شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە گەرمیان ستایشی رۆڵی جوامێرانەی پێشمەرگە دێرینەکان دەکات

09:23 - 2024-09-29
کوردستان
293 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان لە کەلار، ئامادەی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی هەڤاڵ عەلی شەهید محەمەد بوو، وەک سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکانی گەرمیان.

لەو رێوڕەسمەدا کە بەئامادەبوونی هەڤاڵ شێخ ئەحمەد حەمە کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەڤاڵان سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان و مامۆستا جەلال ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی لە رۆڵی جوامێرانەی پێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکانی کرد و رایگەیاند، دەستکەوتەکانی گەلەکەمان بەرهەمی خوێنی پاکی شەهیدان و رەنج و ماندووبوون و فیداکاریی پێشمەرگە دێرینەکانە، هەربۆیە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی تێکۆشانی ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵی کوردەواری لەبیرناکەن و هەق وایە حکومەتیش زیاتر و باشتر خزمەتیان بکات.

لێپرسراوی ئەنجومەن، تیشکی خستەسەر گرنگی و بایەخی یەکڕیزی گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و تەئکیدیکردەوە کە هەر کات کورد یەکڕیز بووبێت دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و دوژمنان نەیانتوانیووە زەفەرمان پێبهێنن، بەپێچەوانەشەوە کاتێک پەرتەوازە و ناکۆک بووبێتین لە بەرانبەر دوژمناندا بێ هێز و لەناو خۆشماندا نەمانتوانیووە بەباشی خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا، لێپرسراوی ئەنجومەن باسی لە بایەخی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردو ئەوەی بەبیر ئامادەبوان هێنایەوە کە جاران بە چەک داکۆکیمان لە مافی میللەتەکەمان دەکرد، بەڵام ئێستا لەڕێی خەباتی پەرلەمانی و دەنگەکانمانەوە دەتوانین کار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵک بکەین، بۆیە پێویستە تەواوی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و کەسوکارەکانیان بەشداریی کارا بکەن لە پرۆسەی دەنگداندا و دەنگ بە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن، چونکە سەرکەوتنی یەکێتی لەم پڕۆسەیەدا رێگریی دەکات لە جیاوازیکردن لە نێوان ناوچە جیاجیاکاندا، هەروەک زامنی ئەوەش دەکات هیچ یاسایەک بێ یەکێتی تێنەپەڕێندرێت، رێگریش دەبێت لە ئەنجامدانی رێکەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ وڵاتانی تر دژ بە گەلەکەمان.

هەر لەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە هەڤاڵان شێخ ئەحمەد حەمەکریم و سالار مەحمود و عەلی شەهید محەممەد وتەیان پێشکەشکرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان