جووتیارانی كورد و توركمان ناڕازین

11:34 - 2024-09-08
عیراق
294 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

جووتیارانی كورد و توركمانی سنووری كەركوك گردبوونەوە و داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكەن دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی رژێمی بەعس بدات، كە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی لە كورد و توركمان زەوتكراون و دراونەتە عەرەبی هاوردە.
ساتیع ناسیح نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوا و رێكخەری خۆپیشاندانەكە، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بانگەوازێكمان سەبارەت بە زەوییە داگیركراوەكانی جووتیارانی كورد و توركمانی سنووری كەركوك ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورە بدات و ماف بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان بگەڕێتەوە، وتیشی: داواكارین لە ئەنجومەنی نوێنەران رێگریی لەو دەنگانەش بكەن كە بوونەتە بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی رژێمی بەعس، كە نوێنەرانی عەرەبی شۆڤێنی رێگرن لە تێپەڕبوون و دەنگدان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە عەرەبی هاوردە دەستی بەسەر مافی خەڵكی تردا گرتووە، بۆیە بە گشت لایەكی رادەگەیەنین ئەگەربێتو ئەو بڕیارانە هەڵنەوەشێنرێنەوە پەنا بۆ مانگرتنی سەرتاسەریی دەبەین و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لەنێو سەنتەری شاری كەركوك دەكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان