ماڵی نوێی دڵم

12:41 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
107 جار خوێندراوەتەوە

سارا فەقێ خدر

بەدڵی درزبردووەوە چۆن دەژی؟
سەدەیەک بەکاتی خۆم تێپەڕی
دەبێ ئەو گۆزەیە وردبکەم و
ماڵێکی نوێی لێ چێ بکەم
ماڵێکی پێنج ھۆدەیی.


ھۆدەی یەک
رووبەرێک لێوانلێو لە سوپاس
بۆ مرۆڤ و بوونەوەر،
بۆ شمەک و بۆ سروشت،
بۆ ھەموو ئەوانەی بینیومن
ئەوانەش لەئاستیاندا نابینا!


ھۆدەی دوو
ژووری عیشق
نا، نابێ
عیشق لە ھۆدەدا جێی نابێتەوە
رووبارە، بەردەوام رێ دەکات.


ھۆدەی سێ
حەرەمی ئازادی
ئەو ھەموو فیغان و ھاوارە
ئەو ھەموو بێدەنگی و سووتانە پێکەوە،
گوتی ئا، ئاسانە
قەدی کە، لوولی کە
ھەرکاتێک تەنیا بووی، بیکەوە.

ھۆدەی چوار
وەتاغی ئارامیی
ھەتا چاوبڕدەکا، سەوزایی
ھەتا دڵ دەخوازێ، باڵندەی کێوی
کچۆڵەیەک لەسەرخۆ
لەنێو گیا، کۆلارە ھەڵدەدا!

ھۆدەی پێنج
ژووری نوور
چراخانێک ناچێتە پانتایی باسەوە،
ناخرێتە، نێو رستەی سادەوە
لەچاوانی تۆوە تیشک و
لەخۆرەوە رووناکی ئەو،
ھێند نەرمم ھێند سووکم
دەشێ ببم بە پەشمەک!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان