بەنداوی باسەڕە، ستراتیژی و فەرامۆشکراو

10:38 - 2024-09-10
ڕاپۆرت
341 جار خوێندراوەتەوە

کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد

 

 دەربەندی باسەڕە، دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای شاری سلێمانی و باشووری قەزای بازیان، لەنێوان شاخەکانی بازیان و سەگرمە هەڵکەوتووە، سنووری باکووری قەزای بازیان و قەرەداغ و باشووری قەزای چەمچەماڵە، چەمی باسەڕە بەنێو ئەم دەربەندەدا تێدەپەڕێت کە لە یەکگرتنی هەردوو چەمی بازیان و دێلێژە دروست بووە، لە وەرزی داباریندا دەبێتە چەمێکی گەورە و لەکۆندا پێی وتراوە رووباری باسەڕە، لەبەر زۆریی ئاوەکەی، بەڵام لە وەرزی بێ بارانیدا ئاوەکەی تەواو کەم دەکات و دەبێتە جۆگەلەیەکی بچووك.
   بە مەبەستی سوود وەرگرتن لەو ئاوەی بەم دەربەندەدا تێدەپەڕێت و بەفیڕۆ نەچوونی، لە ناوەڕاستی ساڵی 2000 دا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بیر لە دروستکردنی بەنداوێك لەم دەربەندەدا کرایەوە، کە مەبەستی سەرەکی بۆ خزمەتکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و زیادکردنی توانای گەشتوگوزاری ناوچەکە بوو، پاش توێژینەوەی زۆر و دانانی نەخشەی گونجاو بڕیار لە دروستکردنی بەنداوی باسەڕە درا.
دروستکردنی بەنداوەکە یەکێك بوو لە پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداو و کۆگاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە (21/8/2013) بەردی بناغەی دانرا و کارکردن تیایدا دەستیپێکرد، لەلایەن هەرسێ کۆمپانیای ئێرانی(بام راە، ئومراب، هردم)، نزیکەی پێنج ساڵ دانرا بۆ تەواوکردنی.
بەنداوی باسەڕە بە یەکێك لە بەنداوە گەورە و گرنگەکان دادەنرێت، چونکە لە جۆری بەنداوە بەردەڵانییەکانە و توانای گلدانەوەی (60 ملیۆن) مەترسێجا ئاوی هەیە، بەرزیی بەنداوەکە 46,5 مەترە، پشت بە ئاوی چەم و کانیاوەکانی ناوچەکە و باران دەبەستێت.
ئەم بەنداوە لە چەندین رووەوە سوودی هەیە، کۆکردنەوەی ئاو و بەکارهێنانی لە وەرزە کەم بارانەکاندا، دەتوانرێت کێشەی ئاوی چەندین ناوچە چارەسەر بکات، وەك: هەردوو قەزای بازیان و قەرەداغ، بۆ مەبەستی بە دەستهێنانی وزەی کارەبا، دەتوانرێت بڕێکی باش کارەبا بەرهەم بهێنێت، بۆ برەودان بە لایەنی گەشتوگوزار لە ناوچەکە و رەخساندنی سەدان هەلی کار، پەرەپێدانی سامانی ماسی، هەروەها بۆ ئاوداشتنی بڕێکی زۆر لە زەوی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی بەروبوومە جۆربەجۆرەکان، بەتایبەت بۆ دەشتی فراوان و بەپیتی گەرمیان زۆر بەسوودە و هۆکارێکە بۆ بوژاندنەوەی.
بوژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی لە هەرچوارلای بەنداوەکە لە سوودە بەرچاوەکانییەتی، بە دروستکردنی ئەم بەنداوە ئاوی ژێرزەوی لە هەرسێ قەزای بازیان، قەرەداغ و چەمچەماڵ بەرز دەبێتەوە و هۆکارێکە بۆ بوژاندنەوەی کانیاوەکان و بیرە دەستکردەکان.
   بەبیانوی دروستبوونی قەیرانی دارایی، تا ساڵی (2020) واتا پاش حەوت ساڵ لە کارکردن تیایدا تەنها (2 %)ی پرۆژەکە تەواوکرا، لە (29/8/2021)ەوە بە تەواوی کارکردن لە پرۆژەکە وەستا، ئێستا هیچ باسوخواسێك لەلایەن حکومەتەوە دەربارەی بەنداوی باسەڕە نییە و پرۆژەکە فەرامۆشکراوە.
   بەهۆی گرنگی ئەم بەنداوە کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە، پێویستە لەسەر لایەنی بەرپرس دووبارە دەستبکەنەوە بە کارکردن تیایدا، بەتایبەتی کە ئێستا باری دارایی باشترە، یاخود بخرێتە سەر پرۆژەکانی حکومەتی عیراق وەك پرۆژەیەکی نیشتمانی بۆ پاراستنی سامانی ئاو، هەروەك ئەو چوار بەنداوەی خراونەتە ناو پرۆژەکانی بودجەی گشتیی ساڵی (2025)ی عیراق و لە سنووری هەرێمی کوردستاندان.

•بۆ بەدەستهێنانی بەشێك لە زانیارییەکان سوود وەرگیراوە لە ئەرشیفی رۆژنامەی کوردستانی نوێ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان