ئالان محەمەد جەزا
زوڵم و زۆریی دوژمن وایكردبوو خەڵك خۆیان هەوڵیان دەدا پەیوەندی بە رێكخستنەوە بكەن و بەشداربن لە خەباتدا، هەڤاڵانی رێكخستنیش دەگەڕان بۆ ئەو گەنجانەی كە وێڵن بەدوای كوردایەتیدا، سەرەتا وەك دۆست وەردەگیران و دواتر دەخرانە ناو هەڵقەی رۆشنبیرییەوە، كۆبوونەوەی دوو كەسی لەگەڵ رێكدەخرا و فێردەكرا رێكخستن چیە و نابێت لە لای ئەندامانی خێزانەكەی و لای هاوڕێكانی باسی رێكخستن و نهێنییەكان بكات تا لە هەواڵدەرەكانی رژێم پارێزراو بێت.
ئیدی بە پلەكانی رێكخراوەییدا دەڕۆیشت و ئەویش هەوڵی دەدا هاوڕێ و كەسانی دڵسۆز بهێنێتە ریزی رێكخستنەوە.
لە كۆبوونەوەكانیشدا بەناو یەكتریان نەدەناسی و بە وشەیەك یان ژمارەیەك بۆكەسێك كارەكان بەڕێوە دەچوون، وشەی (هـ) بۆ شانە و شانەی سەرەكی دادەنرا، وەك (هێمن، هەڵۆ، هەڵوێست) یان شانەی ژمارە (1،2،3) هەر یەك لەمانە ناوی یەكتریان نەدەزانی، واتا تا ژمارە یەك دەیوت من ناوم هێمنە و (2) دەیوت هەڵۆ و ...هتد.
بۆیە دەرفەتی ئاشكرابوون كەم بوو، زۆریان ماڵی یەكتریشیان نەدەزانی، بۆیە هەر بزانرایە كە ئەندامێك دەستگیركراوە، ژمارە (2 و 3) ئاگادارییان دەنارد بۆ سەروو خۆیان و تێكڕا لە خۆپارێزییەكی وردادەبوون و تا ماوەیەك لە شوێنی مانەوەی خۆیان دووردەكەوتنەوە تا ئەوكاتەی هەواڵ دەگەیشت كە ئەو هەڤاڵەی دەستگیركراوە خۆڕاگربووە و نهێنیی نە دركاندووە، ئەوسا بارودۆخ ئاسایی دەبۆوە.
زۆربەی ئەندامانی رێكخستن هەر لە هەڵقە رۆشنبیرییەكانەوە فێری خۆڕاگری دەكران و فێری چۆنێتی پاراستنی نهێنییەكان دەكران، بۆیە كە دەستگیریش دەكران و ئەشكەنجە دەدران، قاچ و دەست و پەنجەیان دەشكاندن، وشەیەكیان لەدەم نەدەهاتە دەرەوە و دروشمی (كەم ژیان و كەڵ ژیان)یان كردبووە رێبازی خەباتیان.
هەبۆیە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ لەماوەیەكی كەمدا گەشەی كرد و بووە جێی شانازی و خۆشەویستی تاك بە تاكی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بە زوویی لە ناو خەڵكدا دەنگیدەدایەوە كە قارەمانانە سەركەوتن لەدوای سەركەوتن تۆماریان دەكرد و دوژمنیان توشی شۆك كردبوو.
سەبارەت بەخۆشم، ساڵی 1979 پەیوەندیم كرد بە رێكخستنەوە و لێپرسراوی كەرتێكی رێكخستن بووم، لەگەڵ هەڤاڵان هاوكاریی هاتنە ناوەوەی هێزی پێشمەرگەمان كردووە بۆ ناو شارەكان، دەمانشاردنەوە و لە شەوانی دواتردا چالاكییەكانیان ئەنجام دەدا.
زۆرجاریش لەگەڵ شەهید عوسمانی عومەر تەها وەك رێكخستن چالاكیمان دەكرد، ئۆتۆمبێلی بەعسمان سووتاندووە و چەكیشمان دەستكەوتووە.
ساڵی 1984 بووم بە پێشمەرگە، دواتر وەك مامۆستای شۆڕش لە گوندەكاندا وانەم وتۆتەوە، سەرەتا لە كەرتی رێكخستنی بازیان وەك كادر دەستەبەكار بووم، جارێكیش بە بۆردومانی فڕۆكە برینداربووم.