نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە 150 دۆلار؟

10:34 - 2024-10-08
ئابووری
176 جار خوێندراوەتەوە
داخستنی گەرووی هورمز مەترسییە گەورەکەیە

ئەکرەم ئەمین

ئەگەر کەمبوونەوەیەی خواستی چین لەسەر نەوت بەردەوام بێت، ئەوا فشار لەسەر بازاڕ دروست ناکات و ئەو کات بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بەو رادەیە نابێت، ئەگەرنا نرخی نەوت زۆر بەرز دەبێتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە نرخی نەوت بە بەردەوامی بەرزدەبێتەوە، بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین و ئێران و سوریا و یەمەن و لوبنان و میلیشیاکانی عیراقەوە، بەڵام لە دوای دواین هێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل شەڕەکە جۆرێکی تر رەنگی گرتووە، بەوەی کە ئیسرائیل هەڕەشەی توند دەکات و یەکێک لە بژاردەکانیشی لێدانی بیرە نەوتییەکان و پاڵاوگە نەوتییەکانی ئێرانە، بەمەش جارێکی تر و خێرا نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە.
شیکەرەوەکانی ئابووری و پسپۆڕەکانی وزە و نەوت چوار پێشبینی دەکەن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت:
یەکەم: بەزبوونەوەیەکی کەمی نرخ، ئەم پێشبینییە چەند رۆژێکە لە ئارادایە و نرخی نەوت چەند دۆلارێک بەرزبۆتەوە.
دووەم: بەرزبوونەوەی مامناوەندی نرخی نەوت، پێشبینی ئەوە دەکرێت نرخی نەوت بگاتە 100 دۆلار لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و پەککەوتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئێراندا کە رۆژانە نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و دەفرۆشێت. بەم شێوەیە رێکخراوی ئۆپێک لە توانایدا نییە بە خێرایی قەرەبووی ئەو کورتهێنانە نەوتییە بکاتەوە، بۆیە بەخێرایی نرخەکەی بەرزدەبێتەوە بۆ نزیکەی سەد دۆلار.
سێیەم: بەرزبوونەوەی بەهێزی نرخەکە، ئەم پێشبینیە بەو شێوەیە سەرچاوە دەگرێت کە ئێران هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداو و زیان بە ژێرخانی ئەو وڵاتە عەرەبییانە بگەیەنێت، لەم کاتەدا نرخی نەوت بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزدەبێتەوە.
چوارەم: لەم پێشبینییەدا وا دەردەکەوێت کە نرخی نەوت بگاتە زیاتر لە 150 دۆلار، ئەمەش کاتێک روودەدات کە ئێران گەرووی هورمز دابخات و رێگریی لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بکات، کە رۆژانە %20ی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
تاکە شتێک کە وابکات نرخەکان کەم بەرز بێتەوە و دۆخەکە هێور بکاتەوە، دابەزینی گەشەی ئابووریی چینە کە دووەم گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە دوای ئەمریکا و ئێستاش خواستی کڕینی نەوتی کەمبۆتەوە، ئەگەر ئەو کەمبوونەوەیەی خواست لەسەر نەوت بەردەوام بێت، ئەوا فشار لەسەر بازاڕ دروست ناکات و ئەو کات بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بەو رادەیە نابێت، ئەگەر ئەوەش روو نەدات ئەوا پێشبینییەکان هەموویان رووە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان