محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکانی عیراق بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە، کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوى نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لەکۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی عیراق دەبێتەوە و هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەیان، بەتایبەت بەهۆی ئەو دۆخەی لەناوچەکە بەهۆی سوریاوە هاتووەتە ئاراوە، کراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی سودانی و مالیکی، هەردوولا جەختیانکردووەتەوە لە هەڵوێستی نەگۆڕى عیراق و پاڵپشتییان لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و رێزگرتن لە بژاردەی گەلەکەی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوولا رژدبوون لەسەر گرنگی جموجۆڵی نێودەوڵەتی و هەرێمیی بۆ وەستاندنی دووژمنکاریی بۆسەر غەززە و هەوڵەکان بۆ قوڵکردنەوەی سەقامگیریی لە لوبنان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.