ساڵی 1918، دوای رووخانی ئیمپراتۆریهتی عوسمانی و دابەشبوونی میراتی ئیمپراتۆرییەتەکەی لە نێوان زلهێزەکانی ئەوکاتی جیهان، بەتایبەتی فەرەنسا و بەریتانیا لە خۆرههڵاتی ناوەڕاستدا، رۆژئاوای کوردستان و سوریا لەساڵی 1920دا کەوتە ژێر قەڵەمڕەویی فەرەنسییەکانەوە و بەهۆی ستراتیژی بوونی ناوچەی دێریک لە رۆژئاوای کوردستان کە ناوچەیەکی سنووریی گرنگی نێوان تورکیا و عیراق بووە و بووە خاڵی جیاکەرەوەی نێوان دەسەڵاتی ئینگلیز و فەرەنسا، بۆیە لە ساڵی 1929 سوپای فەرەنسا بڕیاریداوە بنکەیەکی سەربازیی گەورە لەسەر پارچە زەوییەکی گەورە لە نزیک کڵێسای کۆنی سریانەکانی دێریک دروست بکات کە ئەوکات لە زمانی عوسمانییەکاندا پێی وتراوە قشڵە.
ئەو سەربازگە (قشڵه)یە لەسەر رێگای نێوان دێریک و عەین دیوهرە و لە نزیک رووباری دیجلە و نزیک گوندی بۆرزا دروستكراوە، کە شوێنێکی ستراتیژیی گرنگ بووە بۆ ئەو سەردەمە.
قشڵهکە لەلایەن یەکەی ئەندازیاریی سوپای فەرەنساوە دیزاینی بۆ کراوە و دواتر لەو شوێنە بنیاتنراوه.
راستەوخۆ لەگەڵ پاریس لە پەیوەندیدا بووە
رووبهری قشڵهكه فراوان و گەورە بووه و لە چەند ژوورێک پێکهاتووە، وەک شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت بە ئەفسەران و سەربازانی سوپاکەیان. جگە لەوەش نەخۆشخانە و کۆگای خۆراک و زیندان و شوێنێکی تایبەتی بۆ کارگوزار، بەردەست، خزمەتکار، بەرگدروو، سەربازەکان تێدابووه.
لەناو قشڵهکەدا نووسینگەیەکی تەلەگرافیش هەبووە، کە هەمیشە لە رێگەیەوە بەرپرسانی سەربازگەکە پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ حکومەتی فەرەنسادا هەبووە لە پاریس.
شوێنەواری قشڵەکە تەنها تاوەرێکە
قشڵەکە تاوەرێکی چاودێریی هەبووە بە بەرزیی نزیکەی 15 مەتر کە لە بەردی ناوچەکە دروستکراوە. جگە لەوەش خزمەتگوزاریی رۆژانه لهناو قشڵهكهدا هەبووە، وەک بیرێکی ئاو و نزیکەی 100 خزمەتکار.
ئێستا لە پاشماوەی قشڵه فەرەنسییەکە، تەنها تاوەرەکە و بیری ئاو قادرمه و چەند شوێنهوارێکی کەمی ماوەتەوە و ئەوانی تر یان رووخێنراون، یان بەکاریگەریی کەشوهەوا و کۆنیی شوێنەوارەکە و نەبوونی کاری ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام رووخاوە و لهناوچووە.
دێرک و شنگال لە قەڵەمڕەویی فەرەنسادا بوون
لەوبارەیەشەوە كۆنێ رهش، مێژوونووسی دیاری رۆژئاوای كوردستان به رۆژنامەی كوردستانی نوێی راگهیاند: لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دروستكردنی قشڵه فەرەنسییەکەوە لەساڵی 1929، کورد و کریستیان و پەنابەرانی باکووری کوردستان و خەڵکی ناوچەکانی تری رۆژئاوای كوردستان بۆ پاراستنی ژیان و ئاسایشی خۆیان، روویان کردووەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزهكانی فەرەنسا و لەوێ نیشتەجێ بوون بەتایبەتی لە ناوچەکانی دەوروبەری قشڵهكه. جگە لەوەش چەندین بنەماڵەی دیاری کوردی ئهو ناوچەیە پەیوەندییەکی پتەو و بههێزیان لەگەڵ فەرەنسییەکاندا هەبووە، وەک بنەماڵەی حاجی عەبدولکەریم ئەفەندی خاوەنی گوندی عهین دیوهر و بنەماڵەی عەبدولغهنی.
هاوكات لە ساڵی 1929دا سوپای فهرهنسا دەستیکردووە بە دروستکردنی قشڵهكه و لە ساڵی 1930دا تهواوبووه.
هۆکارێک بووە بۆ دروستبوونی دێرک
وەک ئەو مێژوونووسە ئاماژەی پێ دەدات، قشڵهکە بۆخۆی هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی شارۆچکەی دێریک، ئەوەش لەدوای ئەوەی کە جەنگی یەکەمی جیهان تەواوبوو، خهڵكی ناوچەکانی دیکە بەرەو دەوروبەری سەربازگە و قشڵەی فەرەنسییەکان کۆچیان کردووە بۆ خۆپاراستن.
ئەگەرچی سەرەتا دوای پەیمانی سایکس پیکۆ لەساڵی 1916دا ناوچهی دێریک بوو بە بەشێک لە ویلایهتی موسڵ و ویلایەتەکە لە ژێردەسەڵاتی فەرەنسادا بووە، بەڵام دوای دۆزینەوەی نەوت ئینگلیزەکان پێداگرییان لەسەر وهرگرتنەوەی موسڵ کردووە، بەو هۆیەشەوە تا کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە و رێکەوتن لەسەری تا ماوەیەکیش بە شێوەی کاتی دهڤهری شنگال و دێریکی رۆژئاوای كوردستان هەر لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئینتیدابی فەرەنسیدا ماونەتهوە تا ساڵی 1928، بەڵام دواتر دێریک بووه بە بەشێک لە سوریا و لە ساڵی 1933دا کرایە ناحیه و دواتر کرا بە قەزا بهناوی (قهزای دیجلە).
قشڵهکە و کڵێسای سریانیی
گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی قهزای دێریک، قشڵهی فهرهنسی و کڵێسای کۆنی سریانیی - پردی بافت، کە بەپردی رۆمانی ناسراوە و دەکەوێتە سەر رووباری دیجلە لە گوندی عهین دیوهر و ئاشی حهمکۆ و ئەشکەوتی زهمبیل فرۆش لە بناری چیای قەرەچووغ لە خۆڕههڵاتی شاری دێریک.
ههروهها چەندین دێر و پهرستگەی کریستیانی کۆن لە ناوچەکەدا هەن. بهدرێژایی مێژوو، دێریک هەمیشە شارێکی پێكهوهژیانی ئایینی بووە، یەکەم کەس لەو گونده ژیاوه بە ناوی حەمکۆ بووه و له هۆزی ههسنان بووه. پاشتر بە دێریکی حەمکۆ ناسراوه.
ئەم لاپەڕەیە ئیبراهیم قامیشلۆیی ئامادەیکردووە