بە یادی چالاكییەكانی ناوشارەوە

شەهید ئاسۆی دەلاك، نموونەی بوێری و چاونەترسی

11:30 - 2024-09-09
ڕاپۆرت
239 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

كاتێك گوێمان لە ناوی ئاسۆی دەلاك دەبێت، بەبێ ویستی خۆمان خەیاڵمان دەڕوات بەلای ئەو رۆژگارەدا كە پێشمەرگە و رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نێو دەسەڵاتی دوژمندا، بەكرێگیراوان و دوژمنانی ئەم گەلەیان دەدایە بەر دەستڕێژی گوللەی تۆڵە و (سزای شۆڕشگێڕانە)یان بەسەردا دەسەپاندن، كاتێكیش گوێبیستی داستان و نەبەردییەكی ناوشار دەبین، دەستومەچەك و لولەی تفەنگەكەی ئاسۆی دەلاكمان دێتە بەرچاو، بوێری و چاونەترسیی ئەو شەهیدەمان دێتەوە خەیاڵ كە چۆن (ملازم موحسین)ی جەللادی بەگیرهێنابوو، ئەو ملازمە تاوانبارەی كە دەسەڵاتێكی رەهای درابوویە بۆ كوشتوبڕی خەڵكی سلێمانی و هێندە دەستكراوە بوو، لەسەر رەنگی گۆرەوی، یان تەنكە ریشێك چەندین گەنجی سلێمانیی بە دەماچەكەی دەستی خۆی شەهید كردووە، دەسەڵاتی هێندە زۆر بوو پارێزگار و بەڕێوەبەری ئەمنی شاریش حسابی تایبەتییان بۆ دەكرد، هەموو ئەو دەسەڵات و حساب بۆكردنە و بیستنەوەی ناوی خۆی لە تاوانكارییدا، وای لە ملازمەكەی بەعس كردبوو ئاستی تاوانكاریی و دەستدرێژییەكانی بۆ سەر خەڵكی سلێمانی بەرەو سەربەرێت و چێژ لەو كوشتارە ببینێت كە دەیكرد.
بەڵام شەهید ئاسۆی دەلاك كارێكی وای پێكردبوو نەیدەوێرا بەبێ كاروانی ئۆتۆمبێل و دەستەی پاسەوانی بڕواتە دەرەوە، تووشی فۆبیای كردبوو، فۆبیا لە ئاسۆی دەلاك و لە پێشمەرگەی ناوشار.
ئاسۆی دەلاك چەند جارێك رێگەی پێگرتووە و تەقەی لێكردووە، تەنانەت جارێكیش برینداری كردووە، بەڵام ئیتر ژیان دەرفەتی زیاتری پێداوە و ماوەتەوە.
چیرۆكی ناو چایخانەكە، ئەوەی كە شەهید ئاسۆ وەك جەنگێكی دەروونی پارەی (چا)ی بۆ ملازم موحسین دابوو، زانراو و بەربڵاوە، ئەوە كەسایەتییە فووتێكراوەكەی ملازم موحسینی خستە ژێر پرسیارەوە و تێكیشكاند.
هەموو ئەمانە وای لە ملازم موحسین و دەزگاكانی رژێمی بەعس كرد پیلانی ورد بۆ لەناوبردنی ئاسۆی دەلاك دابنێن، بڕگەیەكی پیلانەكە ئەوەبوو بڕی 30 هەزار دیناری ئەوكاتە تەرخانكرا بۆ سیخوڕ و بەكرێگیراوەكانیان بۆ لەداوخستن یان شەهیدكردنی، سەرئەنجام بەهۆی ناپاكیی كەسێكەوە، ئاسۆی دەلاك دەستگیر و شوێن بزركرا.

 ژیاننامەكەی 
شەهید حەسیب عومەر سابیر ناسراو بە ئاسۆی دەلاك، لە دایكبووی ساڵی 1957ی گەڕەكی دەرگەزێن-ی سلێمانییە، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی (گەبە)ی سنووری شارۆچكەی پیرەمەگروونە، بەڵام باپیری بەگەنجی چۆتە شاری سلێمانی.
تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندووە، دواتر پیشەی سەرتاشی كردووە و لەوەوە نازناوی دەلاك-ی وەرگرتووە.
ساڵی 1975 لەڕێگەی شەهید جەمالەڕەشەوە پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی دواتر كە ناوی دێتەوە بۆ سەربازی، ناچێت و لە بری ئەوە دەبێت بە پۆلیس و لەكۆتایی ئەوساڵەشدا دەبێت بە پێشمەرگە.
ساڵی 1977 لە ناو سلێمانی دەستگیركراوە، بەڵام بەهۆی لێبوردنی گشتییەوە دوای  40 رۆژ ئازاد كراوە.
چەندینجار لەناوشاردا لەگەڵ ملازم موحسین رووبەرووی یەكتری بوونەتەوە، ئازایانە جەنگی دەروونی و شەڕی سەرجادەی لەگەڵ ئەو تاوانبارە و هێزی ئەمن كردووە.
رۆژی 6/9/1979 لەكاتی بەنهێنی چوونەوەی بۆ ناو شاری سلێمانی بۆ ئەنجامدانی چالاكییەك، ناپاكی لێكرا و لە بۆسەیەكی تۆكمەدا دەستگیركرا.
مولازم موحسین خۆی سەرپەرشتی ئەشكەنجەدانەكەی كردووە و ئەوەی زانراویشە هەر لەژێر ئەشكەنجەدا شەهیدكراوە، تا ئێشتاش تەرم و گۆڕی شوێن بزرە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان