تەها عەبدوڵڵا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو هۆكارانە رووندەكاتەوە كە هۆكاری كەمبوونەوەی رێژەی دینارن لە وەزارەتی داراییدا، ئاماژە بەوەش دەكات كە عیراق كێشەی نەبوونی دیناری چاپكراوی نییە، بەڵكو كێشەی لە میكانیزمی گەڕانەوەی ئەو پارەیە هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەهۆی ئەو چاودێرییە وردەی ئەمریكا لەسەر بانكەكانی عیراق دایناوە لەكاتی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، عیراق كەمتر دیناری دەستدەكەوێتەوە، بەهۆی نەبوونی متمانەی تەواویش بە بانكەكان، هاووڵاتیان زیاتر دینارەكانیان لەلای خۆیان دەهێڵنەوە، بەمەش رێژەی ئەو دینارەی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق دەمێنێتەوە، كەمترە لەو داهاتەی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت بە دۆلار دەستیدەكەوێت.
راشیگەیاند: كەمبوونەوەی دینار لەبەردەستی حكومەتی عیراقدا، پەیوەندیی بەنەبوونی پارەوە نییە، چونكە زیاتر لە 100 ترلیۆن دینار چاپكراوی هەیە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەو دوو هۆكارەیە كە ئاماژەمان بۆ كردووە، وتی: لەگەڵ ئەو بارودۆخەشدا هێشتا ناتوانین بڵێین عیراق كێشەی نەبوونی سیولەی هەیە و وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندیش ئەوە رەتدەكەنەوە كە بۆ دابەشكردنی مووچە هیچ گرفتێكی لەو جۆرەیان هەبێت.