درێژەی تایبەت بە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ

وتووێژ لەگەڵ، ئێلیزا شووا دووساپەن نووسەری رۆمانی (زستان لە سۆکچۆ)

12:21 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
216 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: سەلاحەدین بایەزیدی
پۆرەنتروی، سویسرا

ئێلیزا شووا دووساپەن ساڵی 1992  لە باوکێکی فەڕەنسی و دایکێکی کۆریایی لە فەڕەنسا لەدایک بووە و لە نێوان پاریس، سیئۆل و زوریخدا ژیاوە، تا لە ساڵی1999دا بنەماڵەکەی لە شاری پۆرەنتروی سەربە کانتۆنی ژوورای سویسرا گیرساونەتەوە. ساڵی2005  رەگەزنامەی سویسری پێ بەخشراوە و 2014 بڕوانامەی دیپلۆمی لە ئەنیستیتۆی ئەدەبیاتی سویسرا لە بیەن وەرگرتووە، 2016  درێژەی بە خوێندن داوە و ماستەری فەڕەنسیی هاوچەرخی لە زانکۆی لۆزان وەرگرتووە. هەر ئەو ساڵە حکومەتی ژوورا، نازناوی باڵوێزی کانتۆنەکەی پێداوە. ئەو خاوەنی سێ نۆڤڵێت و چوار رۆمانە و یەکەمین رۆمانی (زستان لە سۆکچۆ)، گەلێک خەڵاتی ئەدەبی لە سویسرا، فەڕەنسا و بەڕیتانیا وەرگرتووە، لەوانە: خەڵاتی روبێر واڵسەر، خەڵاتی SGDL، خەڵاتی رێژین دیفۆرژ، خەڵاتی ئەلفا و خەڵاتی ناشناڵ بووک. ساڵی2024 وەشانخانەی پەیک یەکەم رۆمانی بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە.

کەواتە بە کۆریایی بیر دەکەیتەوە نەک بە فەڕەنسی؟
بەڵێ، من بە راستی بە کۆریایی بیر دەکەمەوە. هەروەها بە ئینگلیزی، ئەویش کاتێک کە کارەکتەرەکان بە ئینگلیزی قسە دەکەن. بە شێوەیەکی خۆکار، دەبمە وەرگێڕی خۆم بە زمانی فەڕەنسی. هەستی رقێک لە بەرانبەر خۆم بەسەرمدا زاڵ دەبێ کە بۆچی زات ناکەم بە کۆریایی بنووسم، چونکە دەتوانم بە هەوڵ و تەقەڵایەکی زیاتر، باشتر فێری کۆریایی بم و بتوانم پێی بنووسم. ئەم کارەم نەکردووە، بۆیە پێم وایە بەردەوام جۆرە مەودایەک لەگەڵ زمانی فەڕەنسیدا هەیە، چونکە تووڕەییەک بەرانبەر بەو زمانە دامدەگرێ و بە خۆم دەڵێم: لەبەر ئەو زمانەیە من کۆریاییم لەبیر چووەتەوە. بەڵام هاوکات فەڕەنسی زمانی باوکمە. لێرەشدا نایشارمەوە کە ململانێیەک بەرانبەر بە فەڕەنسا هەیە. چونکە من قەت خۆم لەناو فەڕەنسیی پاریس، لەناو ژینگەی ئەدەبی فەڕەنسیدا نەدۆزیوەتەوە. هەروەها لە فەڕەنسا جۆرە لووتبەرزییەک بەرانبەر بە زمانی فەڕەنسی هەیە، فڕی بە پەیوەندیی من بەو زمانەوە نییە. لە لایەکیشەوە چونکە من لە بەشی فەڕەنسیی سویسرا گەورە بووم، لە سویسرا جۆرە گرێیەکی خۆبەکەمزانی هەیە بەرانبەر بە پاریس. بەمجۆرە من لەناو دووانە گرێیەکدا گەورە بووم، بەڵام لە چەند ساڵ لەمەوپێشەوە بە پێچەوانەوە، زۆر شانازی بەوەوە دەکەم کە فەڕەنسییەکەم فەڕەنسییەکە مۆرکی هەموو ئەو زمانانەی تری پێوەیە کە قسەیان پێ دەکەم و خاوەن زانیارییەکی زمانەوانی و کولتووریم کە لەگەڵ فەڕەنسیی پاریسدا جیاوازییان زۆرە. سەیر لەوە دایە من لە بەلجیکا و کێبێک کە فەڕەنسی زمانێکی کەمینەیە، هەست بە ئاسوودەییەکی زیاتر دەکەم. هەرچی بێ، پەیوەندیی من بەو زمانەوە زۆر تایبەتە. ئەمڕۆ کە بە فەڕەنسی دەنووسم، زیاتر ئەم مەسەلەیە دەخەمە ژێر پرسیارەوە. فەڕەنسی زمانێکە لە هەموو زمانەکان زیاتر بەسەریدا زاڵم، بەڵام بەردەوام بەشێک لە مندا ئاسوودە نییە کە «بە جوانی» پێی بنووسێ. زۆر کەس پێم دەڵێن بۆچی شیعر نانووسی؟

وەڵامیان دەدەمەوە کە لە رووی تەکنیکییەوە دەتوانم، بەڵام لە روانگەی منەوە، شیعر وەک ئەوە وایە زمان بۆ زمان بەکار بهێنی. کەچی بۆ من نووسین بە فەڕەنسی تا رادەیەک شتێکی سیاسی لە پشتەوەیە، پێم خۆش بوو هەست بە ئازادییەکی زیاتر بکەم. کاتێک ئیمەیڵێک دەنووسم، دەتوانم رستەی جوان و درێژ بنووسم و بیڕازێنمەوە، ئەو دەسەڵاتەم هەیە. لێ کاتێک بە فەڕەنسییەکی ئەدەبی دەنووسم، رستەکانم کورت و دووپاتن. وشەکان تا بڵێی ئاسانن، وەک ئەوەی بەشێک لە من نەهێڵێ رستەی جوان بە فەڕەنسی دابڕێژم. ناتوانم لەوە باشتری شیبکەمەوە، چونکە بەدەست خۆم نییە. بەڵام بە راستی هەست دەکەم بەشێک لە من ڕێگریم لێ دەکات بە فەڕەنسییەکی باش بنووسم، وەک بڵێی ئەم مافەم نەبێ. 
کچە گێڕەرەوەکەی (زستان لە سۆکچۆ) لەگەڵ کێران بە ئینگلیزی قسە دەکا، هەر چەند فەڕەنسییەکەی زۆر باشترە، ئاخۆ ئەمەش ئەو بەشەی تۆیە کە رەتی دەکاتەوە بە فەڕەنسی بدوێ؟
لە (زستان لە سۆکچۆ)دا ئەگەر گێڕەرەوەکە نایەوێ بە فەڕەنسی بدوێ، لەبەرئەوەیە پێی شەرمە بەو زمانە بدوێ و خۆی لەو ئاستەدا نابینێ، پێم وایە ئەمە رەنگدانەوەی ئاوێنەیەکی هەڵگەڕاوەی خۆمە بە نیسبەت زمانی کۆریایی: من کۆریاییم و زمانی دایکیشم کۆریاییە کە هێدی هێدی لەبیرم چوویەوە (پاشان کە گەورە بووم دیسان فێری بوومەوە)، بەڵام ئیتر لەم زمانەدا بەردەوام خۆم وەک بێگانەیەک دێتە پێش چاو و لە خۆمڕا نابینم بە شێوەیەکی ئەدەبی پێی بنووسم. ئەوەی راستی بێ کاتێک بە فەڕەنسی دەنووسم، هەست دەکەم ئەم زمانەش بە تەواوەتی هی من نییە و زمانێکی «جێگرەوەیە»، هەرچەند وەک گوتم زمانی باوکم و زمانی خۆیشمە. هەرلەبەرئەوەشە خۆم بێ توانا دەبینم و هەست دەکەم مافی ئەوەم نییە تەنیا لەبەر خودی چێژی «جوانی»، «رستەی جوان» دابڕێژم، چونکە وەک ئەوە وایە ددان بە ئاسانکارییەک لەم زمانەدا بنێم کە لە ساتەوەختی نووسیندا هەرگیز بە تەواوەتی خۆی بە دەستەوە نادا. من دەبێ یەک بە یەکی وشەکان لە زارم دەربکێشم و زۆر لەسەرخۆ بیاننووسم، لێ لە کاتی نووسیندا بە هیچ شێوەیەک هەست بەمانە ناکەم، تەنیا کاتێک پرسیارم لێ دەکەن، درکیان پێ دەکەم. 
ئەوەندەی میدیای کۆریات شۆپاندبێ، دەتوانی پێمان بڵێی ئەوان لەبارەی کارەکانی تۆ و بەرهەمەکانت بە فەڕەنسی چۆن بیر دەکەنەوە؟ وەک نووسەرێکی کۆریایی لێت دەڕوانن؟ 
پرسیارێکی بەرفراوانە. من ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ ئەندامێکی دکتۆرای ئەدەبی بەراوردیی کۆریایی کارم کرد، ئەویش ژنێکی کۆریاییە و بۆ تێزی دکتۆراکەی کار لەسەر بەرهەمەکانی من دەکات.  پرسیارەکەی ئەویش ئەوە بوو: ئاخۆ کارێکی وەک ئەوەی من، دەکرێ بە کۆریایی لەقەڵەم بدرێ؟ منی لەگەڵ نووسەرانی تری دووڕەگە یان کۆریاییدا بەراورد کردووە کە لە هەندەران دەنووسن. ئەو پێی دەگوتم خەباتی من بۆ کولتووری کۆریا زۆر کۆریاییە. هەستی ژنەگێڕەرەوەکەی ناورۆمانەکە کە لە رووی جەستەییەوە، هەست بە کۆمەڵێک لەمپەری کۆمەڵایەتی دەکات، ژینگەیەکی پیاوسالار و ئاستەنگییەکانی بەردەم پێگەی ژنان لەناو کۆمەڵگەی کۆریادا، ئەمانە هەموو لە بەرهەمەکەی مندا زۆر بەرچاون. لە لایەکی ترەوە، هەندێک وردەکاریی هەن تا رادەیەک رۆژئاوایین، بۆ نموونە ژنەگێڕەرەوەکانم بە شێوەیەکی زارەکی گەلێک شت دەردەبڕن کە لە کۆریا مەحاڵە، بە تایبەت بەرانبەر بە پیاوان، بەتایبەتر لەوەتەی حکومەتێکی زۆر راستڕەو ماوەی ساڵ و نیوێکە لە کۆریای باشوور گوشاری خستووەتە سەر دۆخی ژنان. ئێستا من دەزانم کارەکەم لەوێ کەمتر گرنگی پێ دەدرێ، سانسۆر ناکرێ، بەڵام ئەمانە کۆمەڵێک بەهان کە پشتگوێ دەخرێن.
ئەی تۆ چۆن لە خۆت دەڕوانی؟ خۆت بە نووسەرێکی کۆریایی دەزانی؟
نەخێر، بە دڵنیاییەوە خۆم بە نووسەرێکی کۆریایی دانانێم.
ئەی نووسەرێکی فەڕەنسی یان سویسری؟ بۆیە دەپرسم چونکە ئێمەش لە ناساندنی چاپە کوردییەکەدا ئەو کێشەیەمان هەبوو، دڵنیا نەبووین بنووسین فەڕەنسی یان سویسری، تا دواجار ژیوار، ئێدیتەرەکەم لەسەر نووسەرێکی فەڕەنسی نووسی بەڕەچەڵەک کۆریایی یەکلایی بۆوە.
راستە، من دایکم کۆریاییە، باوکم فەڕەنسییە   بەگشتی لە سویسرا گەورە بووە، لە فەڕەنسا و کۆریاش ژیاوە. وەک ژنەنووسەرێک، دەتوانم بڵێم   من خۆم بە میراتگری نەریتێکی ئەدەبی دانانێم، خۆم وەک نووسەرێکی سویسری نایەتە بەرچاو. بەڵام هاوکات هەست ناکەم نووسەرێکی فەڕەنسیش بم، چونکە هەست ناکەم هەڵگری میراتی ئەدەبیاتی فەڕەنسا بم. بۆ ئەدەبیاتی کۆریاش هەر بە هەمان شێوە. بەڵام وەک خوێنەر، کاتێک بەو زمانانە دەخوێنمەوە، خۆم لە هەمووان نزیک دەبینم. تەنیا شتێک کە دەتوانم لۆمەی خۆمی پێ بکەم، ئەوەیە   بە فەڕەنسی دەنووسم و پێم وایە دەتوانم بڵێم من نووسەرێکی فرانکۆفۆنم. بەڵام بەڕاستی هەست ناکەم سەر بە هیچ وڵاتێکبم. 
بە رای خۆت، سەرکەوتنت لە ئاستی جیهانیدا پەیوەندیی بە چییەوە هەیە؟
پرسیارێکی قورسە، هەر چەند ئێمە  وەک خوێنەر دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە نەک تۆ.
وایە (بەپێکەنینەوە)، وەڵامێکی روونم بۆ ئەم پرسیارە نییە. بەس هەموو جارێ کە وەرگێڕانێکم بەدەست دەگات، سەرم سوور دەمێنێ، بە خۆم دەڵێم مەحاڵە، من بەختی ئەوەم هەبووە بە سەرانسەری دنیادا بگەڕێم و چاوم بە خوێنەران بکەوێ. لە هەموو شوێنێ، پرسیاری جۆربەجۆرم لێ دەکەن، هەر کەسە و بەپێی زمان و کولتووری خۆی. منیش دەپرسم کتێبەکەی منیان پێ چۆنە؟ شتێک کە بەردەوام زەق دەبێتەوە ئەوەیە  خەڵک پێم دەڵێن هەست دەکەم خۆم لە رۆمانەکەدا دەبینم. خۆم لە پەژارە و کۆڤانی پاڵەوانەکان لە گەڕان و هەوڵدان بۆ تێگەیشتنی لەمپەرەکان بە هاوبەش دەزانم. رەنگە ئەمە کاریگەریی دانابێ. 
(زستان لە سۆکچۆ) دوای چوونە سەر سەکۆی شانۆ، بەمزووانە دەچێتە سەر شاشەی سینەماکان. رۆمانەکە چۆن بوو بە فیلم؟ ئاخۆ لەبەر ئەوەیە کە رۆمانەکە خۆی هەندێک سینەماییە؟
وایە، رۆمانەکە بووەتە فیلم و فیلمەکەش بەشداریی فێستیڤاڵی تۆرنتۆ و سان سێباستیان دەبێ و لە ١٨ی دیسەمبەریشەوە لە هۆڵەکانی سینەما نمایش دەکرێ. وێنەی سینەمایی لە بەرهەمەکەی مندا گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەرچی دەینووسم دەبێ حەتمەن بیهێنمە بەرچاو. لەناو مێشکمدا ستۆریبۆردی دەقەکانم دەبینم، دەتوانم بڵێم بۆ هەموو کتێبەکانم داواکاریی پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی ببنە فیلم. خەڵک پێم دەڵێن ئەو شتانەی کە روو دەدەن دەیانبینین. رەنگە پەیوەندیی بەوەوە هەبێ من ماوەی حەوت ساڵ لەگەڵ پیاوێک ژیام دەرهێنەری فیلمی دیکۆمێنتاری بوو، کەمێکێش کاری بۆ سینەما دەکرد. دەتوانم بڵێم زۆر بەمە راهاتووم. زۆر جار لەناو دیکۆرەکانی سینەمادا بووم، لەگەڵ دەستەی ریپۆرتەراندا زۆر چوومەتە سەفەر، سروشی منیش پێم وایە زیاتر لە سینەما و وێنەوە سەرچاوە دەگرێت تا ئەدەبیات. هەر چەندە زۆر زۆر دەخوێنمەوە.  
سەرنجڕاکێشە، تەنانەت لە دوایین رۆمانتدا، ئاگاتا سیناریۆنووسە.
بەڵێ، راستە. ئەمە تا رادەیەکیش چاوقرتاندنێکە، چونکە من ماوەیەک وەک سیناریۆنووس بۆ سینەما کارم کرد و ئەم ئەزموونەم هیچ بە دڵ نەبوو. لەلایەن ناوەندە ئابوورییەکانی سینەماوە هەستم بە گوشارێک دەکرد، ناکۆکییەکی سەیر هەبوو، لەلایەکەوە کاتێکی زۆرت هەیە و لە لایەکەوە، لەناکاو پەلەت لێ دەکرێت. کاتێکی زۆری بۆ تەرخان دەکەیت و پاشان دەبینی رەنجبەخەسار بوویت. جاری وا هەبوو هەندێک دیمەنم ئامادە دەکرد و دەیانگوت تێچووی  زۆر دەبێ، بەڵام لە ئەدەبیاتدا چیم پێ خۆشبێ دەتوانم بینووسم. هەست دەکەم ئەم ئازادییەم زۆر بەلاوە بەنرخە. هاوکات پێویستە بڵێم من ساڵێک لە نیویۆرک ژیام، پوورزایەکی کۆریایی – ئەمریکاییم لەوێ هەیە دەرهێنەری فیلمە و کار بۆ نێتفلیکس دەکات. کاتێک باسی واقیعی بەرهەمهێنانی ئەوێی بۆ دەکردم، زۆر بێمانا دەهاتە بەر چاوم. ئەو هەموو دەرفەتە ماددییەی دەخرێتە گەڕ، جاری وایە ئەو هەموو سەرمایە ئابوورییە بە گومڕایی دەزانم، لە کاتێکدا لە روانگەی منەوە ئەو هەموو پێداویستییە مرۆیی و ژینگەیی و سیاسییە هەن. لە دوایین رۆمانمدا گێڕەرەوە سیناریۆنووسە و کار بۆ سینەما دەکات، ئەمەش تا رادەیەک بواری ئاشتبوونەوەی پێ داوم بە شێوەیەک کە رێ بە خۆم بدەم کەمێکیش بەمە رابوێرم. 
کاتێک هەواڵی وەرگێڕانی رۆمانەکەت بە کوردی پێ گەیشت، چۆنت بیر کردەوە و چ هەستێکت هەبوو؟ 
پێم خۆشە راستگۆبم، سەرەتا کاتێک پێیان گوتم کتێبەکەت بە کوردی وەردەگێڕدرێت، ماوەیەکی پێ چوو تا تێگەیشتم چ باسە و بۆم دەربکەوێ کە کوردەکان کێن و کوردستان وڵاتێک نییە، بەڵکو ناوچەیەکە بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە و مێژوویەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە. بۆ نموونە ئێستا خەریکم رۆمانێکی وێنەیی سەرنجڕاکێش دەخوێنمەوە بە ناوی Rolling Blackouts  کە ساڵی 2017 چاپ بووە و باسی دەستەیەک رۆژنامەنووسی ئەمریکایی دەکات کە لەگەڵ کۆنە دەریاوانێک دەچنە عیراق و تورکیا و سووریا و پرسی کوردیش زۆر تێیدا ئامادەیە، وەک گوتم ماوەیەکە خەریکی خوێندنەوەی کتێبی لەم بابەتەم. جا وەرگێڕانە کوردییەکەم رێک لە وەها کاتێکدا پێ گەیشت، بۆ من وەک خەڵاتێک وا بوو، باوەرپێکردنی ئەستەمە. هەست بە سەربەرزی دەکەم چونکە چەند هەفتەیەک لەمەوپێش خوێندکارانی کورد نامەیان بۆ نووسیم، سەرەتا پێم وا بوو کتێبەکەی منیان بە ئینگلیزی خوێندووەتەوە، بەڵام ئەوان گوتیان کتێبەکەیان بە کوردی خوێندووەتەوە.
قەت بڕوات دەکرد رۆژێک بکرێتە کوردی؟
نەخێر، هەرگیز. من تەنانەت بڕوام نەدەکرد ببمە نووسەر، چ جای ئەوەی کتێبەکانم وەربگێڕدرێن. بە هیچ شێوەیەک نەمدەویست ببمە نووسەر.
بۆچی نەتدەویست ببیتە نووسەر؟
لە تەمەنی نێوان حەڤدە بۆ بیست ساڵیدا دەستم بە نووسینی (زستان لە سۆکچۆ) کرد، واتە دە ساڵێک لەمەوپێش، ئەودەم لە ئامادەیی بووم. سەرەدەرێکی ئەوتۆم لە ئەدەبیات دەرنەدەکرد و ئەوەی راستی بێ، پێم وا بوو هەموو نووسەرەکان مردوون! ئەودەم ئەدەبیاتی هاوچەرخ لە سویسرا زۆر کەم دەناسرا. ئێستا جیلێکی نوێ هەیە زۆر چالاکە، بەڵام ئەوکات وا نەبوو. هەروا بێتەوە، پێم وایە هیچ متمانەیەکم بە خۆم نەبوو.
بەڵام ئێستا دەتەوێ درێژە بە نووسین بدەی؟
بەڵێ، ئیتر بەشێکە لە ژیانم.
وێنەکان: روشدی دەمیرکایا

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان