576 كیلۆمەتر چوار گۆشە پاككراوەتەوە

سلێمانی و گەرمیان زۆرترین ناوچەی مینڕێژکراویان هەیە

09:45 - 2024-09-09
ڕاپۆرت
215 جار خوێندراوەتەوە
#هەڵمەتی هۆشیاریی هۆکارێكی پۆزەتیڤی کەمبوونەوەی قوربانیانی مینە

دیداری/ تەها عەبدوڵڵا

مێژووی مینڕێژكردنی خاكی هەرێمی كوردستان و ناوچەدابڕاوەكان بە سێ قۆناغ کراوە، قۆناغی یەكەم: لە شەستەكانی سەدەی رابردوو تا کاتی روخانی لە ساڵی 2003، رژێمی بەعس زۆربەی ناوچە سنوورییەكانی خاكی كوردستانی مین رێژكرد، دووەم قۆناغ: لە شەڕی عیراق - ئێران بوو، قۆناغی سێیەمیش: لەگەڵ هاتنی تیرۆرستانی داعش دەستی پێكرد، ئەوانیش بەشێك لە خاکی كوردستانیان بەتایبەت لە ناوچە دابڕاوەكان بۆمبڕێژكرد.
لە دیدارێكدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان وتی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخەی بەسەر هەرێمی كوردستاندا هاتووە، دەزگای گشتی كاروباری مین سێ ئەركی سەرەكی هەیە، پاككردنەوەی زەوییە مینڕێژكراوەكان، هۆشیاركردنەوەی خەڵك لە مەترسییەكانی مین‌ و تەقەمەنی و پاڵپشتیكردنی قوربانیانی مین و پاشماوەجەنگییەكان.

سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین بۆ     کوردستانی نوێ    : 
بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکان تائێستا 13 هەزار و 580 هاووڵاتی و 114 کارمەند، شەهید و كەمئەندام‌ و بریندار بوون

ئاماری ناوچە مینڕێژکراوەکان
لە ساڵی 1992ەوە حكومەتی هەرێم بە هاوكاری رێكخراوە بیانییەكان ‌و بەشێك لە رێكخراوەكانی ناوخۆ دەستی بە پاككردنەوەی ناوچە مینڕێژكراوەكان كردووە و تائێستا بەردەوامە، لەو ماوەیەدا لە كۆی 776 مەتر چوارگۆشەی زەوی مینڕێژكراو، 576  كیلۆمەتر چوار گۆشە پاككراوەتەوە و تەنیا نزیكەی 200 كیلۆمەتر چوارگۆشە ماوەتەوە، ئەوانیش شوێنی شاخاوین و ناوچە سنوررییەكانیش كاركردن تیایاندا زەحمەتە، چونكە نزیكن لە گوند و دێهاتەكان و شوێنە گەشتیارییەكانەوە.
جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین دەڵێت: بەهۆی گرفتی نەبوونی بودجە و دابیننەكردنی هۆكارەكانی گواستنەوە، وەك پێویست نەتوانراوە كارەكانی کۆکردنەوەی مین بکەین، بەتایبەت ئێستا جگە لە رێكخراوی MAG بەریتانی كە بەردەوامن لەگەڵماندا، زۆربەی رێكخراوە بیانییەكان كارەكانیان لەگەڵمان راگرتووە‌ و گرنگی بە وڵاتانی تر دەدەن، لەگەڵ ئەوەش لە کارەکانمان بەردەوامین و پلانی ساڵانەمان هەیە.
وتیشی: زۆربەی ناوچە مینڕێژكراوەكان لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی  لە 60 % دەكەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و بەگوێرەی پێویستیی و مەترسییەکان  بڕیار لەسەر پاككردنەوەی شوێنە مینڕێژكراوەكان دەدرێت.

پاراستنی مافی کارمەندانی مین
بەگوێرەی رێكکەوتنی ئۆتاوای ساڵی 2007 کە لەنێوان ئەو وڵاتانەی كێشەی ناوچەی مینڕێژكراویان هەیە ئیمزاکرا، پێویستە عیراق و هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2028 سەرجەم ناوچە مینڕێژكراوەكان‌ و پاشماوەكانی جەنگ پاك بکەنەوە، بەڵام بە زەحمەتی دەزانین بەم بارودۆخە داراییەی هەمانە بتواین لەو ماوەیەدا ئەو كارە بكەین.
لەبەرئەوەی پیشەگەرانی مین لە هەرێمی كوردستان بەشێوەی گرێبەست كاریان كردووە، قوربانیان و کەسوکارەکانیان هیچ مافێكیان لەلایەن حكومەتەوە پێنەدراوە، جگە لەو 36 کارمەندەی سەر بەدەزگای مین بوون، وەك شەهیدی سەنگەر هەژماركراون.
سەرۆكی دەزگای گشتیی كاروباری مین رایگەیاند: بۆئەوەی مافی هەموو ئەوانەی لەو بوارەدا بوونەتە قوربانی پارێزراوبێت، ئێمە وەك دەزگای گشتی كاروباری مین پرۆژە یاسایەكمان ئامادەكردووە و تێیدا ماف و ئیمتیازی قوربانیانمان دیاری كردووە، بەجۆرێک ئەوانەی گیانلەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن وەك شەهید و كەمئەندامی سەنگەر هەژمار بكرێن، هاوكات ئەو كارمەندانەی ساڵانێكە لەو بوارەدا كاردەكەن بە رەسمی خانەنشین بكرێن.
بەپێی ئامارێکی دەزگای گشتیی كاروباری مین لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکان تائێستا 13 هەزار و 580 هاووڵاتی شەهید و كەمئەندام‌ بریندار بوون، هاوکات 36 كارمەند شەهید و 78 كارمەندی تر كەمئەندام بوون، كە  بەشێكیان كارمەندی دەزگای مین بوون و بەشەكەی تریان سەر بە رێكخراوە ناوخۆییەکانی تایبەت بەو بوارەن.

هەماهەنگی هەرێم و بەغدا
سەبارەت بە ئاستی هۆشیاریی خەڵك بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەكانی مین جەبار مستەفا دەڵێت: ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتیان  بەرزبۆتەوە، بە نموونە لە ساڵی رابردوودا 42 كەس لە هەرێمی كوردستان بەهۆی مین و تەقەمەنی چێندراو بوونەتە قوربانی، بەڵام لە نۆ مانگی ئەمساڵدا تەنیا حەوت قوربانی هەبووە، ئەمەش ئەنجامی قۆناغەكانی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیانە.
رێگەكانی هۆشیاركردنەوە چەند جۆرێكن، لەوانە لە رێگەی هێڵی گەرمی 182 هاووڵاتیان دەتوانن لەكاتی بینینی هەر تەنێكی نامۆ پەیوەندی بەو ژمارەیەوە بكەن، بۆئەوەی تیمەكان بگەنە ئەو شوێنە، هەروەها لە رێگەی بڵاوكردنەوە و دانانی تابلۆی ئاگاداركردنەوە لەناوچە مینڕێژكراوەكان هاووڵاتیان  لەو مەترسییانە ئاگادار دەكرێنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دەزگای مین هەماهەنگی لەگەڵ زۆربەی دەستە و وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم هەیە، بۆئەوەی هەریەكەو بەگوێرەی تایبەتمەندییەكانی خۆیان بەشداربن لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیاندا.
لەبارەی هەماهەنگی دەزگای مینی هەرێم لەگەڵ عیراق جەبار مستەفا وتی: هەرچەندە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەمین لە حكومەتی عیراق هەماهەنگیمان هەبووە، بەڵام ئەوان هیچ هاوكارییەكی هەرێمی كوردستانیان نەكردووە، لەكاتێكدا عیراق ئەركی ئەخلاقی و نیشتمانی لەسەرە بەشداربێت لە پاككردنەوەی ناوچەكانی كوردستان لە مین و تەقەمەنییەكان، چونكە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق هۆكاربوون لە دانانی ئەو ژمارە زۆرە لە مین و پاشماوەكانی جەنگ.
وتیشی: هەرێم بۆئەوەی سوود لە بەغدا وەربگرێت لە هەڵگرتنەوەی مین و پاككردنەوەی زەوییەكان، لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدراڵ، یاداشتێكمان ئیمزاكرد، بەگوێرەی ئەو یاداشتە داوامان كردووە لە رێگەی ئەو قەرزەی حكومەتی عیراق بۆ پاككردنەوەی ناوچە مینڕێژكراوەكان لە بەریتانیای وەرگرتووە پشكی هەرێم بدات، چونكە دانەوەی ئەو قەرزە لەسەر بودجەی سیادییەو لە پشكی هەرێمی  كوردستانیش دەبڕێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان