تەها عەبدوڵڵا
دوێنێ، وەفدێكی حكومەتی فیدراڵ بە ئەندامێتی وەزیری دارایی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئابووری، گەیشتنە هەرێم و ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش تەئكیددەكاتەوە كە سەردانی ئەو وەفدە هەنگاوێكی گرنگە و بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان و مووچە دەبێت.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكەمجارە وەفدێكی حكومەتی عیراق لەو ئاستەدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆیە ئەگەر نیەتێكی باش هەبێت و گفتوگۆیەكی جددی لەسەر بابەتە داراییەكان بكرێت، رەنگدانەوەی باشی لەسەر یەكلاكردنەوەی پرسی مووچە و شایستە داراییەكان دەبێت، وتیشی: كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەنیا مووچە نییە، بەڵكو پەیوەستە بە هەموو ئەو مافانەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە و پێویستە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە جێبەجێبكرێت، كە كێشەكان هەموو ئەو مافانەی راگرتووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، تەئكیددەكاتەوە كە پێویستە و دەبێت هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو ئیلتیزامە دارایی و یاساییانە بێت كە بەگوێرەی یاسا دەكەوێتە ئەستۆی لە پرسی دەروازە سنوورییەكان، داهات، باج و رسوماتەكان، ئەگەرنا كێشەكان بە هەڵواسراوی دەمێننەوە و خەڵكی كوردستانیش زیاتر بێ ئەمەل دەبن لە باشبوونی بارودۆخ، بەتایبەتی چینی مووچەخۆران.