مانگ

12:19 - 2024-08-22
ئەدەب و هونەر
196 جار خوێندراوەتەوە

موعتەسەم ساڵەیی


پیرەژنێک بەهەناسە ساردی و چاو پڕ لە گریانەوە، بەخۆی و پارچە کاغەزێکەوە هات بۆلام. پێی وتم لەنێو کتێبە بەجێماوەکانی کوڕە کۆچ کردووە جوانەمەرگە خێر لەخۆ نەدیوەکەم. ئەم پارچە کاغەزە نووسراوەم دۆزیوەتەوە. پاش ئەوەی کاغەزەکەی رادەستم کرد، بەمشێوەیەی خوارەوە دەستم بەخوێندنەوەی کرد :
ـــ دایکە.. دایکە ..
ـــ گیانی دایکە.. چیت دەوێت کوڕە لاوە لەدڵا شیرینەکەم؟
ـــ ئەوەی دەمەوێت هەرگیز بەدەستم ناکەوێت.
ـــ هیچ شتێک نییە لەدەستی دایکت رابکات، هەرچییەکت بووێت بۆت پەیدا دەکەم؟
ـــ خۆزگە و سەد بریا کاروبار ئاوەها بەو شێوەیە بووایە.
ـــ کوڕی خۆم هەرچیەکت مەبەست بێت، گەر لەکێوی قافیش بێت رێی هات و نەهات دەگرمەبەر و دەیخەمە بەردەستت.
ـــ دایکە زۆر دوور مەڕۆ.. ئەوەی دەمەوێت زۆر نزیکە لێمانەوە.
ـــ کەواتە زۆر ئاسانە و بەو قورسییە نییە، پێم بڵێ چیت دەوێت؟
ـــ دایکە مانگم دەوێت!
ـــ جا کوڕی شیرینم چۆن دەستمان بەمانگ دەگات؟
ـــ ئەوەتا چاوم لێیەتی و تریفەی زیوینی حەوشە و بانەکەمانی گرتۆتەوە.
ـــ تکایە ئەم قسانەت بەسەر زاردا نەیەت، ئێستا رۆژی رووناکە و مانگ لە تاریکایی شەودا رووخساری خۆی دەردەخات!
ـــ دایکە مانگ لەتۆیشەوە دیارە؟ مانگ لەئاسمانی مندا هەردەم دەدرەوشێتەوە، بەشەو و بە رۆژ هەرگیز ئاوا نابێت.
ـــ کوڕی خۆم هێشتا نەگەیشتوومەتە ئەو رادەیەی بەباشی دەوروبەری خۆم بەدی نەکەم!
ـــ ئەوەتا مانگم لێوە دیارە.. بەدەست و پەنجە نەرمەکانی جل و بەرگ لەسەر تەناف هەڵدەخات.
ـــ جا مانگ کوا دەست و پەنجەی هەیە؟
ـــ دایکە ئێستا چاوم پێوەیەتی کە لەسایەی سێبەری داری نێو حەوشەکەیاندا دانیشت. 
ـــ ئێ .. ئێ.. ئێستا بەباشی لێت تێگەیشتم.
ـــ سوپاس بۆ میهرەبانیت.
ـــ بریا رۆڵە شیرینەکەم ئەم شتەت لە بیری خۆت دوور دەخستەوە. هەوڵبدە مانگێکی دیکە بۆخۆت بدۆزیتەوە.
ـــ ئەمەیان کارێکی مەحاڵە، ئەوەتا مانگم لێوە دیارە دانیشت. پشیلە نەرم و نییانە سپییەکەی لەئامێز گرت.
ـــ بەڵام بەئێمە چی؟
ـــ خۆزگە ئەو پشیلە سپییە روح سووكەم دەکەوتە بەردەست و تێر تێر ماچم دەکرد. 
ـــ تکایە لەمەزیاتر ئازاری دایکە هەناسە ساردەکەت نەدەیت.
ـــ خۆشەویستیم بۆ مانگ تەیرێکی باڵ رەنگینە، لەنێو دڵم و لەنێو لق و پۆی سەوزیی داری نێو حەوشەیان هێللانەی کردووە.
ـــ هەوڵبدە ئەو باڵندەیە بتارێنیت و لەخۆتی دوور بخەیتەوە.
ـــ ناتوانم
ـــ ئەی گوایە دایکی مانگەکەت چۆن توانیی هێلانەی ئەو باڵندە باڵ رەنگینە، لەنێو لق و پۆی داری نێو حەوشەکەیان تێک و مەکان بدات و لەنێوی بەرێت ؟
ـــ بێگومان دایکی مانگ، ژنێکی دڵ رەقە و مانای خۆشەویستی و ئەوین نازانێت.
ـــ کوڕی خۆم گوایە دایکی مانگ وتوویەتی، یا من دەبم لەم ماڵەدا یاخود ئەم تەیرە بەڕەڵایە دەبێت.
ـــ دایکی مانگ، تابڵێی ژنێکی بێ مرووەتە. خەڵکی هەسارەی خۆخۆییە و لێرەدا گیرساوەتەوە و بووە بەدراوسێمان .

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان