمان بەردەوامبم، دەتوانم لە هەر شوێنێکی ئەم هەسارەیە جێگیربم، ئەمە بۆ من لە هەموو شتێک گرنگترە. پێشموایە پەیوەندیی بەوەوە هەیە من لە خێزانێکدا گەورە بووم کە بە چوار - پێنج زمان قسەیان دەکرد، بەشە فەڕەنسی و کۆریاییەکە بۆ ماوەیەکی زۆر رقیان لە یەکتر بوو. من تاکە کەس بووم کە پردێکم لە نێوان هەموواندا دروستکرد. هەمیشە ناوبژیوانی نێوان زمان و کولتوورەکان بووم. زۆرجاریش دەبووایە درۆ بکەم چونکە نەمدەتوانی ئەوەی داوام لێدەکرا وەریبگێڕم. ئەوەی راستی بێ، زۆر سەخت بوو. پێم وایە لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا هەستم بە دەسەڵاتی جووتزمانی و ئەو جیاوازییە کولتوورییە کرد کە جاری وایە تا بڵێی بەهێزە.
باسی بەرکەوتنی زمانەکانت کرد، ئاگۆتا کریستۆف ژنە نووسەری بە رەچەڵەک هەنگاری لە ژیاننامەکەیدا زمانی فەڕەنسی بە «زمانی دوژمن» لەقەڵەم دەدا، چونکە پاشەکشەی بە زمانی دایکی کردووە، تۆیش لە وتووێژێکدا دەڵێی: بەرانبەر بە زمانی فەڕەنسی، کاتێک کەسایەتییەکی فەڕەنسی ئاخێو دەخوڵقێنێ، هەست بە جۆرێک نائارامی دەکەیت. قەت هەوڵتداوە بە کۆریایی بنووسی؟
لەرووی تەکنیکییەوە ناتوانم، زمانەکەم لەو ئاستەدا نییە بتوانم پێی بنووسم، با زمانی دایکیشم بێ. من هەرگیز لە خوێندنگە فێری کۆریایی نەبووم. دەتوانم پێی بخوێنمەوە، تەنانەت پێشی بنووسم، بەڵام وەک کەسێکی بێگانە کە لە کۆرسێکی هاوینەی زانکۆ فێری بووە. لەلایەکی دیکەوە پێم وایە شتێکی سۆزداریش لە گۆڕێیە، من هەم وەک کۆریایی و هەم وەک فەڕەنسی گەورە بووم. یەکەمین ساڵەکانی ژیانم بە گشتی لای دایەگەورە و باوەگەورەی کۆریاییم تێپەڕی کە لە بەشی ئاڵمانی زمانی سویسرا دەژیان. تا ماوەیەکی زۆر، بە کۆریایی باشتر قسەم دەکرد. وردە وردە کۆریاییم لەبیر چووەوە و پاشان دیسان فێری بوومەوە. دایەگەورە و باوەگەورە زۆر بەتوندی سەرکۆنەیان دەکردم کە خەریکە ئەم زمانەم لەبیر دەچێتەوە. بەردەوام پێم خۆش بوو یەکەم رۆمانم بنووسم بۆ ئەوەی بۆ خۆم بسەلمێنم دەتوانم وەک کۆریاییەکی «راستەقینە» بیر بکەمەوە. کەوا بێت ئەم کچە گەنجەی ناو رۆمانەکە تا رادەیەک ئاوێنەی خودی خۆمە. هەروەها دەمویست لە دووەم رۆمانمدا کە لە ژاپۆن روو دەدا و چیرۆکەکە پەیوەندیی بە کۆریاییەکانی ژاپۆنەوە هەیە، بپەرژێمە سەر دایەگەورە و باوەگەورەم و رۆمانەکەم پێشکەش بەوان کردووە. رەنگە بۆم دەرکەوتبێ من تەنیا بە فەڕەنسی دەتوانم بە شێوەیەکی ئەدەبی بنووسم. دیارە من هەموو نووسراوەکان بە کۆریایی دەهێنمە خەیاڵ، دیالۆگەکان هەموو بە کۆریایی و ئینگلیزین.
وێنەکان: روشدی دەمیرکایا