ئەفریقا، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە رووبەڕووی زیانی گەورە دەبێتەوە

10:25 - 2024-09-08
ڕاپۆرت
177 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

هەفتەی رابردوو رێكخراوی جیهانیی تایبەت بە كەشوهەوا لە راپۆرتێكی نوێیدا ئاشكرایكرد، ئەفریقا بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە رووبەڕووی بارگرانییەكی قورس بۆتەوە و وڵاتانی ئەو كیشوەرە رووتەڵەیە زیانی گەورەیان بەردەكەوێت، زیانێك كە لە ئاستی توانای ئابووری ئەواندا نییە و پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتە زلهێزەكان پەلە بكەن لە یارمەتیدانیاندا.
بەهۆی ئەو دۆخەوە زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا ناچار دەبن 9 % ی بودجەی گشتییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا خەرج بكەن، بە تایبەتیش كە ئەم ساڵ پلەی گەرما لەو ناوچانە بە رادەیەك بەرز بۆوە، لە ئاستی میانجینیش تێپەڕی. ئەوەش لە كاتێكدایە، كە وڵاتانی ئەفریقا كەمترین بەشدارییان هەیە لە دەردانی غازە زیانبەخشەكان و دروستبوونی پەنگخواردنەوەی گەرمای زەویدا، بە پێچەوانەوە ئەوە وڵاتە دەوڵەمەندەكانن كە زۆرترین دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بەرهەم دەهێنن و ژینگەی جیهان پیس دەكەن.

بەرهەمی ناوخۆیی لەدەستدەدەن
بە پێی راپۆرتی ئەو رێكخراوە بێت، ئێستا وڵاتانی ئەفریقا ساڵانە 2 % بۆ
3 % ی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی لەدەست دەدەن، ئەویش بەهۆی گەرمای كوشندە و بارانی لەناكاو و لافاو و گەردەلول و وشكەساڵییەوە. بۆ داهاتووش خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو كەشوهەوا خراپە لە بیاباندا، زیانی ساڵانەی وڵاتانی ئەفریقا دەگاتە 30 بۆ 50 ملیار دۆلار، لەبەرئەوە رێكخراوی جیهانیی تایبەت بە كەشوهەوا وڵاتانی ئەفریقای هاندا تا لە بواری چاودێری كەشوهەوا و سیستمی ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت و كێشەی ئاودا وەبەرهێنان بكەن، تا بتوانن پارێزگاریی لە ژمارەیەكی زیاتر لە گیانی هاووڵاتیان بكەن و توانای بەدەستهێنانی بژێویش باشتر بكەن لە وڵاتەكانیاندا.
هاوكات وڵاتانی ئەفریقا سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە كۆنگرەی چاوەڕوانكراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە ژینگە وەربگرن، بۆ ئەوەی زۆرترین پشتیوانی و یارمەتی دارایی كۆمەڵی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنن، كە تەرخان دەكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لە سەرتاسەری جیهاندا.

پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیان
لە وڵاتانی ئەفریقا بە گوێرەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان 130 ملیۆن كەس بە رادەی پێویست دەستیان بە خۆراك و پێوستییە سەرەتاییەكانی ژیان ناگات و پێویستیان بە یارمەتییە. لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی رابردوو یارمەتییە نێودەوڵەتییەكان تەنیا بەشی یەك لەسەر سێی پێویستییەكانی وڵاتانی ئەو ناوچەیەی كردووە، بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسیش، پسپۆڕان نیگەرانی ئەوەن دیاردەی (نینۆ) دووبارە سەر هەڵبداتەوە، كە وشكەساڵی و لافاوی بەیەكەوە هێنا بۆ ئەو وڵاتانە.
قەیرانی كەشوهەوا لە وڵاتانی ئەفریقا تا ئێستا گرنگی تەواوی پێنەدراوە، رۆژنامەی لۆمۆند، بۆرۆندی بە نموونە دەهێنێتەوە كە تێیدا داهاتی تاك نزمترین داهاتە لەسەر ئاستی جیهان و لەگەڵ ئەوەشدا بایەخێكی ئەوتۆی پێنەدراوە، تەنانەت لەلایەن راگەیاندنەكانیشەوە، بگرە كتێبەكەی شازادە هاری لە سایت و كەناڵەكاندا 54 جار زیاتر گرنگیی پێدراوە و لە قەیرانی برسێتی بۆرۆندی زیاتر رووماڵ كراوە. 

سەرچاوە: CNN و ئەلجەزیرە

بابەتە پەیوەندیدارەکان