شوان کەریم کابان
یەک رۆژ پاش رزگارکردنی کەرکوک لە راپەرینی 1991 دا، لەناو شاری سلێمانی، تەلەفزیۆنێک کە ترانپۆزەرێکی یەک کیلۆیی بوو، کاک عەباس عبدولرەزاق « عەباسی ڤیدیۆ» لە ماڵێک بە نارەسمی خستییە کار بۆ تاقیکردنەوەو وێنەی چالاکییەکانی پێشمەرگەی لەگەڵ سروددا پێشان دەدا و ئەم پەخشە تا شەوی 27/3/1991 بەردەوام بوو دواتر راگیرا. مانگی 7ی 1991 سەرۆک مامجەلال کە ھەمیشە سەرپەرشتیار و چاودێر و ھاوکاری راگەیاندن بوو، لە سەردانێکدا بۆ بارەگای راگەیاندن و رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە گەڵاڵە، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکدا، کتوپڕ ھەواڵی جیهازی ترازپۆزەرەکەی پرسی کە ھێنابومانە گەڵاڵە، کاک ئازاد چالاک وتی: مامە، کاک عەباس ھات و بردی، مام وتی: خێرا بروسکەیەکی بۆ بکەن و پێی بڵێن بێهێنێت بۆلای من لەشەقڵاوە.
لەو ماوەیەدا لە درێژەی پیاهەڵبژانەکانی پێشمەرگە و رێکخستنەکانی یەکێتیی لەگەڵ ھێزەکانی رژێم لەناو شاری سلێمانی، هەڤاڵانی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی هەواڵیان پێگەیشتبوو کە رژێم ئامێرەکانی پەخشی تەلەفزیۆنی ئەزمڕی لە کۆگایەکی شارەوانی سلێمانی شاردۆتەوە. بۆیە شەوێک چەند هەڤاڵێک دەچن و ئامێرەکان دەگوازنەوە شوێنێکی نهێنی و دەبنە موڵکی یەکێتی. رۆژی یانزەی ئەیلولی 1991 لە یادی سی ساڵەی شۆڕشی ئەیلولدا، سەرۆک مام جەلال لە مەلعەبەکەی سلێمانی لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری گەورەدا بەو بۆنەیەوە وتارێکی پێشکەش کرد و بە ھیمەتی کاک خەباتی مامە عەزە و کاک عەباس و چەند تەکنیککارێکی تر، وتارەکەی مام لە رێی ئامێرێکی پەخشی دە کیلۆ واتییەوە پەخش کرا و مژدەی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بە جەماوەری کوردستان درا و دەیان هەزار کەس لە ماڵەکانی خۆیاندا وتارەکەی سەرۆک مامجەلالیان بینی. پاش ئەو رۆژە سەردەمێکی نوێ لە مێژوی میدیا و رۆژنامەگەری کوردییدا ھاتە کایەوە و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە یەکەم تەلەفزیۆنی کوردی لە کوردستانی ئازاددا و بووە داھێنانێکی تری یەکێتیی و چووە نێو نامیلکەی داھێنانەکانی ترییەوە. تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بە ھیمەتی ژمارەیەک تەکنیککار و نووسەر و ھونەرمەند و راگەیاندنکارەکانی شاخ، بە توانایەکی کەم و بە رۆحییەتێکی پێشمەرگانە کەوتە کار و لە ماوەیەکی کورتدا، جێی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا کردەوەو هەر لەوکاتەوە بووە خوێندنگایەک بۆ پێگەیاندنی دەیان کادیری بوارە جیاجیاکانی میدیا.
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بە چەندین قۆناغدا تێپەڕی، لە هەموو قۆناغەکاندا بەھیمەتی هەموو ئەوانەی کاریان تێداکردووە، سەرفراز و سەربەرز بووە. بەداخەوە لە خیانەتی سی و یەکی ئابدا، بەشێکی زۆر لە ئامێر و ئەرشیفەکەی فەوتان. تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان لەسەر بڕیار و بەڵێنی سەرۆک مامجەلال لە رۆژی1/6/2006 بووە سەتەلایت و هەر جەنابیشیان پەخشی سەتەلایتەکەی داگیرساند. ئەم تەلەفزیۆنە لە دامەزراندنییەوە تاکو ئێستا، دەنگ و رەنگی خەڵک بووە، بڵندگۆی ئازادیی و ئاشتی بووە، جێی هەموو رەنگ و جیاوازییەکانی تێدابۆتەوە و بەراستی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بووە هەر لە زاخۆ وە تا مەندەلی. دەیان بەرنامەی جۆراوجۆری پێشکەش کردووەو گوزارشتی لە حەز و ئارەزووی هەموو تەمەنەکان و هەموو جۆرەکانی خەڵک کردووە. شاشەیەکی حەق بێژ و چاونەترس و راست گۆبووە. بەسەربەرزییەوە بە تەلەفزیۆنی پێشمەرگە ناسراوە. بەدڵنییاییەوە بێ کەموکورتیش نەبووە و هەردەمیش هەوڵ دراوە دەرس و عیبرەت لە هەڵەکان وەربگیرێ بۆ پێشکەشکردنی باشتر و چاکتر.
پێویستە ئەو راستییەش بڵێین، کە راگەیاندنی یەکێتیی، لە چەندین شار و شارۆچکە تەلەفزیۆنی هەبووە لە بادینان لە زاخۆ و دھۆک، لە شاری هەولێر، لە کەرکوک، کۆیە، رانیە، کەلار و خانەقین. لە یادی سی و سێ ساڵی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستاندا، ئەرکە سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی سەرۆک مامجەلال و هەموو ئەوانەی لەو تەلەفزیۆنە لە بوارە جیاجیاکانیدا کاریان کردووە و ئۆغر و کۆچیان کردووە کە دواییشیان مام سالح بوو. هەمیشە ئەم یادە بەرز و پیرۆز بێت.