سەلام سەعید
بێدەنگیم زۆرشت لە بۆتەی
هاودەنگیی وەڵامەکاندا جێدەهێڵێت.
ئەم هەموو بێ موبالاتیەت لە چی؟
لێرە هەموو هەواڵەکان پڕن لە هێما،
لە بێدەنگیم و دوانەفەسی جگەرەکەت
دنیایەك وەڵام پڕئەکەم لە دووکەڵ
بۆ کوێ بچم ئەبیتە رابردووم
بە شوێنمەوەیت.
شیرینترین ئامڕازی گرێبەستی
سەر دێڕی هەموو باسێکی تازەم بووی.
رۆژانە ئەم جەستە ماندووەم
بەکێش ئەکرد و
سێبەری سنەوبەری پارکەکەم
ئەکردە ژووان .
زەنگێکی هێمنم
لەگەڵ نسێی وێستگەکەمدا بۆ ئەناردی.
هەموو وەڵامەکان بۆنی
ماندوبوونی تۆیان لێ ئەهات.
ئەم هەموو وەڵامانە چی لێ ئەکەیت؟
ئەم بەستە نامۆیانە بۆ ئەنێریی؟
ئەزانی هەموو ئێوارەیەك
وێنەیەکی بوومەلێڵی ئێوارانم بۆ ئەناردی
لەهەناوی سووتانی من ئەچوو .
قەت نەتتوانی، تەنیاییم تاوتوێ بکەیت.
هەموو رۆژێ ئەو شەقامە جەنجاڵە
ئەبووە هاوڕێم .
من لەدوو توێی شووشەی ماشێنەکەمەوە
بێ لەتۆ کەسم نەئەدی.
کەی بیر لە من ئەکەیتەوە؟
کەی لەچیرۆکەکانی ژیانم ئەگەی
کەی ..؟؟
پێدەچێت جەستەم لەسەر کۆتەی
تاوتوێی وەڵامەکانتا توێ توێ بکەیت.
لەبێئاگایم تێناگەی
نە چرایەك بۆ ئایندە هەڵئەکەیت و
نە ئەشتوانی سووتانم پڕکەیت لە خەندە.
دەستەکانت پڕ گوڵ بکە،
بمکە نێو دێڕی قاقایەکت
باچیتر ون نەبم،
کە تۆ لە هەناومای..
ئیدی..کەی تێم ئەگەی؟