زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

شوناسی کولتووری

11:57 - 2024-08-22
ئەدەب و هونەر
252 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

(2 - 2)

هیچ شوناسێکی کولتووری نییە یەک رەچەڵەکی هەبێت و پاکژ و سپی بێت، بەڵکو شوناسی کولتووری بەروبوومی پرۆسەی مێژوویی تێکەڵبوون و ئاوێزانبوون و توانەوەیە لەنێو کولتوورەکانی دیکەدا، بۆیە ناسنامە و شوناسی کولتووری لە سەردەمە نوێیەکاندا، ناسنامە و شوناسی فرە رەنگ و فرە رەگن.

دواجار هیچ شوناسێکی کولتووری هەتاهەتایی نییە و وەکو خۆی نامێنێتەوە، بەڵکو شوناس فرەڕەگ و هەمەچەشنە و لە گۆڕانکارییەکی هەمیشەییدایە

با نموونەیەک لەسەر ناسنامەی کەسی و شوناسی کولتووریی ئەم سەردەمە بهێنینەوە: بۆ نموونە گەنجێکی کوردی موسڵمانی خەڵکی سلێمانی، یان هەولێر، یان سنە، دەچێتە ئەوروپا و لە فەرەنسە جێگیر دەبێت، لەوێ ژنێکی ئیسپانی مەسیحیی دەهێنێت کە دایکی جووەو باوکی مەسیحییەکی ئیتالییە، کوڕ و کچێکیان دەبێت، لێرەدا بیر لە شوناسی کولتووریی کوڕە کوردەکە بکەرەوە چۆن لە ئەنجامی تێکەڵبوونی بە نەتەوەو ئایین و کولتوری دیکەوە، لەنێو یەک خێزاندا، گۆڕانکاری بەسەر شوناسی کولتوورییدا دێت، ئینجا بیر لە شوناسی کولتووریی مناڵەکانیان بکەرەوە کە لە خێزانێکی تێکەڵ لە ئایین و نەتەوەو زمان و کولتووری جیاوازدا پەروەردە دەبن، لەنێوان موسڵمان و مەسیحی و جوو وەک ئایین، کورد و ئیسپانی و فەرەنسی و ئیتاڵی وەک نەتەوەو زمان، ئەوروپی و خۆرهەڵاتی وەک شوێن و ئەقڵییەت، کوڕ و کچ وەک رەگەز، لێرەدا منداڵەکان لەرووی شوناسی کولتوورییەوە تێکەڵەیەکن لە هەموو ناسنامە و شوناسە جۆراوجۆرەکان، سیمای سەرەکیی ئەو چەشنە شوناسە بریتییە لە سیمای هیومانیزم کە پڕ دەبێت لە لێکبوردن و رێزگرتن لە خود و لە ئەویدیکەی جیاواز. لێرەدا شوناسی کولتووریی یەکگرتوو نامێنێت، بەڵکو لە ناخی تاکەکاندا شوناسی هەمەجۆر و هەمەڕەنگ و فرەڕەگ دروست دەبێت.
مەرج نییە شوناسی کولتووری لەهەموو سەردەمێکدا و لای هەموو کەس و گرووپێک بەو شێوەیە کراوەو تێکەڵاو بێت، دەشێت لەهەندێ بارودۆخ و قەیرانی جیاوازدا، بەتایبەتی لە دۆخی فەرامۆشکردن یان هەوڵی سڕینەوەی شوناسی کولتووریی نەتەوەیەک یان ئاینێکدا، شوناسی کولتووریی پەڕگیر و توندڕەو دروست ببێت بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی جیاوازبوون، لێرەدا ترسێکی گەورە هەیە لە شوناس و لەنێوچوونی شوناس، بۆ نموونە گرووپە توندڕەوە فێندەمێنتالیستەکانی سەر بە ئایینی ئیسلام کە جەخت لە رەگەزی ئایینیی جیاواز دەکەن، رقێکی گەورە بەرامبەر بە ئایین و ئایینزاکانی دیکە هەڵدەگرن تا ئاستی ئارەزووی کوشتنی ئەوانیدیکە لەرێگەی خۆتەقاندنەوەوە.
 ریشەی ئەم ترسە لە شوناسی ئایینی، دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنەکانی مۆدێرنە و پاشەکشەی ئایین لە چەندین بواری گرنگ و سەرەکیی ژیاندا، یان ترس لە شوناسی نەتەوەیی لەلای کەسان و گرووپی نەتەوەپەرست و خۆبەستنەوە بە ناسنامەی تایبەتی و کولتووری تەقلیدی و نەریتی کۆن بۆ پاراستنی کولتوور و کەلەپور و یادگاری و نەریت و بەها تایبەتییەکان و نکوڵیکردن لە گۆڕانی شوناس، کە هەندێجار قڵپ دەبێتەوەو دەگۆڕدرێت بۆ رقلێبوونەوە لە نەتەوەی خۆی، بۆ نموونە لەنێو کورددا وەک چۆن ترس لە شوناس کەسانی نەتەوەخواز و توندڕەوی پێکهێنا و لە راپەڕیندا کاردانەوەی توندوتیژانە پرۆسە دەکرا، بەهەمان شێوە کەسانێکیشی خوڵقاندووە رقیان لە کوردبوون دەبێتەوە و هیوا دەخوازن کورد نەبوونایە، ئەم ترسە لە شوناس نەک تەنیا لە وڵاتانی دواکەوتوودا، بەڵکو لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانیشدا ئەم دیاردەیە هەیە، دەبینین لە ئەوروپاشدا تاک و گرووپی راسیست زۆرن کە دژایەتیی غەیرە ئەوروپی و کۆچبەران دەکەن، جگە لە بوونی تاک و گرووپی دیکەی رەگەزپەرست و نەتەوەپەرست، بۆ نموونە ئەڵمانییەک رقی لە فەرەنسی دەبێتەوە، یان بەپێچەوانەوە...هتد، لەدوای رووخانی یەکێتی سۆڤیێتیشدا شوناسی ئیتنی و ئاینیی توندڕەو سەریان هەڵدا کە دەرەنجامی فەرامۆشکردن و بگرە سڕینەوەی شوناسی نەتەوەیی و ئایینی بوو. بەڵام بەگشتی، سیمای هیومانیستی بەسەر شوناسی کولتووریی تێکەڵاودا زاڵە. دواجار هیچ شوناسێکی کولتووری هەتاهەتایی نییە و وەکو خۆی نامێنێتەوە، بەڵکو شوناس فرەڕەگ و هەمەچەشنە و لە گۆڕانکارییەکی هەمیشەییدایە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان