تۆمەتبارێکی هەڵاتووی کوەیت، بەهاوکاری راستەوخۆی حکومەتی عیراق رادەستی وڵاتەکەی کرایەوە کە ١١ حوکمی سزادانی لەسەربووە.
وەزارەتی ناوخۆی کوەیت رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە کوەیتییە دەستگیرکراوە، ناوی عەلی سەلمان خالیدییە و پێشتر بە فەرمانێکی میری کوەیت، رەگەزنامەی وڵاتەکەی لێسەندراوەتەوە.
بەهۆی ئەو تۆمەتانەش ئاڕاستەی کراون، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە قسە و هێرشی کردووەتەسەر خێزانی ئال سوباحی دەسەڵاتداری کوەیت و سوکایەتی پێکردوون.
عەلی سەلمان خالیدی، چالاکوان و کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی کوەیتی بووە، ماوەی دوو ساڵ بووە لە بەریتانیا ژیاوە و چەند مانگێکە مافی پەنابەرێتیی سیاسی لەو وڵاتە وەرگرتووە.
خالیدی تەمەنی ٢٥ ساڵە و بە چالاکی و رەخنە توندەکانی ناسراوە لە خێزان و دەسەڵاتدارانی کوەیت، هاوکات بەردەوام رۆشنایی خستووەتە سەر بابەتەکانی گەندەڵیی لە وڵاتەکەی.