لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

لە میدیاکانی جیهانەوە

11:09 - 2024-09-22
جیهان
85 جار خوێندراوەتەوە

کێ لەپشت تەقینەوەکانی لوبنانەوە بوو؟

دوای تەقینەوەی پەیجەرەکانی هەفتەی رابردوو لە لوبنان، کە بووەهۆی  کوژرانی دەیان و برینداربوونی  زیاتر لە 3000 کەس، تائێستا بەتەواوی روون نەبووەتەوە کە ئاخۆ ئیسرائیل بەرپرسیارە یان نا؟ رۆژنامەی ژاپۆنی «ئاساهی شیمباو» بڵاویکردەوە: «ئەگەرێکی زۆرە کە دەزگای هەواڵگریی مۆساد پلانی هێرشەکانی دانابێت، ئیسرائیل لە رابردووشدا هەنگاوی هاوشێوەی ناوە، قوربانییەکانی تەقینەوەکانی ئەمجارە زۆر زۆرن، ئەمەش شێوازێکی تەواو نوێیە، بەدڵنییاییەوە کارەکە بە بڕیاری نەتانیاهو جێبەجێ کراوە، بۆیە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە و پێویستی بە لێپرسینەوەیە.

 

ئیسرائیل ساڵانێکی زۆرە ئەو پلانەی داناوە

/بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکاش بێت، ئیسرائیل كۆمپانیایه‌كی ساخته‌ی دروستکردنی پەیجەری دامه‌زراندووه‌ كه‌ وای وێناکردووە نێودەوڵەتییە و ئەدرەسێکی هەنگاریایی لەسەر داناوە، بەڵام لەڕاستیدا وەهمی بووە.
 تایمز نووسیوویەتی کە ئیسرائیل ساڵانێکی زۆرە خەریکی ئەو پلانەیە و سەرەنجامیش سەری گرت.
 رۆژنامەی دانگنس نیهاتەی سویدیش دەنووسێت، ئەو جەنگە هیچ بنەمایەکی مرۆڤایەتی و یاسایەکی تێدانییە، حەماس و حزبوڵڵا بە ئارەزووی خۆیان بۆمبارانی ئیسرائیل دەکەن بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە گیان و سەلامەتیی خەڵکی مەدەنی، هەمان شێوە ئیسرائیلیش بە هەمان ریتم وەڵامیان دەداتەوە و مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بکات.

تەکنەلۆژیا متمانەی لەدەستدا

 هەر لەسەر ئەم دۆسیەیەش، لە ماڵپەڕی گۆڤاری دێر شپیگڵی ئەڵمانی نووسراوە ئەو رووداوە شەڕی ئەلەکترۆنی تێکەڵاووە و پەیامێکی بۆ هەموو جیهان بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: «ئێمە لەناو سیستمی ژیانی ئێوەداین، ئێمە کۆنترۆڵی پەیوەندیی ناوەندی و سیستمی خوێن و دەمارەکانتان دەکەین، ئێمە ئەو متمانەیە ناهێڵین کە لەنێوان کۆمەڵگە و تەکنۆلۆژیاکاندا هەیە». هەروەها دەنووسێت: «شەڕی ئەلەکترۆنی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتی، چونکە تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنێت و لەوانەیە ئەوانەی کە لە شەڕەکان تێوەگلاون، بتوانن خۆیان بپارێزن، بەڵام خەڵکی بێ گوناهی تێدا دەبێتە قوربانی». 
رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلیشیش رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت و دەنووسێت: «ئایا لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەلەکترۆنییەدا لە کوشتنی خەڵک زیاتر ئیسرائیل چ سوودێکی بەدەستهینا؟ بەپێچەوانەوە دۆخی ئیسرائیل ئێستا لە هەموو کاتێک خراپتربووە و هەموو کات چاوەڕێی کاردانەوەی حەماس و حزبوڵڵا دەکەین». ئەو رۆژنامەیە لە تەلئەبیبەوە دەنووسێت شەڕی باکوور نزیکبووەتەوە و دەبێتە خویناویترین شەڕ لە مێژووی وڵاتەکەدا». 

 

روسیا دە ئەوەندەی جاران درۆنەکانی زیاد دەکات

ئاژانسی هەواڵی روسیا بلاویکردەوە «ڤلایمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا بڕیاریداوە لەپێناوی پاراستنی وڵاتەکەیان و سەرکەوتن بەسەر ئۆکرانیادا، هێزی سەربازیی ئاسمانی خۆی پتەوبکات و تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی بگەیەنێتە 1,4 ملیۆن، بەڵام هەنووکە 140 هەزاریان هەیە».
 هەر لەم رۆژانە پوتین بڕیاریدا 180 هەزار سەربازی دیکە بۆ سوپای وڵاتەکەی زیاد بکات و ژمارەیان بگەیەنێتە ملیۆن و  نیوێک، بەمەش لەدوای چینەوە دەبێتە دووەمین وڵات لە رووی ژمارەی سەربازەوە.


خۆرئاوا و ئۆکرانیا

 هەر سەبارەت بەو جەنگە و هاوکارییەکانی ئەوروپا و خۆرئاوا بۆ ئۆکرانیا، «ئورسولا فۆن دێر لاین» بە سەردانێک گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لەوێوە رایگەیاند: «یەکێتیی ئەوروپا تا سەرکەوتن پشت و پەنای ئۆکرانیا دەبێت و بڕی قەرزەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەگەیەنێتە 40 ملیار دۆلار.
جگەلەوەش لە چوارچێوەی (G7) وڵاتە پیشەسازییەکان هەوڵیانداوە 160 ملیۆن دۆلاری دیکە لە پارە بلۆککراوەکانی روسیا ببەخشن بە ئۆکرانیا بۆ سووتەمەنی بۆ ئەم زستانە.
 ئەڵمانیاش بڕیاریداوە 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا بکات بەمەبەستی دابینکردنی سووتەمەنی. بۆ وەرزی زستانی داهاتوو.

 

بورهان ئەمین ئامادەی دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان