23 هەزار ماڵ رووخاون

نەتەوە یەكگرتووەكان :لە لوبنان كارەساتێكی مرۆیی بەڕێوەیە

12:11 - 2024-10-06
ئابووری
231 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

بەرلەوەی ئیسرائیلیش هێرش بكاتە سەری، لوبنان لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بوو، حكومەت لە رووی ئابوورییەوە دەستەوستان بوو، رێژەی هەڵاوسان بەرز، بێكاریی بەرز و ئاستی نائومێدی بەرز و تەنانەت نانیش بە رێژەیەكی بەرچاو گران بوو، واتە كاتێك ئیسرائیل هێرشی كردە سەر باشووری لوبنان بۆ لێدانی حزبوڵڵا، لوبنان خۆی لە دۆخێكی ئابووریی وادا بوو، كە كەس خۆزگەی پێنەدەخواست، لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگیشدا زیانێكی گەورە بەر ژێرخانی ئەو وڵاتە كەوت و ئێستا دۆخەكە وای لێهاتووە، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینی روودانی كارەساتێكی مرۆیی زۆر گەورە دەكات لەو وڵاتەدا.

هەژاری دەگاتە ئاستێكی مەترسیدار
لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ خۆرئاوای ئاسیا، كە بە (ئیسكوا) ناسراوە، بە هاوكاری رێكخراوی یونسێف لە تازەترین لێكۆڵینەوەیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە لوبنان لەسەر لێواری هەرەس و كارەساتێكی مرۆیی گەورەیە. 
لێكۆڵینەوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، دۆخــــی ئابووریی لوبنان بەهۆی جەنگەوە بە رادەیەك خراپ بووە، كە لە هەندێك ناوچە رێژەی هەژاریی دەگاتە ئاستی مەترسیدار، بۆ نموونە لە پارێزگای نەبەتییە رێژەكە دەگاتە %94 و لە باشووری لوبنانیش دەگاتە %87، لەبەرئەوەی شەڕی ئەم دواییەی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل زیاتر لەو ناوچانە بووە و بەهۆی شەڕەكەشەوە تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە 23 هەزار ماڵ رووخاوە.

 

دۆخی ئابووریی لوبنان ساڵانێكە لە قەیراندایە، قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە، بەهای لیرەی لوبنانی زۆر دابەزیوە، هەژاری پەرەی سەندووە، ساڵی 2023 گەشەی ئابووریی لوبنان تەنیا %0.5 بووە، هەر لەو ساڵەدا هەڵاوسان گەیشتۆتە %221 و رێژەی بێكاریش گەیشتۆتە %36

 

 

ئاوارەبوون
رۆل دەشتی سكرتێری (ئیسكوا) لەو بارەیەوە رایگەیاند: جەنگ لەو ناوچانە، نەك هەر ژێرانی وڵاتەكەی خاپوور كردووە، بەڵكو پێكهاتەی كۆمەڵایەتیشی لەبەریەك هەڵوەشاندووە، ئێستا لەو ناوچانە ماڵ و خوێندنگە و شوێنە گشتییەكان وێران بوون و بەشێكی زۆریش لە خەڵكی ناوچەكە لە ترسی جەنگ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، بە واتایەكی دیكە، ناوچەكە سەرمایەیەكی زۆر مرۆیی لەدەست دەدات و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی ناوچەكەش گورزێكی كاریگەری بەردەكەوێت.
هەر بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، كەرتە ئابوورییەكانی ئەو ناوچانە زیانی زۆریان بەركەوتووە و بە تەنیا كەرتی گەشتیاریی، كە رۆژگارێك شادەماری ئابووری لوبنان بوو، تا ئێستا سێ ملیار دۆلار زیانی پێگەیشتووە، كەرتی كشتوكاڵی ناوچەكەش بە تەواوی وێران بووە و ئەوەش بەو واتایە دێت كە ئاسایشی خۆراكی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە و لوبنان بە گشتی دەكەوێتە مەترسییەوە.
وەزیری دارایی لوبنان لەبارەی دۆخی ئابووریی ئێستای لوبنانەوە وتی: كۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبی و یەكێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان جەتیان كردۆتەوە، كە بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی لوبنان و لە هەوڵیشدان رێگەچارەیەكی خێرا بۆ كۆتاییهێنان بەو ململانێیە بهێنن. وەزیری دارایی لوبنان جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، كە ئێستا لوبنان بەشی چوار مانگ خۆراكی هەیە. بانكی ئەوروپای تایبەت بە بنیاتنانەوە و گەشەپێدانیش هۆشدارییدا، كە ئەو دۆخەی ئێستای لوبنان دەبێتە هۆی قەیرانێكی دیكەی ئابووری لەو وڵاتەدا.
دۆخی ئابووریی لوبنان ساڵانێكە لە قەیراندایە، قەرزێكی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە، بەهای لیرەی لوبنانی زۆر دابەزیوە، هەژاری پەرەی سەندووە، ساڵی 2023 گەشەی ئابووریی لوبنان تەنیا %0.5 بووە، هەر لەو ساڵەدا هەڵاوسان گەیشتۆتە %221 و رێژەی بێكاریش گەیشتۆتە %36.

زیانەكانی بۆ وڵاتانی دەوروبەر
جەنگ لە لوبنان، سەرباری ئەوەی دەبێتە هۆی وێرانبوونی ئەو وڵاتە، زیان بە ئابووریی ناوچەكەش دەگەیەنێت، نەوار ئەلسەعدی پسپۆڕی ئابووریی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە رایگەیاند: جەنگی لوبنان كاریگەریی بۆ سەر ئابووریی عیراق و وڵاتانی ناوچەكەش دەبێت، چونكە هەر جەنگێك لەم ناوچەیەدا كاریگەریی بۆ سەر گواستنەوەی دەریایی نەوت و بازاڕی نەوت دەبێت، خۆ ئەگەر میلیشیاكانی عیراق لەو جەنگەوە بگلێن، ئەوا عیراق رووبەڕووی گوشاری ئەمریكا دەبێتەوە، بە تایبەتیش لە مەسەلەی مامەڵەكردن بە دۆلاردا، چونكە پێشتر دیومانە كە ئەمریكا كەمكردنەوەی نەختینەی دۆلاری وەك كارتی گوشار بەكارهێناوە.

سەرچاوە: سكای نیوز، بەغداد ئەلیەوم، CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان