عەباس عەبدولرەزاق «عەباسی ڤیدیۆ»
وەک پێویست کارەکانمان پێشنەدەکەوت نەمانتوانی گەشە بە بەرنامەکانمان بدەین، ئامێری پەخشەکان لە شاخی دوو برای پشتی قەیوان دامەزرا و زۆر شوێنەکەمان سەخت بوو، بۆ گەیاندنی کاسێتی بەرنامەکان، جاری وا هەبوو بەفر زۆر دەباری، کارمەندەکان بە پیادە زۆر بە نارەحەتی سەردەکەوتن تا دەگەیشتنە شوێنی خۆیان. لەوکاتەشدا هەڤاڵ مام جلال نیازی سەفەری هەبوو بۆ دەرەوەی وڵات.
لە سکرتاریەتەوە ئاگاداریان کردینەوە کە سەردانی قەڵاچوالان بکەم، لە ماڵی مام یەکترمان بینی، پێشتر لەگەڵ دادە هێرۆ دانیشتین، دواتر چومە خزمەتی مام، بەگشتی باسی تەلەفزیونمان کرد، ئاراس ساڵح بۆ کەلەربارەکەی پێشەکی تەلەفزیۆن دروست کرد بوو.
دواتر قسە هاتە سەر ئارم و ناوی تەلەفزیون، ئایا وەک رادیۆ بیکەینە گەلی کوردستان یان بە PUK TV بێت لەسەر ئەویش قسەمان کرد، برادەران پێیان وابوو دەبێت بۆ بەرەی کوردستانی بێت. مام فەرمووی نەخێر، ئەوەی پێت دەڵێم بە ناوی یەکێتیی دەبێت، تەلەفزیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت.
دواتر جەنابیان سەفەری کرد، بیرۆکەکەمان باسکرد بۆ شێوەکارەکان بۆئەوەی دیزاینێک لە شێوەی بورجێک لە ناوەڕاستیدا PUK TV نووسرا بوو، لە خوارەوە قاعدیەکی بۆ کرابوو بە نووسینی کوردی نوسرا بوو
(تەلەفزیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) سەری بورجەکە ئەستێرەیەکی سوور هێمای شەهیدانی دەگەیاند، کاک ناسر تۆفیق کێشابووی، منیش پێمباشبوو.
ئارمی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، لە 31/12/1991 لە قەڵاچوالان دابەزێنرا، ئیتر ئەو ئارمە بوو بە ئارمی کردنەوەی تەلەفزیۆن
وەلێ دەربارەی ئارمی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، ئەوە کاری منە و لە 31/12/1991 لە قەڵاچوالان دابەزێنرا، ئەو شەوەی کە پێش دەنگوباس پێشکەشکردن، لەسەر مێزی مایکەکە، نانمان دەخوارد و جەمال غەمبار کەوچکەکەی لە تەنیشت مایکەکە دانا بوو، لە بیری چوو بوو لای بەرێت، لەکاتی وێنەگرتن من فریای کەوتم و لامبرد دەنا تووشی کێشە دەبووین.
دوای ئەوەی بڕیاردرا لە بیناکانی زانکۆی سلێمانی ستۆدیۆی دووی هەواڵ دروست بکرێت، بەندە ئەرکی سەرپەرشتی ستۆدیۆکەم گرتە ئەستۆ و کاک ناسر لە نامەیەکدا نووسیوەتی ئۆرجیناڵی ئەو ئارمەی تا ئێستا لە لای خۆی پاراستوەو وێنەیەکی بۆ ناردوم.
ئیتر ئەو ئارمە بوو بە ئارمی کردنەوەی تەلەفزیۆن، چەند رۆژیک بەردەوام بووین، ئەو کات کاک قادری حاجی عەلی سەرپەرشتیاری دەزگای راگەیاندن بوو، هەروەها لێپرسراوی بەرەی کوردستانی بوو. وادیار بوو لە ناو بەرەی کوردستانیدا داوایان کردووە کەناڵەکە ببێت بە کەناڵی بەرەی کوردستانی. هیچ نەبێت ئارمەکە وای لێبکرێت.
لە بارەگای بەرەی کوردستانی کاک قادرم بینی، پێی وتم: ئەو ئارمە بگۆڕن منیش پێم وت: مام جەلال پێش ئەوەی سەفەر بکات ئەوەی پێ وتم، با بگەڕێتەوە یان بروسکەی بۆ بکەین بزانین رازی دەبێت یان نا. وتی کاکە من خۆم قسەی لەگەڵدا دەکەم و لەسەر مەسئولیەتی خۆم، منیش ناچار بووم بیگۆڕم و بەم شێوەمان لێکرد PUK TV کەمان وەک خۆی هێشتەوە، لە شوێنی نووسینەکە (یەکێتی نیشتمانیی کوردستان) نووسیمان (تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان) بەو شێوەیە تێمانپەڕاند.کە مام جەلال گەڕایەوە یەکەم بینینمان زۆر لێمتوڕە بوو، فەرمووی بۆچی ئەو ئارمەت گۆڕیوە، دادە هێرۆ داکۆکی لێکردم و وتی: قوربەسەرە فشارێکی زۆری لە سەر بوو، چی بکات. لەوکاتەدا کاک قادر گەیشت و بە مام جەلالی وت: کاک عەباس نەیویستوە بیگۆڕێت، من داوام لێکردوە. بەمشێوەیە کۆتایی پێهات.