بەیان ئیبراھیم
دوعا دەکەم، یەکەم دڵۆپە باران
سەرەتای مانیفێستی شیعرێک بێت
لە رەنگی ئاو
لە شکاندنی تینوێتی کانیی قەسیدەیەک.
دوعا دەکەم
یەکەم گەڵا کە درەختی بەجێهێشت،
ببێت بە بەرگی ئاڵتونیی دڵم
پڕ بێت لە بۆنی ئەو ژنانەی
پرچیان دەبووە هۆنراوە و
گەردنیان بە هاوڕێی خەنجەر.
دەپاڕێمەوە لە خودا
نەهێڵێت بۆنی رێحانە
لە کەلاوەی رۆحم ببڕێ،
نەهێڵێت گلێنەم پڕ بێت لە خوێن
بەدیار وشەیەکی نەخۆشەوە.
دوعا دەکەم
ئاشنا ببمەوە بەو دوعایانەی
دوای تەواو بوونی نوێژ،
دایکم بۆی دەکردم و باوکم دەیگوت ئامین.
دوعا دەکەم
پەنجەکانم ببنە دار مێوێک
پڕ بێت لە حیکایەتی
چوونەوە سەر شەرابی عەشق،
دوعام بۆ بکەن
رۆژی دوایی، لەگەڵ وشە حەشر بکرێم.
لەگەڵ شیعر دوا ماڵئاوایی بکەم.