سەڵاح جەلال
بەمژی كەسكونی جگەرەكەیەوە کۆکەیەکی جەرگبڕی كرد، بەفڵچەكەی ئەو تەڕییەی تێكەڵ بە بۆیاخەكە كردەوە کە لەناو دەمییەوە پژابووە سەر ئەو تابلۆیەی بەفڵچە رەنگاڵەی كردبوو. بەدەم كولاندنەوەی برینی سی و جگەر و قوڕگییەوە تۆنێكی پڕ لەئازاری دەركرد، بەدەم رەنگاڵەی فڵچەكەیەوە زمانی ئاماژەی كردەوە:
+ بێ هۆش و مەستم.
بەو بێ ئاگاییەوە لەخۆی وردبووەوە:
+ وەك هەموو گەڵایەكی بێ هۆشكەرم تێكەڵاو كردبێت، شوكران و حەشیشە و تلیاك و شوكە.
روانینی شەپۆلیان دەدا، وەك لە ئۆقیانوسێكی خەیاڵاویدا نوقم ببێت:
+ بۆچی بەم شێوەیە بێ هۆش بووم؟
بەو دوودڵییەوە دیمەنێكی تۆقێنەر گرتییەوە، وەك پلەی سەدی دوای سفر روانینی پۆشی، وەك خۆی لێ بووبێتە دڕندەیەكی رۆبۆتی:
+ هەست دەكەم شیرزۆفرینیای بیرەوەریی ناڕەوێتەوە، ناڕەوێتەوە؟!
خوێنەكەی بەو ماددە بێ هۆشكەرانەوە هەڵدەكفا. فەزایەكی وێنەیی سەهۆڵ بەندان زمانی گڕوگاڵی پێدەكردەوە، رۆمانی بیرچونەوەی مەرگەساتی چەند دەیەیەكی سەوز دەكردەوە. وێنەیەك گەردونی گرتەوە، قیژە و هاوار و نوزە و چرپە و كڕوزانەوە و ورتە دوا دالی وشەی مەرگی هەزارەهایان خستەوە بەرچاو، وەك ئەو كاتە بەتێكەڵاویی گێژەڵوكەی كەوچكی شۆفڵەكانەوە نیشان دەدرایەوە. هەزاران رۆح لەگەڵ خۆڵ باراندا یارییان دەكرد.
دوا مژی كەسكونی لەجگەرەكەی دایەوە، هەزاران وێنە وەك جاڵجاڵۆكە روانینیان تەنی. دوا نوزە بوو بە پانۆرامای تابلۆی مەرگەساتێكی نوێ. رەنگەكان جێگەی زمانیان گرتەوە، بێدەنگیی گەردونیان شكاند و بەو تابلۆیەوە مۆمیا بوون.
زەمەن بڕانێك، كەوتنە خوارەوەی بوون بۆ بوونێكی تر، تابلۆیەك ژیایەوە، خوێن و فرمێسكی بوونی هەڵگرتبو، رۆحی وێنەكانی فەزا لە هەسارەیەكی ترەوە هاتنەوە، تابلۆیەكی تریان لەواقیعدا دروست كردەوە، فڵچەكەی بەتابلۆكەدا هێنایەوە:
+ ئەوە موساكانی سەردەمن زیندوو دەبنەوە.
بەدوا فڵچەوە لەگەڵ رەنگی تابلۆكە تێكەڵاو بوو، گەردوون بوو بە وێنەیەكی ئەبستراكت، دەكوژایەوە سەوز دەبووەوە، فەزا بەو تابلۆیەوە بوو بە پەلكە زێڕینەی بوون.