گوشار لە ئەمریکا بکرێت لابردنی سزا ئابوورییە زۆرەملێکان لەدژی سوریا
رۆژنامەی (تشرین)ی چاپی دیمەشق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی سوریای بڵاوکردەوە کە تێیدا تەئکید لەوە کراوەتەوە بەرهەمی خۆماڵیی لە بوارەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵیدا گەشەیان پێبدرێتەوە و چالاکییە بازرگانییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پتەوتر بکرێن و کاربکرێت بەمەبەستی راکێشانی سەرمایەی بیانی و هانیان بدرێت بۆ وەبەرهێنان لە سوریا، ئەوەش لەڕێگەی کارئاسانی لە رێوشوێنەکانی پەیوەست بەو بوارانە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پەرلەمانی سوریا جەختی کردۆتەوە لەوەی پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی گوشار بخەنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەو رێوشوێنە ئابوورییە زۆرەملێ و تاکلایەنانەیەی بەسەر گەلی سوریایدا سەپاندووە کە شوێنەواری زۆر نێگەتیڤی لەسەر بژێویی هاووڵاتیان بەجێهێشتووە.
تۆپەکەی ئەبوزەندین خلدەبێتەوە و میلیشیاکانی ئەنقەرەش سەریان لێ دەشێوێت
رۆژنامەی (الوطن)ی چاپی دیمەشق رۆشنایی خستووەتە سەر گرفتی کردنەوەی رێڕەوی (ئەبو زەندین) لەشاری (ئەلباب)ی سەربە پارێزگای حەلەب. کە هەندێک لە میلیشیاکانی سەربە تورکیا رەتیدەکەنەوە ئەو رێڕەوە بکرێتەوە.
رۆژنامەکە تەئکید لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی تورکیا خۆی خاوەنی چارەسەر و گرێدانەوەی ناوچەکانی تورکیا و ئەو ناوچانەیە کە تورکیا لەناو سوریادا داگیری کردوون و تورکیا ئێستا هانی ئەو گروپە چەکدارانە دەدات بۆ ریگریی لە کردنەوەی رێڕەوەکە.
بەوتەی رۆژنامەکە کردنەوەی ئەو رێڕەوە هۆکاری بازرگانی و مرۆیی هەیە، بەڵام هەواڵگریی تورکیا لە کۆبوونەوەکانیدا لە فڕۆکەخانەی غازی عەنتاب لەگەڵ هەندێک لەو گروپە سیاسی و چەکدارانەی سەربە وڵاتەکەیدا، رایگەیاندووە کە تورکیا کردنەوەی رێڕەوەکە رەت دەکاتەوە.
لاڤرۆڤ: پێویستە قەیرانی سوریا بە رەچاوکردنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی کۆتایی پێبێت
رۆژنامەی (الثورة)ی زمانحاڵی حزبی بەعسی فەرمانڕەوای سوریا، پوختەی ناوەڕۆکی کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیی سێرگی لاڤرۆڤ-ی وەزیری دەرەوەی روسیای بڵاکردەوە کە تێیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە پەرە بە دیالۆگی ناوخۆیی سوریا بدرێت و رایگەیاندووە کە پێویستە پەیوەندییەکانی سوریا لەگەڵ چواردەورەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی کۆی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پتەوبێت.
لاڤرۆڤ خەختیشی کردووەتەوە لەسەر کۆتایی هێنان بە تەنگژەی چەند ساڵەی سوریا بەو جۆرەی کە سەروەریی و یەکێتیی خاکەکەی پارێزراوبێت و دامەزراوەکانی دەوڵەتەکە بتوانن کار بۆ بنبڕکردنی تیرۆریزم بکەن لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی ژمارە 2254دا.