ریشەی رق

چۆن داشۆرین و سووکایەتیپێکردن لە سۆشیال میدیا بوو بە کەلتور؟

11:38 - 2024-10-17
کەلتور
152 جار خوێندراوەتەوە

د. عومەر عەلی* 



کەلتوری رق زریانێکە چاوی ئاشتی کوێر دەکات، هۆکارێکە بۆ لەناوبردنی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە. لە ئێستادا خەڵک بەیانییان بە رق دەموچاویان دەشۆن و نیوەڕۆیان بە رق قژیان شانە دەکەن و ئێواران نان و رق دەرخواردی منداڵەکانیان دەدەن. هەمووان شاهیدی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی و بڵاوبوونەوەی ترسناکی رق و دەرکەوتەکانی دوژمنایەتی و کینەین. جگە لەوانەش دەبینین لە ژیانی رۆژانە و بە تایبەت لە سۆشیال میدیادا فەرهەنگی سووکایەتیکردن لە کوردستان بۆتە ئینسایکلۆپیدیایەکی زەبەلاح، کە بابەتی هەمەچەشنی تێدایە، بە تەنها بە سووکایەتیکردن و داشۆرینی بەرانبەرەوە راناوەستێ، بەڵکو زۆرجار شۆڕ دەبیتەوە بۆ ئایین و گروپی تایەفی و کۆمەڵایەتی.

میکرۆبی رق و کینە
رق لەخۆیدا کینەیەکی زۆرە بەرانبەر بە کەسێک، بوونێک، یان گروپێکی کۆمەڵایەتی، جیاوازە لە هەستە کورتخایەنەکانی وەک توڕەیی و بێزاری، بەو پێیەی رق پاڵ بە خاوەنەکەیەوە دەنێت بۆ ئەوەی دوژمنایەتی لە دڵدا بپارێزێت و ئارەزووی تۆڵەسەندنەوە زیندوو رابگرێت. هەروەها کاتێک بەدوای ریشەی بنەڕەتی توندوتیژیدا دەگەڕێین، راستەوخۆ میکرۆبی رق و کینە دەدۆزینەوە، کە بزوێنەری سەرەکی توندوتیژیی رەمزی و ماددییە. 
بەشکی زۆری ئەو جنێوانەی لە دنیای مەجازیدا دەدرێن، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیرەیی بردن و پەیبردن بە کەمتوانایی خود، هاوکات روانگەی رق و کینە کاتێک دروست دەبێت کە تاک هەست بکات توانای سنوورداری هەیە و ناتوانێت ئەو سەرکەوتنە بەدەست بهێنێت کە تاکی بەرانبەر بەدەستی هێناوە. هەروەکو شەمسی تەبریزی دەڵێت: (مرۆڤەکان ئارەزوو دەكەن لە نرخی ئه‌و شتانه‌ كەم بكەنەوە کە لە دەرەوەی توانای تێگەیشتن و دەرککردنی ئەواندایه). تەماشا بکە مرۆڤە بە تواناکان زیاتر دەدرێنە بەر توانج و سووکایەتیپێکردن و ناوزڕاندن. هەڵبەتە ژینگەی یاسایی و سیاسییەکەش لەبارە بۆ دروستبوونی ئەم دۆخە و بەرپرسە لە دروستبوونی ئەو فەوزایە و گۆڕینی سووکایەتی و جنێودان بۆ کەلتورێکی رۆژانە.

رق لەدڵ گرتن کوفرە
راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە رق و کینە پەیوەستن بە سروشتی مرۆڤەوە، چونکە لەهەر جێگەیەک مرۆڤی لێ بژی ئەم دیاردەیە هەیە، هەرچەندە بەشێک لە بیریارەکان لەو باوەڕدان زیاتر بابەتێکی وەرگیراوە و مرۆڤ فێری دەبێت، بە تایبەت رق و کینە لە دایک و باوکەوە وەردەگیرێت، یان لە کۆمەڵگە و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە وەریدەگرێت. کەواتە سروشتی ئەو ژینگەیەی کە تاک تێیدا گەورە دەبێت و تێیدا دەژی، کاریگەریی لەسەر کەسییەتی و شێوازی بیرکردنەوە و تێڕوانینی هەیە بەرانبەر بە شتەکان و مرۆڤەکان، بەڵام ئەمە هێشتا پاساوی ئەوە نەبوو کاتێک (مەولانا جەلالەدینی رۆمی) پڕ بە گەروی هاواری دەکرد و دەیوت: (لە تەریقەتی ئێمەدا، رق لەدڵ گرتن کوفرە). کەچی کینە و دوژمنایەتی هەندێک لە قوتابییەکانی شەمسی تەبرێزییان ناچار کرد دووبارە بڕوات و دیار نەمێنێت، تاوەکو کار گەیشت بە کوشتنی.

بەشکی زۆری ئەو جنێوانەی لە دنیای مەجازیدا دەدرێن، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئیرەیی بردن و پەیبردن بە کەمتوانایی خود

ژیان نییە
مەرج نییە مرۆڤ گەر بە زیندوویی مایەوە ئیتر ئەوە بە مانای ژیان بێت، بە تایبەت گەر ژیانێک داماڵرابێت لەهەرچی جوانی و ئیستاتیکا و بەهاو رێز و خۆشەویستی و هەڵوێست و ئاشتی. لەم بارەوە ئۆشۆ دەڵێت: (بۆ زیندووبوون نان و پەنیر و ماڵێک بەسە، بەڵام هیچ گەورەیی و شکۆیەک بوونی نابێت). گەر ژیانێک بەدەر بێت لە ئاکارە جوانەکان و لە رەوشتبەرزی و زمانپاکی ژیان نییە. ئەوەتا فرۆیدیش پێی وایە کە مرۆڤ بوونەوەرێکە توندوتیژیی و شەڕانگێزیی و رق و کینە لەناخیدا هەیە، گرفتەکە لەوەدایە ئەگەر کەسەکە خاوەنی هێزی ئەخلاقی نەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی خود و سنووردارکردنی شەڕانگێزییەکەی، ئەوا  ئەم (دوژمنایەتییە سەرەتاییە هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە لە کۆمەڵگا و شارستانییەت دەکات).

نەخۆشییەکی ناوەکی
زۆر جار رق بەهۆی کاریگەریی (کەشی گشتی) (parambiance) و لە ئەنجامی ئەوەی کە دەروونناسانی حەشد پێی دەڵێن (پەتای کۆمەڵ) بڵاودەبێتەوە، کە بەهۆیەوە خەڵک رادەکێشرێت بۆ ناو رەوتە فراوانەکانی هاندان بە بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە تا چەندە لەگەڵ راستییەکان دەگونجێت، بەڵام هەندێکجار بابەتێکی کەسییە لەو بارەوە  (Pierre Janet) فەیلەسوف و سایکۆلۆژیستی فەرەنسی لەو باوەڕەدایە کە رق و کینە بابەتێکی تاکەکەسییە و بەهۆی ژینگەی دەروونی کەسەکەوە دروست دەبێت، ئەو  بە نەخۆشییەکی ناوەکی دەیناسێنێ، بە گەڕانەوە بۆ رابردوو رووداوەکانی ئێستا روونی دەکاتەوە و پێیوایە رق دیلی وەسوەسەی بەردەوامی هەبوونی دوژمنە. کێشەکە ئەوەیە لە ویستی لابردنی کەسێک کە بە دوژمنی دەزانێت ناوەستێت، بەڵکو پێداگری دەکات لەسەر دوورخستنەوەی لە بوون، لەم روانگەیەوە رق مەیلێکە بەرەو لەناوچوون و بەرەو هیچبوون، هەموو جۆرە رق و کینەیەکیش بیرۆکەی مردن لەخۆدەگرێت.

ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەگوزەرێت
رۆژانە ئێمە گوێمان لەم وتانە دەبێت: (سووکی دەکەم، دەیشکێنم، هەتکی دەکەم، ریسوای دەکەم، وێرانی دەکەم، لەناوی دەبەم)، ئەوەی لە سۆشیال میدیا دەگوزەرێت گوتارێکی رقاوی و داشۆرین و ریسواکردنی ئەوانی دیکەیە بەو مانایەی کە بیشکێنە تاوەکو سەر دەرنەهنێت. بۆ نموونە من چەندینجار لەو پەیجانەدا پۆستم بینیوە لەسەر کەسایەتییەک کراوە و لێی نووسراوە هادەی (تفبارانی بکەن)، دوای ئەوەی هەزارەها شتی ناشریینیان بۆ نووسیوە، ئینجا پەیجەکەی داوای لێبوردنی لەو کەسە کردووە گوایە هەڵەییان کردووە و ئەو کەسە نییە. گرفتەکە ئەو خەڵکە کۆمێنت نووسەیە بە بێ ئەوەی بزانێ بابەتەکە چییە، یەکسەر بەناوی دادپەروەرییەوە پەلاماری کەسییەتی خەڵکی دیکە دەدات. لەم بارەوە رێبەری کۆچکردوو (نیلسۆن ماندێلا) بۆ ئەو گەلانەی کە شایەتحاڵی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاریی سیاسی بوون لە رژێمەکانیاندا، هۆشدارییدا کە (چەسپاندنی دادپەروەریی زۆر قورسترە لە رووخاندنی زوڵم).

*توێژەر و مامۆستای زانکۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان