هێمن ئەحمەد
لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی نێوان رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و هۆزەكانی سادەی هەواشم، بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، رێبوار تەها رایگەیاند: كاری لەپێشینەمان پێكەوەژیان و ئاوەدانكردنەوە و سەركەوتنی حكومەتێكی خزمەتگوزارە لە شارەكەدا.
سەرەتای كۆبوونەوەكە، سەید عومەر شێخ سوفیان نعێمی سڵاوی شێخ سوفیان نعێمی میری هۆزەكانی سادە و پەیامی پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك راگەیاند، كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی لە بەرنامەی چاكسازی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو هاووڵاتیانی كەركوك و پاراستنی ئارامیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و پێكەوەژیان لە پارێزگاكە دەكەن.
دواتر، محەمەد ئیبراهیم ئەلحافز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لە وتەیەكدا دووپاتیكردەوە كە ئەنجومەن و ئیدارە بە یەك گیان كاردەكەن و ئامانجیان خزمەتكردنی هاووڵاتی و بەدیهێنانی ئارامی و پێكەوەژیان و دەستەبەركردنی هەلی كار و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانە.
هاوكات پارێزگاری كەركوك، لە وتەیەكدا بە هۆزەكانی سادەی هەواشمی راگەیاند: ئێوە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی كەركوكدا پشتیوانن بۆ بەدیهێنانی ئارامی، ئاوەدانكردنەوە، بنیاتنانەوە، پێكەوەژیان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان.