هێمن ئەحمەد
ئەندازیار سەعد ئەمین جبوری سەرۆكی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكانی كارە تیرۆریستییەكان، لە بەغدا پێشوازی لە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك كرد و تاوتوێی پرسی هەوڵە هاوبەشەكانی نێوانیان و داواكارییەكانی پارێزگاری كەركوك، كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی سندوقی ئاوەدانكردنەوە، رێنمایی دا بە دووبارە ئامادەكردنەوەی پلانی وەبەرهێنان و كارپێكردنی سندوقی ئاوەدانكردنەوە لە ساڵی 2024دا و پێدانی كار بە كۆمپانیاكانی كەركوك بۆ دەستەبەركردنی هەلی كار بۆ دەرچووان و بێكاران. هاوكات پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بە گرنگیی پاڵپشتیكردنی كەركوك و پرۆسەی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان كرد.
پارێزگاری كەركوك جەختی لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كردەوە بەشێوەیەك كە پشتگیری لە پلان و كارە لەپێشینەكانی ئیدارەی شارەكە بكات، لە خزمەتكردنی سەرجەم هاووڵاتیانی كەركوك و قەزا و ناحیەكانی سنوورەكە بەبێ جیاوازی.