ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
ولیام هارتۆن نووسەر و رەخنەگر و خاوەنی كتێبی (قازانجی زیاتر، ئاسایشی كەمتر)، لە تازەترین وتاریدا سەبارەت بە كۆمپانیاكانی تایبەت بە دروستكردنی چەك و تەقەمەنی دەڵێ: دیمەنێكی دڵتەزێنە، بەڵام پێی راهاتووین، خەڵكێكی زۆر بە چەكی كۆمپانیاكانی ئەمریكا دەكوژرێن و بەهای پشكی كۆمپانیاكانی وەك (رایسیۆن) و (لوكهید مارتن)یش بەرز دەبێتەوە.
ئەو رەخنەگرە دەڵێ: ئەگەر لە بەرپرسانی ئەو كۆمپانیایانە پرسیار بكرێت، هەستیان چییە بەرامبەر ئەو بارودۆدۆخە، كە خەڵكێكی زۆر بە چەكی بەرهەمهێنراوی ئەوان دەكوژرێن، ئەوان زۆربەی كات بێدەنگیی هەڵدەبژێرن و ئەگەر وەڵامیشیان هەبێت، باس لەوە دەكەن كڕیارانی ئەو چەكەی دەیفرۆشن، بۆ بەرگریكردن لە خۆیان بەكاری دەهێنن، ئەم وەڵامەش هەمان قسەكەی جۆ بایدنە و دووبارەی دەكەنەوە، لە راستیدا ئەوان وا رەفتار دەكەن وەك ئەوەی كوژرانی 40 هەزار كەس و ئاوارەبوونی چەندین ملیۆنی دیكەش كە بەشێكی زۆریان پەیوەندییان بە حەماسەوە نییە، بریتییە لە بەرگریكردن لە خود.
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەك، كاتێك چەك بە لایەنێكی دیاریكراو دەفرۆشن، وردبینی و بەدواداچوون ناكەن بۆ ئەوەی بزانن ئەو لایەنە لە بەكارهێنانی ئەو چەكانەدا مافی مرۆڤ پێشێل دەكات یان نا
دەكرێ بە قازانج رازیبین و چاوپۆشی لە كۆمەڵكوژی بكەین؟
ولیام هارتۆنی نووسەر باس لەوە دەكات، لە كاتێكدا كە دادگای نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەكردووە، جەنگی ئیسرائیل لە غەززە دەكرێ بە كۆمەڵكوژی ئەژمار بكرێت، ئایا لە رووی ئەخلاقییەوە دەكرێ بە قازانج رازیبین و چاوپۆشی لە كۆمەڵكوژی بكەین، یان كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی چەك دەبێ بەرپرسیاریی شێوازی بەكارهێنانی بەرهەمەكانیان هەڵگرن؟
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە دەڵێ: زۆر لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەك، كاتێك چەك بە وڵاتێك یان لایەنێكی دیاریكراو دەفرۆشن، وردبینی و بەدواداچوون ناكەن بۆ ئەوەی بزانن ئەو لایەنە چۆن ئەو چەكانە بەكار دەهێنن و لە بەكارهێنانی ئەو چەكانەدا مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن یان نا، كاتێكش رێكخراوەكە پرسیاری لێكردوون 14 كۆمپانیا لەوانە هەر ئامادە نەبووە وەڵامیش بداتەوە، هەندێكیشیان دەڵێن، ئەوان بە رەزامەندیی حكومەت چەكەكانیان دەفرۆشن.
كەواتە بەرپرسیاریی كۆتاییهێنان بە كۆمەڵكوژی و سوودوەرگرتن لە جەنگ بۆ كەڵەكەكردنی قازانج لە ئەستۆی هەموومانە، لەو خوێندكارانەوە كە هاوار دەكەن، چیتر چەك بۆ ئیسرائیل مەنێرن، تا ئەندامانی ئەو سەندیكایانەی داوا دەكەن خەڵكی پشت بەو هەلی كارانە نەبەستن كە لە پیشەسازیی چەكدا فەراهەم دەكرێت، تا دەگات بە هەر هاووڵاتییەكی ئەمریكی، كە خوازیاری سیاسەتێكی دەرەوەیە بۆ وڵاتەكەی، كە ئامانجی مسۆگەركردنی ئاسایش بێت، نەك زۆرترین قازانجی بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی چەك.
سەرچاوە: نون پۆست