باڵەكانی فریشتە

11:59 - 2024-08-22
ئەدەب و هونەر
299 جار خوێندراوەتەوە

هۆنراوەی: بریان پاتن

لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن



بەیانی بوو، كە دەرگای دۆڵابەكەم كردەوە
دوو باڵم تیایدا دۆزییەوە،
دوو باڵی فریشتەیەك.
خۆ.. ئەوەندەش ساویلكە نەبووم کە بە راستیان بزانم
سەیرە.. لە خۆمم پرسی: كێ لەوێدا بەجێیهێشتوون؟
* * *
لە ناو دۆڵابەكە دەرمهانی
لە رووناهی بەر پەنجەرەكە نزیكم خستەوە،
کونجکۆڵانە ورد.. ورد پشكنیم
تۆش لەنێو پێخەفەكەدا و لەژێر رۆشناییدا
بە خەندەیەك زارت دەكرایەوە و بە دەم منەوە دەگرژیتەوە،
وتت - «هێی ئەوە منم»
وتت - ئەو وەختەی ژووانگەیەک کۆیکردینەوە
ئیدی لەوێدا بەجێمهێشتن..!
* * *
من وام مەزەندە كرد تۆ شێت بووبیت،
ئەو مەزاق و شۆخی كردنەت هەراسانی كردم.
تا هەنووكەش بە ناوهێنانی وشەی «فریشتە»
من كۆڵێ سەغڵەت ‌و بێزار دەبم
* * *
سەیرم كردی تا بزانم
چۆن باڵەكانت بەخۆتەوە دەبەستیتەوە،
تا تۆ بە دوای سرێشدا گەڕای
تاکە یەک پەڕیشم بە باڵەكانتەوە نەهێشت،
پەڕ لە دوای پەڕ
تا وای لێهات هەر هەموو پێخەفەكەمانی داپۆشی!
* * *
بە سووربوونێكەوە دەتووت: -
«ئاخر ئەوەیان باڵە راستەقینەکانی منن».
ئیدی چیتر  بەدەم منەوە نەدەخەنیتە !
* * *
سەرت بەسەر بالیفەوە.. تا دەهات..
رووخسارت زەردتر هەڵدەگەڕا
هەردوو دەستەكانت بۆ من درێژ كرد
تا چیتر نەهێڵی تۆ داغان بکەم و بتپروێنم.
وەلێ من تا هەنووكەش بە ناوی «فریشتە»
قەڵس‌ و هەراسانم!
* * *
بۆ سەردەمێكیش.. بۆ ئەو رۆژانەی
كە بە حیشمەت‌ و پارێزەوە لەگەڵ تۆدا هاوکووف بووم،
هەم سۆزیار بووم،
چەندە سەرزەنشتی خۆم دەكرد و دەمپرسی،
«ئیلاهی.. ئەوەیان چ  باس و خواسێکە
كە دەبێ ئەوەندە مەحاڵ بێت.. دەستم بتگاتێ،
لەو كاتەی كە لەبەردەستی مندا بوویت
شتێك كە هەل و دەرفەتی «بوون»مان بوو
کە لە خودی خۆیدا نهێنییەکی هەڵگرتووە..؟
* * *
ئەوكاتە بوو كە هیچ پەڕێکم بە باڵەكانتەوە نەهێشت
تا رەنگت بە تەواوی زەرد هەڵگەڕا
بۆ ئەوەی بیسەلمێنم باڵەكانت ساختە و دەستكردن،
پەڕ بە پەڕیم دەردەهانی!
تا دەهات قەد و باڵات بنێس و باریكتر دەبوو،
ئیدی کە لە هەر هەموو پەڕ و باڵەكانت تۆم داماڵی،
تا ئەو حەلەی نەمایت‌ و.. ئیدی لە من ون و غەیب بوویت!
* * *
هەر زوو لەژێر رووناهی ‌و.. لە تەكمدا،
لە تەك ئەو پێخەفەی لامەوە
كە تۆ لەسەری ڕاكشابوویت،
تەغارێك لە پەڕ بە پەڕی باڵەكانت
پەرش ‌و بڵاو لەو ناوە كەوتبوون.
تۆش داماڵراو لە پەڕ و باڵ
بێ بەرگ‌ و سیپاڵ..!
گەشاوە و.. درەوشاوە و پڕ لە رۆشنایی
هەر وەك ئەوەی یادەوەرییەكی بەجێماو بیت
لە كارەساتێك پڕ لە نهێنی‌ و پەنهان و حەشاردراو!
* * *
هەنووكە دەمە و ئێواران هەر بە تەنیا
دەچمە دەرێ ‌و پیاسەیەك دەكەم،
تۆ دەڵێی كە ئیدی لەمەودوا لە تەک تۆدا نایەم
تۆ دەڵێی..
بێ باڵ بوون شتێكی کوشندە و نەشیاوە و.. نایكەم
تۆ دەڵێی..
ئەوەیان نەفامی بوو کە هەردووكمانی وێران كرد
ئەوە نكوڵی ‌و.. گومان‌ و كوفركردن بوو بە یەكتری
كە هەردووكمانی كوشت.. هەردووكمانی سەربڕی!
***
لە ماڵێ خۆت مەڵاس دەدەیت
گوێ لە رادیۆکە دەگری،
گوێ لەو مۆسیقا غەمهێن ‌و سەیر و دەگمەنە،
كە لە بڕوا و ئیمانمان دەخوات
كە لەسەر ئەو رووناهییە دەلەوەڕێ
رووناكییەك كە من بووم لە هیکڕا دزیم..!
* * *
بۆ بەیانیەكەی كە دەرگای دۆڵابەكەم كردەوە
لە ناکاو بوونەوەرێكی لێ هاتەدەر،
كەسێكی سپیكەلانە و.. گێژ و حۆل و تەوەزەل
بێ حاڵ و کەمێک هەستەوەر
هاتە دەرێ‌ و گسكێكی لەو پەڕانە دەدا،
پەڕی ئەو باڵانەی لە من‌ و تۆیان دەڕوانی
بە سەرسامی...
نا من دەبێ سەرلە نوێ بە خۆمدا بچمەوە،
بە گومانەكانی خۆمدا.. کە بە ماخۆلانی خستووم
سەبارەت بە بوون‌ و نەبوونی فریشتەكان..!

پەراوێز/
بریان پاتن: نووسەر و شاعیرێکی ئینگلیزە لە (1946/2/7) لەدایک بووە. لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەمدا، ناوبانگی دەرکرد لە ‹لیڤەرپوول› و دواتر لەسەر ئاستی ‹ئینگلتەرە› و دنیای شیعر و داهێنان، لەنێو کیشوەرەکانی دیکەش، بەتایبەتی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی ئینگلیزخوان. زۆرینەی شیعرەکانی بە هەناسە و رۆحێکی لیریکی و ئاهەنگسازی داڕشتووە، کە پتر پەیوەستە بە ژیانی مەردمگەل بە دیوە مرۆڤپەروەرییەکەی، بە تایبەتی لە باری سۆزداری نێوان خانمان و پیاوان. لەنێو دیوانە ناودارەکانی بە نموونە: دانپێدانانی ‹جۆنی› بچکۆلە، گۆرانییەکی نا - پەیوەندیدار، فێڵێکی لەناوچوو، دایک و باوکانی مەحاڵ و بووکەڵەکەی ‹ئیما.›

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان